د. محەمەد شاكر ئەگەر نەگەینە رێككەوتن، كورد بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەكات

د. محەمەد شاكر ئەگەر نەگەینە رێككەوتن، كورد بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەكات

پەرلەمانتارێكی كورد ده‌ليَت " زۆربەی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان بەشداری لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا ناكەن ئەگەر داواكاریی ھەرێمی كوردستان لە بەرچاو نەگیرێت.

دكتۆر محەمەد شاكر، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ڕووی دەستوورییەوە ئێستا پەرلەمانی عێراق لە پشوودایە و چەند رێكارێك ھەن بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت، لەوانەش داواكردنی كۆبوونەوە لەلایەن سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق یانیش سەرۆككۆمار دەتوانێ داوای كۆبوونەوە بكات، بەپێی ماددەی ٥٧ی دەستوور رێگایەكی دیكەش ھەیە ئەویش پەنجا پەرلەمانتار دەتوانن داوای كۆبوونەوە بكەن، بەڵام پێویستە ٤٨ كاتژمێر بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان سیڤیی وەزیرەكان بگاتە دەست پەرلەمان و بەرنامەی حكوومەت دیار بێت".

پەرلەمانتارەكەی پارتی گوتیشی: "تا ئێستا نەك ئێمە لە بەرنامەی حكوومەتی نوێ نازانین، بەڵكوو ناوی وەزیرەكانیش دیار نییە، ھەندێ ناو بڵاو دەكرێنەوە، بەڵام ئەو ناوانە پشتڕاست نەكراونەتەوە، لەبەر ئەوەش ئەگەر بێینە سەر لایەنی یاسایی، نابێت سبەی دووشەممە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێ بەڕێوە بچێت".

دكتۆر محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە وەك پارتی بەو شێوازەی ئێستا باسی دەكرێت بەشداریی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە كابینەی عەللاوی ناكەین، پەرلەمانتارە كوردەكانی دیكەش ھەمان ھەڵوێستیان ھەیە و بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەن".

پەیوەست بە ھۆكاری نەگەیشتنە رێككەوتن لە نێوان شاندی كوردی و عەللاوی، شاكر دەڵێت: "ھۆكاری نەگەیشتن بە رێككەوتن، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێمە دەمانەوێ پشكی كورد لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقدا لەلایەن دەزگا فەرمییەكانی ھەرێمی كوردستانەوە دیاری بكرێت، ئەوە بۆچوونی ھەرێمی كوردستانە و ئەگەر بێت و نەگەن بە رێككەوتن، ئەوە بە دووری نابینین كورد بایكۆتی حكوومەتی محەمەد تۆفیق عەللاوی بكات، ئەوە بۆچوونی ئێمەیە وەك پارتی و زۆربەی لایەنە كوردستانییەكانیش ھەمان بۆچوونیان ھەیە".

زۆرترین بینراو