د. دیندار: لە شەڕی داعشدا 12 هەزار پێشمەرگە بریندار بوون.. (293)ـیان كەمئەندام بوونە‎

د. دیندار: لە شەڕی داعشدا 12 هەزار پێشمەرگە بریندار بوون.. (293)ـیان كەمئەندام بوونە‎

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێم لە نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، لە شەڕی داعشدا نزیكەی 12 هەزار پێشمەرگە بریندار بوون، لەوانە (293)ـیان كەمئەندام بوونە. دەشڵێ، حكوومەتی هەرێم زیاتر لە (1500) بەركەوتووی چەكی كیمیاویی ناردووەتە دەرەوە بۆ چارەسەركردن.

لە رۆژانی 10-11/9/2019 خولی بیست و دووەمی لیژنەی تایبەت بە مافەكانی كەمئەندامان (CRPD) لە ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە جنێڤ بەسترا، بە بەشداریی شاندێكی هەرێمی كوردستان گفتوگۆكانی راپۆرتی سەرەتایی عێراق تایبەت بە رێكەوتننامەی مافی كەمئەندامان.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان گوتی: بەشداریكردنی هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی وتاری هەرێم لە چوارچێوەی شاندی عێراق لە خولی بیست و دووەمی لیژنەی تایبەت بە مافەكانی كەمئەندامان (CRPD) لە ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر نەتەوەیەكگرتووەكان گرنگیی خۆی هەیە بۆ خستنەڕووی پابەندبوونەكانی حكوومەتی هەرێم كە هەنگاوی زۆری ئەنجام داوە لەو رووەوە ناوە وەك ئەو یاسا و رێنمایی و هەنگاوە كرداریانەی كە لە بواری پاراستن و خزمەتكردنی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و كەمئەندامان دەرچوون لەوانەش یاسای ژمارە (22ی ساڵی2011) یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت و ئەو رێنمایانەی تایبەت بەم چینەن.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەم گفتوگۆیانەدا تیشكی خستە سەر قوربانییەكانی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و گوتی: دوای هێرشەكانی داعش نزیكەی دوو هەزار پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون و بەهەزارانیان بریندار بوون و ئەندامێكی لەشیان لە دەست دا، كە هەندێكیان تووشی كەمئەندامیی تەواو بوون بەم شێوەیە:

-235 پێشمەرگە دەست یان قاچێكیان لە دەستدا.

-20 پێشمەرگە توانای بینینیان لە دەستدا.

-38 پێشمەرگە تووشی ئیفلیجی تەواو بوون و عارەبانە بەكاردەهێنن بۆ هاتوچۆ.

سەرەڕای نالەباریی دۆخی ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی توانای خۆی هاوكاری و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش كردووە لەلایەنی تەندروستی، مووچە وخانەنشینی هەروەها بەشێكی زۆریان نێردرانە دەرەوە بۆ چارەسەركردن.

لە بەشێكی دیكەی وتەكەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی بە قوربانیانی چەكی كیمیاویی كرد و رایگەیاند: كیمیابارانكردنی چەندین ناوچەی هەرێم لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە ساڵی 1988 هەزاران قوربانی و برینداری بەركەوتووی چەكی كیمیاوی دوای خۆی جێهێشت كە ژمارەیەكیان پێویستیان بە چارەسەری هەمیشەیی هەیە، بەپێی ئامارەكان حكوومەتی هەرێم، ژمارەی بەركەوتووانی چەكی كیمیاوی كە منحە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن دەگاتە (970) بریندار، هەروەها (8800) كەسی دیكەش داواكارییان پێشكەش كردووە بۆ تۆمار كردن وەك بەركەوتووانی چەكی كیمیاوی بۆ ئەم مەبەستەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو لیژنەی پێكهێناوە بۆ هەڵسەنگاندنی رێژەی كەمئەندامبوون و تۆماركردنیان، لەلایەكی دیكەوە حكوومەتی هەرێم لەسەر ئەركی خۆی تا ئیستا (35) وەجبەی بریندارانی چەكی كیمیاوییان ناردۆتە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەركردن كە هەر وەجبەیەكیان لە (30-45) بەركەوتوو پێكدێت.

