دەكرێت پەیامی قوتابخانە باس لە ئەركی ڕۆژانەی قوتابییان بكات

دەكرێت پەیامی قوتابخانە باس لە ئەركی ڕۆژانەی قوتابییان بكات

بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ئیش و كارەكانیان و ناساندنی هاوڕێی ڕەخنەگر، كە لە ئێستادا سەرپەرشتیاران بوونەتە هاوڕێی ڕەخنەگر لە قوتابخانەكان.
زاری كرمانجی دیمانەێكی تایبەتی لە گەڵ یەكێك لە هاوڕێ‌ ڕەخنەگرەكانی پەروەردەی رواندز سازكردوە، حەیدەر فەقێ‌ رەسوڵ وەك سەرپەرشتیارو هاوڕێی ڕەخنەگر دەڵێت " سیستەمەكە وا دەخوازێ كە پێمان بڵێن هاوڕێی ڕەخنەگر و بەو ناوە بناسرێین،بەڵام خودی كارەكە ڕەخنەگرتن نییە،هاوكاری و كاركردنە لە گەڵ ستافی كارگیری قوتابخانەكان بۆ بونیات نانی قوتابخانەیەكی هاوچەرخ ومۆدێرن.
دیمانە: محەممەد مەحموود
*هاوڕێی ڕەخنەگر كێیە؟
-ئەگەر بێت و پێناسەیەك بۆهاوڕێی ڕەخنەگر بكەین دەتوانین بڵێن، هاوڕێی ڕەخنەگر كەسێكە بۆ چوونێكی دەرەكی بابەتی و راستگۆیانە بەشێوەیەكی بنیاتنەر و پشتیوانی كار دەخاتە ڕوو.
*نەدەكرا ناوێكی شیاوتر هەڵبژێرن لەبری هاوڕێی ڕەخنەگر؟
- سیستەمەكە وادەخوازێ كە ئەو ناوەبێت،بەڵام خودی كارەكە ڕەخنەگرتن نییە،بەڵكو هاوكاری و كاركردنە لە گەڵ ستافی كارگیری قوتابخانە بۆ بونیات نانی قوتابخانەیەكی هاوچەرخ و مۆدێرن،گرنگ ناوەكە نییە،ئەوەی گرنگە شێوازی گەیاندن و ڕاپەراندنی كارەكان و هاوكاریكردنی سەرپەشتیارە كە بەچ شێوازێك دەستەبەری دەكات.
*كاری هاوڕێی ڕەخنەگر چییە؟
- مەبەست لە ڕۆڵی سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگر بریتییە لە بەهێزكردن و باشتر كردنی جۆری ئەدای قوتابخانە وەك دامەزراوە،لە ڕێگەی پشتگیری كردنی پەرەپێدان لە چوار چێوەی قوتابخانە و توانای بۆ باشتركردنی ئەداكەی،هەروەها یارمەتی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر دەدات بۆ پەرەپێدانی توانا بۆ دابین كردنی سەركردایەتییەكی كارا لەهەمان كاتدا یارمەتی دەرێكی بنیاتنەرە بۆ باشتركردنی قوتابخانە نەك دۆزەرەوەی هەڵەكان.
*هاوڕێی ڕەخنەگر چەند قوتابخانەی بۆ دیاریكراوە تاوەكو كاریان لە گەڵ بكات؟
- هاوڕێی ڕەخنەگر بەپێی زۆری قوتابخانەكان قوتابخانەی بەسەر دابەش دەكرێ لە پەروەردە بۆ پەروەردەیەكی تر دەگۆرێ،بۆ نموونە هەیە چوار قوتابخانەی بۆ دیاریكراوە هەشیانە پێنج قوتابخانەی بەركەوتووە،وەك گووتم ژمارەی قوتابخانەكان كە بۆ هاوڕێی ڕەخنەگر داندراوە بە پێی ژمارەی قوتابخانەكانە لە سنووری پەروەردەكان لە رووی زۆری و كەمیەوە،هاوڕێی ڕەخنەگر دەبێت بە لایەنی كەم لە هەر مانگێك دوو جار یان سێ جار سەردانی هەر یەك لەو قوتابخانانە بكات كە كاریان لە گەڵ دەكات هەر سەردانێكش بە لای كەمی ڕۆژێكی تەواو دەخایەنێت.
