د. كاوە ئازیزی : هەرێمی كوردستان بەردەوام خۆی لە رۆژئاوا كردۆتە خاوەن

د. كاوە ئازیزی : هەرێمی كوردستان بەردەوام خۆی لە رۆژئاوا كردۆتە خاوەن

 

دیدار- ڕائیب شێروانی

د. كاوە ئازیزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" توركیا بە هاوكاریی 20 هەزار سەربازی سووریای ئازاد دەستی بە هێری زەمینی و ئاسمانی كردووە، خەڵكی سێ شاری گەورە و دوو شارۆچكەی نزیك سنوور بە تەواوی ئاوارە بوونە و لە هەموو شارەكانی دیكەش خەڵك لە ترسی هێرشی توركیا رادەكەن، چونكە دەزانن بێن دەیانكوژن و ماڵەكانیان تاڵان دەكەن.دەشڵێ:" ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێكی بەپەلە نەدات و ناوچەیەكی ئارام دروست نەكرێت، دۆزی كورد كۆتایی پێدێت، چونكە توركیا داگیری بكات، ئیتر شتێك بە ناوی دۆزی كوردەوە نامێنێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا سەبارەت بەوەی بۆچی دۆخی رۆژئاوا بە ئەمڕۆ گەیشت رایگەیاند:" پەكەكە شەڕی خۆی گواستەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان، ئەوەش هۆكارە كە توركیا بچێتە نێو خاكی رۆژئاوا، ئەگەر كوردانی رۆژئاوا حوكمی خۆیان كردبایە، ئێستا رەوشی رۆژئاوا بە شێوەیەكی دیكە دەبوو، پەكەكە هەموو كەسێكی كردە دوژمنی كورد، لە رۆژئاوا شەڕی توركیای دەكرد، شەڕی ئۆپۆزسیۆنی سووریای كرد، خۆی خستە بەر سینگی داعش و رژێمی پاراست، لە دژی كورد وەستایەوە بەس بۆ ئەوەی رژێمی سووریا بمێنێت، ئەو سیاسەتە هەڵەی پەكەكە بووە هۆكاری ئەوەی كە رۆژئاوا بەو رۆژە بگات.

د. كاوە ئازیزی، روونیشیكردەوە:" توركیا بە هاوكاریی 20 هەزار سەربازی سووریای ئازاد دەستی بە هێری زەمینی و ئاسمانی كردووە و شەڕ بەردەوامە و خەڵكێكی زۆر ئاوارە بوونە و ئەو خەڵكەی كە ماوە ئەوانیش لە شارەكانی دیكە رادەكەن و دۆخەكە زۆر خراپە، جیهان لەسەر خەتە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە شتێكی گەورە روودەدات، دیموگرافیای ناوچەكە دەگۆڕێت و كوردستانی رۆژئاوا بە تەواوەتی لەناو دەچێ، بۆیە پێشبینی دەكرێت شەڕێكی گەورە لە رۆژئاوای كوردستان رووبدات.

د. كاوە ئازیزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا دەڵێ:" ئێستا كێشەی رۆژئاوا نەك تەنیا كێشەی كوردە، ئێستا بۆتە كێشەیەكی نێودەوڵەتی، هەموو جیهان لەسەر خەتە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر خەتە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە وڵاتە زڵهێزەكانی جیهان ئێستا لەسەر خەتن و دژی توركیا وەستاون و داوای پاراستنی كورد دەكەن، هیوادارین بڕیارێك بۆ پاراستنی كورد دەربكرێت، ئەگەرنا بارودۆخ بەو شێوەیە بێت كوردستانی رۆژئاوا لەناو دەچێت.

ئازیزی، ئەوەشی دركاند:" هەرێمی كوردستان وەكو برا گەورە دەبینین، لە یەكەم رۆژەوە كە رۆژئاوای كوردستان كەوتە ئەو بارودۆخە، هەرێمی كوردستان خۆی لە كوردستانی رۆژئاوا كردۆتە خاوەن، بەردەوام سەركردایەتی هەرێم، بەتایبەتی سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لەسەر خەت بوونە و بەردەوام لە كۆبوونەوەكانی خۆیان لەگەڵ بەرپرسانی جیهان داوای پاراستنی رۆژئاوای كوردستانیان كردووە، داوایان كردووە كە مافی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بدرێت، بەتایبەتی لە دواین دیداردا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا داوایان لە رووسیا كرد كە رۆڵی خۆی ببینێت لە پاراستنی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، بە شێوەی ئاشتیانە كێشەی كورد چارەسەر بكرێت، هەروەها هەر سێ سەرۆكایەتیی هەرێم بەیاننامەیان دەركردووە و داوای پاراستنی رۆژئاوایان لە جیهان كردووە، خەڵكی كوردستانی باشوور دەرگایان لەسەر پشتە بۆ خەڵكی رۆژئاوا.

د. كاوە ئازیزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا گووتیشی:" ئەگەر پەیەدە پێگری بە رێككەوتنەكانی هەولێر و دهۆكی كردبایە رەوشی رۆژئاوا بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت، بەڵام ئەوان پێگریان بە هیچ رێككەوتنێك نەكرد و لەسەر سیاسەتی خۆیان بەردەوام بوون كە سیاسەتێكی بێ بەرهەم بوو بۆ رۆژئاوای كوردستان، لە سووریا كاری ئێمە نیە شەڕی توركیا بكەین، ئێمە لە دژی رژێمێك راوەستاینە و داوای مافی خۆمان دەكرد، پەیەدە پێگیری بە رێككەوتنەكان نەكرد یەكڕیزی دروست نەبوو، رێگەی نەدا حزبەكانی دیكە لە رۆژئاوا كار بكەن، هەر ئەوەش بووە هۆكاری ئەوەی كە خەڵكی رۆژئاوا دەربەدەر بن و رۆژئاوا بەرەو لەناو چوون بچێت".

زۆرترین بینراو