رائید كاروان میر ئاودەلی: گەشتیاران لە مەترسی مەلەكردن لە رووبارەكان ئاگادار دەكاتەوە

رائید كاروان میر ئاودەلی: گەشتیاران لە مەترسی مەلەكردن لە رووبارەكان ئاگادار دەكاتەوە

دیدار-محەمەد هەسنانی
ئەفسەرێكی فریاكەوتنی بەرگری شارستانی سۆران، ئاشكرای دەكات " زۆرێك لە گەشتیاران و هاووڵاتییان لەم وەرزەدا بۆ خۆ فێنك كردنەوە روو لە رووبارەكانی دەڤەری سۆران دەكەن، ئەوەش كارێكی مەترسیدارە و زۆرجاریش رووداوی خنكانی لێكەوتۆتەوە.
رائید كاروان میراودەلی، ئەفسەری فریاكەوتن و راوێژكارو شارەزایی دادی بەرگری شارستانی سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند " لە هەر چوار قەزاكانی (سۆران، مێرگەسۆر، رواندز، چۆمان) سنوورێكی تەواو جیاوازمان هەیە بەبەراورد لەگەڵ سنوورەكانی تری كوردستان، ئەمەش وەك ئەو هەموو رووبار و ڕێڕەوییە ئاویانەی كە دەكەونە سنوورەكەمان و ژمارەی زۆری لووتكە چیاكان و توانەوەی بەفر و رێژەی زیادەی ئاوەكان و جگەلە هەموو ئەمانەش بوونی ناوچەیەكی گەشتیاریەو بەشێوەیەكی بەردەوام رێژەیەكی زۆری گەشتیاران روو لە دەڤەرەكە دەكەن، ئەمەش پێویستی بە ئەرك و ماندووبوونی و چاودێری زیاتر هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە رووداوی خنكان لە سنوورەكەمان لە زیادبوون دایە، كە زۆربەی زۆریان گەشتیارن، هەربۆیە تیمەكانمان بەپێی ئەركی جیاواز بەپێی ڕۆژ دەكەونە بینینی ئەركی قورس، ئەمەش وەك ڕێگریكردن لەڕووداوەكان و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان و دوورخستنەوەیان لە مەترسیەكانی خنكان و خۆبەدوور گرتنیان لە مەلەكردن لە رووبارەكانی ئەم ناوچانە".
ئەوەشی خستەروو، داوامان لەهاووڵاتییان و گەشتیارانی ئەوەیە چەند خاڵێك پیادە بكەن بۆسەلامەتی خۆیان و خێزانەكان و منداڵەكانیان، لەوانە:
- بژاردەكردنی شوێنی گونجاو دوور لە مەترسی بۆ پاراستنی خۆتان و منداڵەكانتان.
- خوێندنەوەی تابلۆ و هێماكانی دەم ئاو و ڕووبارەكان كە ڕێنوێنی باش دەبن بۆ دووركەوتنەوەتان لەشوێنە مەترسیدارەكان.
- چاودێركردنی چڕی منداڵەكانتان لە نزیك بوونەوەتان لە دەمی ئاوو ڕووبارەكانی سنوورمان.
- شارەزاییتان لە مەلەكردن و بژاردەی شوێنی گونجاوی مەلەكردن.
- پێزانینتان لە مەترسی ئاوەكانمان كە زۆر ئەشكەوت پێكهاتەی شاخ و بەرگەلێكی زۆری تیادایە.
- بوونی سیمی سەربازی زۆرو تەل دڕوو ستیل و ئاسنی كۆن بەهۆی لێژی و تیژی ئاوەكان كە ماونەتەوە.
- هەندێ جار بەهۆیی هاتنە خوارەوەی مین و پارچە تەقەمەنییەكان وەك مەترسی بەدیار دەكەون، دەبێت زۆر بەوردی سەیری دەورووبەرت بكەیت.
- ساردی ئاو هۆكارێكە بۆ سڕكردنی ماسولكەو وەستاندنی گورچیلەكانت بۆیە دەبێت بەوردی ڕەچاوی ئاوەكان بكەیت.
- مانەوەی زۆر و جوڵەو مەلەكردن گرفتێكی ترە بۆ هۆكاری خنكان.
- خواردنی قورس و ئەنجامدانی مەلەكردن كارێكی هەڵەو مەترسیدارە، بۆیە خوراكی سوك وەك سوپ و هاوشێوەكانی گونجاوترن.
- لانی كەم بوونی پەتێكی پێنج متری یان تایەیەكی پلاستیكی یانیش چوپێك كارێكی باشە، بۆ كاتی پێویستی فریاد ڕەسی باشترە لەگەڵ خۆتا هەڵی بگریت و لات هەبێت.
- بوونی ژمارەی پێویستی بەرگری شارستانی و تیمەكانی مەلەوانی زۆرگرنگە.
- شارەزایی و ئەزموونی مەلەوانیت یەكێكە لە دڵنیا بوونەوەت بۆسەلامەتیت.
- گرنگترین خاڵ شارەزای بوونتە لە شوێنی جوگرافیایی مەلەكردن ئەگەرچی مەلەوانی باشیش بیت.
- بەهیچ جۆرێت ڕێگە بە منداڵان نادرێت بۆ ڕووبار و ڕێڕەوە خێراكانی ئاو، تەنانەت بۆ مەلەوانگەكانیش‌ بەپێی ڕێنمایی تایبەتەوە دەكرێت داخل بكرێن.
رائید كاروان میراودەلی، لەدوا قسەكانیدا دەڵێت " ئەمانەو چەندان هەنگاوی تری سەلامەتی تر كە لەڕێگەی كارمەندانمانەوە بە ڕێگای سیستەمی دەنگ بانگی هاووڵاتییان دەكرێت، بۆ گوزارشت لەمەڕ شوێنەكانیان كەمەترسی دانیشتن یان مەلەكردنی لێ بەدی دەكرێت، یانیش بە پێی لێدانی زەنگی ئاگادار كەرەوەی پلاستیكی بۆ دوورحستنەوەی هاووڵاتییان و گەشتیاران، بۆیە ئێمە وەك بەرگری شارستانی بەردەوام لەئەركداین، بۆ پیادەكردنی سەلامەتی و دڵنیایی دان بۆ بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییان و پاراستنیان لە رووداوەكانی خنكان، ئەركە هاووڵاتییان و گەشتیارانیش پابەندی رێنمایەكان بن، لە پێناو سەلامەتی هەموو لایەك.

زۆرترین بینراو