دە ساڵە تەڵاق دراوە بەڵام لەگەڵ مێردەكەی دەژێت

دە ساڵە تەڵاق دراوە بەڵام لەگەڵ مێردەكەی دەژێت

رەمەزان هەرنی - زاری كرمانجی: كۆچەر، زیاتر لە دە ساڵە تەڵاق دراوە و بە درێژایی ئەو ماوەیەش لەگەڵ مێردەكەی دایە، ئەمەش حاڵەتێكی دەگمەنە لە كوردستان دەبیندرێت و لە رووی ئاینی و كۆمەڵایەتی و یاسایی ئەوە رێگە پێدراو نییە، كە دوای تەڵاقدان ژن و مێردێك لە ماڵێكدا پێكەوە بژین.
كۆچەر، تەمەن 36 ساڵە و ناوی خوازراویەتی، دانیشتووی شارێكی كوردستانە چیرۆكی خۆی بۆ زاری كرمانجی گێرایەوە و گووتی" سەڕەڕای ئەوەی هاوسەرەكەم زیاتر لە دە ساڵە تەڵاقی داوم، بەڵام لەگەڵ ئەو لە یەك خانوو دەژین، مێردەكەم بەردەوام وشەی تەڵاق لەسەر زمانییەتی، رۆژانە بەردەوام پێم دەڵێت : تەڵاقم داویت یا تەڵاقت دەدەم.".
كۆچەر گووتیشی: باوكی منداڵەكانم ناوی (ك) و لە دادگاش بە شێوەیەكی یاسایی مارە كراوم و هاوسەرگیریی لەگەڵ كردوومە، جاری وا هەیە بە زۆر سەرجێیم لەگەڵ دەكات و حەزی خۆی تێر دەكات و دەسەڵاتم نییە، ماڵی باوك و كەسوكاری هەر دوولاشمان بەم شێوە ژیانەمان دەزانن و كەسیان هەقیان نییە بەسەرمانەوە. من ژنی ماڵەوەم و هیچ سەرچاوەیەكی ژیان و بژێویم نییە و (ك) تەنیا كرێكاری دەكات و بژێوی ژیان دابین دەكات".
مامۆستا تاریق سەعدی وتار بێژ بە زاری كرمانجی گووت " لە ڕووی ئاینییەوە وشەی تەڵاق نابێت بە كار بهێندرێت، بەڵام گەر بە كار بێت دوو جار چاك دەكرێتەوە بۆ جاری سێهەم دەبێت جیا ببنەوە. ئەگەر ئەو دوو كەسە بیانەوێت هاوسەرگیری بكەنەوە دەبێت جیا ببنەوە، هەریەكەیان هاوسەرگیرییەكی دیكە بكەن و ماوەیەك پێكەوە بژین، پاشان دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ لای یەكتری و دیسان پێكەوە لە یەك ماڵ و لە ژێر یەك سەقفدا بژین".
پارێزەر خەلەف سەعید ، بۆ زاری كرمانجی گووتی " بە پێی یاسای ژمارە 188ی ساڵی 1959 لە یاسای باری كەسێتی پیاو بۆی هەیە (3) جار هاوسەرەكەی تەڵاق بدات، دووجار چاك دەكرێتەوە، بەڵام بۆ جاری سێهەم دەبێت جیا ببنەوە".
بارزان سلێمان، توێژەری كۆمەڵایەتییە بۆ زاری كرمانجی گووتی" ژنان بە ناچاری ئەم ژیانە هەڵدەبژێرن، بەتایبەت خۆشەویستیی دایك بۆ منداڵەكانی، هەروەها مەترسییەكان لە كاردانەوەكانی جیابوونەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق هۆكارێكن ژن ناچار دەكات ئەو ژیانە هەڵبژێرێت، بە دڵنیاییەوە بەو ژیانە رازی نییە، بەڵام بە هۆی منداڵەكانی و نەبوونی سێبەرێك بەسەریەوە و بۆ خۆ دوور خستنەوەی لە تانە و قسەلۆكی كۆمەڵگە بەم جۆرە ژیانە رازی دەبێت و بێ دەنگی هەڵدەبژێرێت، ئافرەتیش هەیە ئەمەی پێ قبوڵ ناكرێت و هەر زوو داوای جیابوونەوە دەكات".

 

زۆرترین بینراو