لە ئێستادا ئەركی سەرپەرشتیاران گرانتربوو؟
-ئەرك هەر ئەركە و ئاسایییە هەر كەسەو بەكاری خۆی ئەوەش كاری ئێمەیە بۆ پرۆسەی پەروەردەو و فێركردن،ئێمەهەمیشە لە هەوڵداین بەردەوامیش دەبین بۆ خزمەتی پرۆسەی پەروەردەو فێركردن.
ئەم شێوەزە وادەكات پەیوەندێكی بەهێزتر لە نێوان قوتابخانەو پەروەردەو خێزان درووست ببێت؟
-بەڵێ ئەو سیستەمە ئەگەر وەك خۆی جێبەجێ بكرێ وەدەبێت جێ‌ بەجێش بكرێت لە رێگەی لیژنەی كوالێتی و پەرەپێدان كە لەقوتابخانەكان درووستكراوە،دەبێ پەرە بە پەیوەندیەكانی نێوان دایبابان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بدرێ كە هەماهەنگیەێكی تەواو لە نێوان قوتابخانە و دایبابان درووست ببێ لە كاتی ئەنجام دانی چالاكی ئەو لایەنانە بەشداریان پێ بكرێ،ڕاپرسی بە دایبابان بكرێ تاهەست بكەن كە قوتابخانە بایەخ بەو پەیوەندیە دەدات پرس و ڕایان بە هەند وەربگیرێ ئەمە بۆخۆی نزیك بوونەوە دروست دەكات.
*چەند جۆری هەڵسەنگاند هەیە؟
یەكەم:هەڵسەنگاندنی دەرەكی قوتابخانە:بریتییە لە پرۆسەی بڕیاردان لە بارەی ئەوەی تا چەند قوتابخانە ئەدایەكی باشی هەیە و تا چەند قوتابییەكان توانادار دەكات بۆ فێربوون،پرۆسەیەكی دەستنیشانكردنە بۆ توانا داركردنی هەڵسەنگێنەر بۆ دیاریكردنی لایەنە باشەكانی قوتابخانە و لە كوێدا ئەدایەكی باشی هەیە؟ ئایە پێویستە پەرە بە چی بدرێت؟هەڵسەنگاندنی دەرەكی لە لایەن كەسانی دەرەوەی قوتابخانەكەوە ئەنجام دەدرێت كە دەتوانن بە شێوەیەكی سەربەخۆ و بابەتیانە بڕیار لە سەر ئەدای قوتابخانەكە بدەن. هەڵسەنگاندی دەرەكی هەڵسەنگاندی یەك لاكەرەوەیە كە هەڵسەنگاندن بۆ وردو درشتی قوتابخانە دەكات پشت بە بەڵگە دەبەستێت لە گەڵ ڕاپرسی گشتی بە دوا داچوون بۆ كارەكانی كارگێری قوتابخانە دەكات. دواتر لیژنەی كوالێتی پەرەپێدان بەراوردی خود هەڵسەنگاندەكانی خۆیان لەگەڵ هەڵسەنگاندی دەرەكی دەكات خاڵە بەهێزووخاڵەلاوازەكان دیاردەكەن وكاری لەسەردەكەن.
لە لایەكی تریشەوە خود هەڵسەنگاندن كە لە سەر 25 ستاندار كە قوتابخانە كردوویەتی و لە گەڵ لیژنەی هەڵسەنگاندی دەرەكی بە دوا داچوون بۆ گشت ستاندارەكان دەكات بەپێی بەڵگەكان و كارەكان.
وەك باسمكرد هەڵسەنگاندنی دەرەكی بەوردی دەكرێ بەپێی سیستەم و ستاندارەكان فۆڕمەكان پڕدەكرێنەوە ڕاپرسی و گفتوگۆ لە گەڵ مامۆستایان و قوتابییان و دایبایان دەكرێ دواتر قوتابخانە دوای ئەو هەڵسەنگاندە بە دوا داچوون دەكاتەوە بەهاوكاری هاوڕێی ڕەخنەگر بۆباشتر كردنی ئەداو كوالێتی لە خاڵە بێهێزەكان.
*مەبەست لە دیدو پەیام چییە بۆقوتابخانەكان؟
دیدی قوتابخانە بریتییە: لەو خواستەی كە قوتابخانە هەیەتی و خۆی چۆن ببینێتەوە لە داهاتوودا، ئەو كەسانەی كە قوتابخانە خزمەتیان پێشكەش دەكات چۆن بن لە داهاتوودا؟بۆیە دەتوانین بڵێین دید بریتییە لە وێنەیەكی ڕوون و ئاشكرا بۆ داهاتوو وە هانی كارمەندان و كەسانی پەیوەندیدار بە قوتابخانەوە دەدات كە بە شێوەیەكی باش و گەشبینانە بڕواننە داهاتوو.
