راگەیاندراوێك لە فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هەرێمی كوردستانەوە

راگەیاندراوێك لە فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هەرێمی كوردستانەوە

فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدەکان دەنێرێ و، هیوای زوو چاکبوونەوەی بریندارەکانیش دەخوازێ، هاوکات جەختیش دەکاتەوە کە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی هەر جووڵەیەکی تیرۆریستان.

دەقی راگەیاندراوەکەی فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

پەلاماری داعش بۆ سەر لیوایەكی پێشمەرگەی كوردستان لە خانەقین، دوابەدوای زنجیرەیەك كردەوەی تیرۆریستیی یەك لە دوایەكی ئەم چەند مانگەی رابردوو لە ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك و گەرمیان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە داعش كۆتایی نەهاتووە و هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامی و ئاساییش، شەڕی لەنێوبردنی ئەو دوژمنە سەرسەختەی مرۆڤایەتی هێشتا درێژەی هەیە.

ئێمە لە كاتێكدا سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدە نەمرانە دەنێرین كە لە تێكشكاندنی پەلامارەكەی داعشدا گیانیان سپارد و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەكانمان دەخوازین و دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەكانمان دەكەین، هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكانی دیكەی كوردستان وەك هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێكشكاندنی هەر جووڵەیەكی تیرۆریستان و پاراستنی خەڵك و خاكی كوردستان لە هەر مەترسییەك.

جارێكی دیكەش جه‌خت لەوه‌ دەكەینەوە كە داعش هێشتا هەرەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان، دڵنیاین ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە خەریكی خۆڕێكخستنەوە و قۆستنەوەی بارودۆخەكەن بۆ فروانكردنی كارە تیرۆریستییەكانیان، بۆیەش پێویستە هاوپەیمانیی دژە داعش بە هەمان گوڕ و تینی جارانه‌وه‌ بەردەوام بێت و رێگە نەدرێت تیرۆریستان بارودۆخی نالەباری عێراق و ناوچەكە بقۆزنەوە، هەوڵەكانیش چڕ بكرێنەوە بۆ هەرچی زووتر كۆتاییهێنان بە هەلومەرجی شێواوی عێراق و گێڕانەوەی سەقامگیری.

 

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان

٥/١٢/٢٠١٩

 

زۆرترین بینراو