دیندار زێباری دەربارەی ژمارەی كەمئەندامان و ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشكەشیان دەكرێن، گوتی: تا ساڵی 2018 ژمارەی ئەو كەمئەندامانەی كە لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمەوە تۆمار كراون و مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە گەیشتۆتە (95،916) كەس لە هەردوو رەگەز كە بەسەر چەندین جۆر دابەشكراوان بەپێی راپۆرتی پزیشكی لەوانە (جەستەیی، نابینا، ئۆتیزم، كەڕ و ڵاڵ، مەنگۆلی، ئیفلیجی مێشك، دواكەوتنی عەقڵی، كورتە باڵاكان، تالاسیمیا، شیزۆفرینیا، هیمۆفیلیا و شەكرەی منداڵان)، بۆ رێكخستنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوەیەكی وردی لیستی كەمئەندامانی كرد لەو رووەوە و نزیكەی (13،000) هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت كە مووچەكانیان راگیرا بوو، دووبارە بە بڕیارێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران موچەكانیان گەڕاوەتەوە، و چەندین رێنمایی تایبەت لەلایەن حكوومەتی هەرێم دەرچوون بۆ خزمەت كردنی كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت.

زێباری لە وتەكەیدا لە میانەی گفتوگۆكانی لیژنەی (CRPD) ئاماژەی بە حەواندنەوەی كەمئەندامان كرد لە خانەی داڵدەدان و ئەو رێكخراوانەی تایبەتن لەو بوارە گوتی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەندین خانەی تایبەتی بۆ كەمئەندامان دامەزراندووە بەپێی یاسای پاراستنی ماف و ئیمتیازاتی خاوەن پێداویستی تایبەت و كەمئەندامان بەم شێوەیە: (٤) خانە كە توانای داڵدەدانی (٥٠) كەسی هەیە و گشت خزمەتگوزارییەكانی بۆ دابینكراوە، (٣) خانەی تایبەت بە چاودێری كۆمەڵایەتی كە منداڵان لە تەمەنی یەك ساڵییەوە وەردەگرن، (١٨) سەنتەر و بنكەی فێربوونی كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت، (٧) سەنتەری مەشقی پیشەیی بۆ مەشق پێكردنی خاوەن پێداویستیی تایبەت، سەنتەری رۆشنە بۆ كۆمپیۆتەری تایبەت بە نابیستان.

لەلایەكی دیكەوە حكوومەتی هەرێم ئاسانكاریی زۆری بۆ رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیی تایبەت بە كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت و لەو رووەوە زیاتر لە (45) رێكخراو، سەنتەر، كۆمەڵە هەیە كە لەو بوارەدا كار دەكەن، هەروەها دامودەزگای حكوومی تایبەت بە كەمئەندامان دامەزراوە، لە بواری تەندروستیش (١٤) نەخۆشخانە و سەنتەر لە سلێمانی و (٥)نەخۆشخانە و سەنتەر لە هەولێر و (٥) نەخۆشخانە و سەنتەر لە دهۆك هەن كە خزمەتگوزارییەكان بەبێ جیاوازی پێشكەش بە كەمئەندامان دەكەن، هەروەها (١٢) سەنتەری پزیشیكی تایبەت بە كەمئەندامان لە هەرێم هەیە كە (٥٤٤) پسپۆری چارەسەری سروشتی و (٥٦) تەكنیككار تێیدا كار دەكەن.

لە كۆتایی وتەكەیدا رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم باسی لە قوربانیانی مین كرد لە هەرێمی كوردستان و گوتی: ئەو مینانەی لە سەردەمی جەنگی عێراق- ئێران لە هەرێمی كوردستان چێنراون ئاستەنگی زۆری بۆ گوندنشینان دروست كردووە و سەرەڕای هەڵمەتە بەردەوامەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ هەڵگرتنەوەیان، بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ـەوە تا ئێستا نزیكەی(١٠،٨١٥) كەس بوونەتە قوربانی مین لەوانە (٩٠) كەسیان لە بواری هەڵگرتنەوەی مین كار دەكەن، حكوومەتی هەرێم هاوكارییەكی مانگانەیان پێشكەش دەكات، هەروەها پرۆژە یاسایەكی تایبەت ئامادە كراوە تایبەتە بەو كەسانەی لە بواری میندا كار دەكەن و ئەندامێكی لەشیان لە دەست داوە كە ئیمتیازاتی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێت لە بواری (مووچە، چارەسەر، خوێندن و خانەنشینی).

شایەنی باسە دوێنێ 11/9/2019 لە نووسینگەی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان لە جنێڤ كۆتایی بە گفتوگۆكانی عێراق دێت لە میانی خولی بیست و دووەمی لیژنەی تایبەت بە مافەكانی كەمئەندامان (CRPD).

 

زۆرترین بینراو