دەكرێت دید لۆگۆی بۆ ئامادەبكرێت كە گوازرشت بكات لە دیدی قوتابخانەكەو بەكار بهێنرێت وەك پێناسەیەكی قوتابخانە،لە وەڵامی ئەم پرسیارانە دید دروست دەبێت كە پرسیارەكانیش ئەمانەن، خەون و ئاواتەكانمان چین؟گۆڕانكاری لە كێ و لەچیدا دەكەین؟ ئێستا لە كوێین؟ لە داهاتوودا دەمانەوێ بگەینە كوێ؟
*پەیام چییە؟
-پەیام بریتییە لە ڕستەیەك یان زیاتر كە قوتابخانە ئاراستەی ئێستای خۆی و پێناسەی هۆكاری بوونی خۆی دەكات و بەر پرسیارێتی و پابەند بوونی خۆی دیاری دەكات،واتە قوتابخانە چی دەكات؟ بۆچی ئەو كارە دەكات؟دەكرێت پەیامی قوتابخانە باس لە ئەركی ڕۆژانەی قوتابییان بكات یان باس لە بەها بونیاتنەرەكانی قوتابخانە یان هەر بەرپرسیارێتیەك كە هەیانە بەرامبەر بە كۆمەڵگە،دەتوانین لە وەڵامی ئەم پرسیارانە دا پەیام دابڕێژین،ئێمە كێین؟ چی دەكەین ؟ئەو ئامانجە چییە كە هەوڵی بۆ دەدەین؟ چۆن دەیكەین؟
* بۆ دەبێت هەر قوتابخانەیەو لۆگۆ و دید و پەیامی تایبەت بەخۆی هەبێت؟
- بۆ ئەوەی قوتابخانە وێنەیەكی روون و ئاشكرای بۆ داهاتوو هەبێ وەهانی كارمەندان و كەسانی پەیوەندیدار بە قوتابخانەوە بدات كە بە شێوەیەكی باش و گەشبینانە بڕواننە داهاتوو.
دەبێ دید پەیامی بۆ ئامادەبكرێت كە گوازرشت بكات لە دیدی قوتابخانەكە و بەكار بهێنرێت وەك پێناسەیەكی قوتابخانە،لۆگۆ ڕەنگدانەوەی دید و پەیامە و بۆ ناساندی خودی قوتابخانەیە دید و پەیامیش هەموویان هەر یەك شتن لە بنەڕەت دا هەر دید و پەیامێك كەدەی بینی یەك ئامانجە ئەویش بەرزكردنەوەی ئەداو شێوازی بایەخدان و بەرەوپَش بردنی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردنە،ئاراستەكردنی قوتابییانە بۆ سەر بەخۆ فێربوون و دروست كردنی تاكێكی زانست خواز و وشیار.
هەر قوتابخانەیەك بەپێی هەڵكەوتەی خۆی دەبێ دید وپەیامێكی هەبێ بەڵام چۆن دەستەی كارگێری سەرنج دەداتە ئەولایەنانە كە پێویستە لە قوتابخانە گرنگیان پێ بدرێت دوای شرۆڤەكردن بڕیار لە وەدەگەن چی پێویستە بكرێت ئەوجا دیدو پەیامێك گەڵاڵە دەكەن كە دەبێت روون وئاشكرابێت و رەنگدانەوەی پێوەرە نیودەوڵەتیەكان بێت ڕەهەندی خۆجێی هەبێت و گوزارشت لە بەرز كردنەوەی ئاست و ئەدای قەتابخانە و قوتابییان بكات و زۆرینەی كۆمەڵگەی قوتابخانە لە داڕشتی دید و پەیامەكە بەشداربن.
ئەگەر قوتابخانەكان نەیان توانی دیدو پەیامەكە بەباشی جێ بەجێ بكەن ئەو كات چی دەبێت؟
-ئەو دیدو پەیامە كە قوتابخانە دای ناوە لە لایەكەسێك بەتەنیا دانەنراوە هەموویان بەشداربوونە،پەیامیش بۆ مەودایەكی دوروو درێژ شڕۆڤەی بۆكراوە،ئاسایشە لە وانەیە لە هەندێ خاڵ نەتوانن وەك خۆی ئامانجەكان بیپێكن بەڵام دەبێ هەوڵو تێكۆشانیان بەردەوام بێ بەهاوكاری گشتی تا پەیامەكە بەباشی بگات.
