راگەیاندراوێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو

راگەیاندراوێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو

زاری كرمانجی - هەولێر : لەسەرەتای دەست بەكاربوونی كابینەی نۆیەم هەوڵەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو چڕكرایەوە لەگەڵ وەزارەتەكانی كشتوكاڵ ، سەرچاوەكانی ئاو، لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم و لایەنە پەیوەندارەكانی عێراق بۆ ئەوەی رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان زیاد بكەین، بۆ ئەو مەبەستە چەندین نوسراومان ئاراستەكردن، هەروەها شاندی باڵای وەزارەت بە سەرپەرشتی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سەردانی بەغدادی كرد، نوێنەرێكمان دیاریكرد بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەكانی لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم بەشداربێت، سەرجەم بەڵگەی پێویست خرایە بەردەست لەكات و وادەی دیاریكراوی خۆیدا، نوسراویش بۆ وەزارەتی دارایی عێراق كرا، رونمان كردەوە كە جوتیارانی كوردستان زۆر زیاتر لەو بڕە گەنمە بەرهەم دەهێنن كە ساڵانە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراق لەرابردوو وەرگیراوە، بۆیە پێویستە هاوشێوەی جوتیارانی ناوەڕاست و خواری عێراق بەشێوازیكی یەكسان و دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.
دواجار ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنمی جوتیاران كۆبوونەوەی خۆی تایبەت بە گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، نوێنەری وەزارەتمان بەشداربوو بەراوێژی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەت، بەداخەوە دەرئەنجام بڕیاردرا كە هەرێمی كوردستان بەدەر بكرێت لە پلانی پێشنیاركراوی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنم بەشێوازی( خارج خگە) دوای فشارێكی زۆر توانرا تەنها 10% گەنمی وەرگیراوی ساڵی رابردوو زیاد بكرێت، واتا بۆ ئەم ساڵ بڕی وەرگیراو لە 340 هەزار تۆن بەرز بكرێتەوە بۆ 390 هەزار تۆن گەنم.
ئەم زیادكردنە لە ئاستی خواستی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو نییە و بەناچاری پەسندكراوە، بەداخەوە دەركەوت بابەتی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانیش بۆتە بابەتێكی سیاسی و رەنج و ماندوو بونیان لەبەرچاو ناگیرێت.
لەگەڵ ئامەنەشدا جوتیارانی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە پارێزەری مافەكانیانین و هەوڵەكانیشمان بەردەوامی دەبێت بۆ خزمەتكردنیان، هەروەها سبەی كۆبوونەوەیەكی تایبەت لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەنجام دەدرێت بۆ ساغكردنەوەی بەشێكی تری گەنمی جوتیاران، دڵنیایی دەدەین هەموو هەوڵێكمان بۆ ساغكردنەوەی بەرهەكانتان خستۆتەگەڕ و بەردەوامی دەبێت.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
2020/5/18

 

 

Aa

زۆرترین بینراو