د. محەمەد بازیانی: جارێكی دیكە هەولێر دەبێتە ناوەندی چارەكردنی كێشەكانی عێراق

د. محەمەد بازیانی: جارێكی دیكە هەولێر دەبێتە ناوەندی چارەكردنی كێشەكانی عێراق

دیدار- ڕائیب شێروانی : د. محەمەد بازیانی، سیاسەتمەداری كورد لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:"ئەگەر دەستوور جێبەجێ كرابایە رەوشی عێراق بەو شێوەیە نەدەبوو و سەروەری عێراق دەما، بەڵام بەداخەوە كۆمەڵێك كەس كە بە شۆڕشگێر لە قەلەم دەدرێن كە هاتنە دەسەڵاتەوە زوڵمیان كەمتر نەبوو لە زوڵمی سەدام. دەشڵێ:" ئەگەر رەوشی عێراق چارە نەكرێت زۆر خراپتر دەبێت، جارێكی دیكە هەولێر دەبێتە ناوەندی چارەكردنی كێشەكانی عێراق.
بازیانی گوتی:" ئەگەر دەستوور جێبەجێ كرابایە رەوشی عێراق بەو شێوەیە نەدەبوو و سەروەری عێراق دەما، بەڵام بەداخەوە كۆمەڵێك كەس كە بە شۆڕشگێر لە قەلەم دەدرێن كە هاتنە دەسەڵاتەوە زوڵمیان كەمتر نەبوو لە زوڵمی سەدام.
ئەو سیاسەتمەدارە گوتیشی:" رەوشی عێراق ئێستا گەیشتووتە ئاستێك ئەو داواكاریانەی كە شەقامی عێراقی داوای دەكات دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق ملكەچ بن بۆی، ئەگەرنا رەوشەكە باشتر نابێت لەوەی كە ئێستا هەیە.
د. محەمەد بازیانی، ئەوەشی گوت:" كۆكردنەوەی لایەنەكان لەلایەن سەرۆكی هەرێم، بەڕاستی هەنگاوێكی زۆر باش بوو، ئەگەر چی دەبوایە ئەو هەنگاوە زووتر نرابایە، بەتایبەت لەو كاتەی كە بەڕێزیان بوو بە سەرۆكی هەرێم، ئێستا زۆر گرنگە كە نێو ماڵی كورد یەكڕیز و یەكدەنگ بێت، وتارێكی یەكگرتووی هەبێت، ئەم هەڵوێستەی سەرۆكی هەرێم، هەڵوێستێكی باشە، دەبێت كرداری بە دواوە بێت لە هەموو حیزبەكان، نەك تەنیا لە سەرۆكی هەرێم.
بازیانی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئەگەر ئێمە یەكدەنگ و یەكڕیز بین، شوێنێك كە تاڕادەیەكی زۆر ئارامی تێدایە و جێگەی ئەوەیە هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراقی بە ئارامی دابنیشن و گفتوگۆ لەگەڵ یەكدی بكەن، كە شوێنێك شایستە بێت هەولێرە، بەس بە مەرجێك ئەمجارەش كورد فێلی لێ نەكرێت، بەڵكو ویستو و ئیرادەی گەلی كورد كە هەیە جێبەجێ بكرێت، هەتا ئەگەر دەستووریش هەموار كرایەوە، ئەگەر دەستووریش هەموار بكرێتەوە مەترسی نیە لەسەر فیدڕاڵی كوردستان، بەڵام لە هەمان كاتیشدا زۆر زەحمەتە دەستوور بەبێ كورد هەموار بكرێتەوە، چونكە بەپێی دەستوور هەر بڕیارێك یان هەر هەموار كردنەوەیەك كە دەكرێت پێویستە هەرێمی كوردستانیش بەتایبەت فیدڕاڵیەتی كوردستان لە هەر سێ پارێزگا دوو لەسەر سێ لەگەڵ ئەوەدا بن، ئەگەر هەر هەموار كردنەوەیەك دوو لەسەر سێی كوردستانیش لەگەڵ دا نەبێت، ئەو دەستوورە هەموار ناكرێتەوە.
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد ئاشكراشی كرد:" نەك هەر ئێستا بەڵكو پێش رووخانی رژێمی بەعس باسمان كردووە دەبێت كوردستان دەستووری خۆی هەبێت، چونكە ڕەشنووسی دەستوورەكە ئامادەیە، ماوە راپرسی لەسەر بكرێت، ئەگەرچی هەندێك تێبینی هەیە، بەڵام دەستوورێكی زۆر چاكە و زەروورەتە، پەرلەمانی كوردستان بەڵێنی داوە لەم خولەدا دەستوور تێپەڕێنن.
د. محەمەد بازیانی، سیاسەتمەداری كورد جەختی لەوە كردەوە:" پارێزگاری بە وەكاڵەتی كەركووك مۆڵەتی دوو رۆژەی داوەتە ئەندامانی ئەنجوومەن ئەو كەلوپەلانەی كە لایان ماوە رادەستی بكەن، ئەمە لە كاتێكدایە ئەو لەژێر دەسەڵاتی كورد بۆتە جێگری پارێزگار، ئەو موئامرەی كە هەیە دژ بە كەركووك و كەركووكییەكانە، بەڵام دەبێت لەمەدا كورد یەكڕیز و یەكدەنگ بێت و هەموو لایەنەكان یەك هەڵوێست بن لەسەر رەوشی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان".

بیروڕا

زۆرترین بینراو