هەندێ لایەنیش لەو خاڵانە كە بەباشی جێ بەجێ نەكرێ ئەوە دەبێتە گرفت كە رووبەروی قوتابخانە دەبێتەوە ئەویش دەبێ لە ئاستی بەرز هاوكای قوتابخانە بكرێ بۆ نەهێشتنی ئەو ئاستەنگانەی روو بەڕوی قوتابخانە دەبنەوە و بە هەوڵی هەموو لایەك دەبێ ئاستەنگ نەمێنن.
دیدو پەیام ستاندارێكە كە تەنها 4 خاڵی لەسەرە لە كۆی 25 ستاندار خۆی سەركەوتنی قوتابخانە لەئەداو كوالێت تەنها پەیوەست نییە بەدیدو پەیام وەك باسم كرد جێ بەجێكردنی كۆی ستاندارەكانە كەهەر ستاندارەو 4 خاڵی لەسەرە كۆی گشتی دەكاتە 100 خاڵ ئەویش بەسەر چوار ئاست دابەش كراوە (1-2-3-4).
*بەم شێوازەی كە ئێستا كاری لەسەردەكرێت قوتابخانەكان لەرووی پەروەردەو فێركردنەوە بەرەو پێش دەچن؟
-بەڵێ زۆریش وەك گووتم ئەگەر وەك خۆی هەموو لایەنێك ستاندارەكان پەیڕەوبكەن كە دەبێ پەیڕەویش بكرێن قوتابخانەكان لە هەموو روێكەوە گۆرانكاری بەسەر دادێ.چونكە هەموو كارەكتەرەكان و كارو چالاكیەكان دەبێت بەڵگەی لەسەر هەبێ كار لەسەر بەڵگەكان دەكرێت.
ئەگەر لە دوایی هەڵسەنگاندنەكان ئاستی قوتابخانەكان باش نەبوو یان لەو پلەیەی هەیانە داببەزن و سەرنەكەوتن سزایان بۆدێتەوە؟
-لە ئەنجامی هەڵسەنگاندی یەكەم جار تەنها بەرێوەبەر خولی بەهێزكردن دەبینێت،جاری دووەم ئەگەر هەر ئەنجامەكە نزم بوو ئەوكات سزا هەیە و بەپێچەوانەش لەم پرۆسەیە پاداشتیش هەیە.ئەوەشمان بیر نەچێ ئەو شێوازەی ئێستا گۆڕینی سیستەم نییە وەك هەندی كەس باسی دەكەن تەنها شێوازی ئەرك وشێوازی كاركردنی سەرپەرشتیار و دەستەی كارگێری قوتابخانە گۆڕاوە بۆ بەرەو پێش بردن و رێكخستن و بەهیزكردنی ئەداو كوالێت و بەرز كردنەوەی زیاتری ئاستی زانستی،هەڵسەنگاندنی تاكیش دەبێتە هەڵسەنگاندنێكی گشتی واتا رایكردن لەگەڵ قوتابخانە وەك دامەزراوەو و كرانەوەی بەرێوبەر و ستافی قوتابخانە تا زیاتر ڕۆڵی خۆیان ببینن.دەبێت هەموو قوتابخانەكان ئەم شێوازە جێ بەجێ بكەن بەبێ جیاوازی.
*ئەركی بەڕێوەبەرو كارگێری قوتابخانەكان گران نابێت؟
-ئەركی بەرێوەبەر گران دەبێ ئێمەش پێشنیارمان كردوە كە بەڕێوەبەر ببەخشرێ لەوانە گووتنەوە بەتایبەتی لەو قوتابخانانەی كە رێژەی قوتابییانی زۆرە.
هاوڕێی ڕەخنەگر بۆی هەیە چەندجار سەردانی قوتابخانە بكات؟
-هاوڕێی رەخنەگر بۆی هەیە 3جار سەردان بكات،ئەگەر پێویستیش بوو هاوڕێی رەخنەگر بەردەوام لەگەڵ بەرێوەبەر لەسەر خەت دەبێت بۆچارەسەركردنی هەر گرفتێك.

زۆرترین بینراو