راگەیەندراوێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

راگەیەندراوێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

زاری كرمانجی - لەم ماوەیەدا ئاژانسی هەواڵی فارس لە ئێران، لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی دوو فیلمه‌وه‌ لەسەر هەولێر و پێشمەرگە و شەڕی داعش، هەوڵی داوە ڕاستییەكان بشێوێنێت و سووكایەتی بە پێشمەرگە و سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان بكات و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان بشارێتەوە.
هاوكارییەكانی ئێران بۆ هه‌رێمی كوردستان لە كاتی شەڕی داعشدا پەیوەندییەكانی نێوانمانی بەهێزتر كرد، ئەو ئاژانسە فەرمییە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەو كارەی هەوڵ دەدات زیان بە پەیوەندییەكان و دۆستایەتیی نێوانمان بگەیه‌نێت. ئەو کارە گیانی ئەو شەهیدانەش ناشاد دەكات كە ئەو ڕۆژانە پێكەوە لە یەك سەنگەردا بەرامبەر داعش شەهید بوون. بێگومان كارێكی ئاوای پڕ لە نادروستی و پڕ لە شێواندنی ڕاستی و منەتكردنی بەو شێوەیە، بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو ئەخلاق و هەڵسوكەوتەشدا یەك ناگرێتەوە کە فەرماندەی شەهید قاسم سلێمانی هەیبوو. بۆیه‌ كاری بەو شێوەیە دڵسۆزی نییە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەرماندەی شەهید، بەڵكو تێكدانی ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە كە فەرماندە قاسم سلێمانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەرەی پێدابوو.
پشتیوانییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە كاتە سه‌خته‌كاندا بۆ خەڵک و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان و لە سەرەتای هێرشی داعشدا بۆ سەر كوردستان كه‌ بە چەك و تەقەمەنی و ژمارەیەك ڕاوێژكار بە فەرماندەییی فەرماندە قاسم سلێمانی، هاوكاریی پێشمەرگەیان كرد، هەمیشە جێگەی سوپاس و ڕێزە و لەكاتی خۆیدا هەرێمی كوردستان بە ڕوونی ئەوەی ڕاگەیاندووە. هەروەك چۆن هاوكاریی هاوپەیمانیی نێودوڵەتیی دژی داعش، بەتایبەتی هاوكاریی كاریگەر و ماوەدرێژی ئەمه‌ریكا، هەروەها هاوكاریی وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەكە، بە هەمان شێوە هاوكاریی حیزبە كوردستانییەكانیش لە ڕۆژانی سەرەتای هێرشی داعشدا بۆ سەر كوردستان لەبیر ناكرێن. هاوكاریكردنی پێشمەرگە بە چەك و تەقەمەنی لەلایەن ئێران و دواتریش هاوكاریی بەرفراوانی هاوپەیمانان زۆر گرنگ بوو، چونكە بەهۆی ئەوەی ڕێگە نەدەدرا حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەك لە دەرەوە بكڕێت و حكوومەتی عێراقیش چەك و تەقەمەنی نەدەدایە پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگە بە چەكی زۆر سادە، بەرامبەر دڕندەییی داعش و چەكە پێشكەوتووەكانی وەستابووەوە.
لە كاتی هێرش و شەڕی داعشدا، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە فەرماندەیی و ئەزموونی چەندین ساڵ خەباتی پێشمەرگایەتیی سەرۆك مەسعوود بارزانی، وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەسەر زەوی هێرشی داعشی ڕاگرت و هێزی داعشی لە ناوچەكەدا تێكشكاند، ئەوەش تێكشكاندنی هێزێكی تاریكپەرستی ئەوتۆ بوو كە هەڕەشە بوو لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەكە و ئازادی و ئاسایشی هەموو جیهان. هەرێمی كوردستان كە وەك هەمیشە شوێنی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان بووە، جارێكی دیكە بووەوە به‌ پەناگەی پاراستنی ئاوارە و په‌نابه‌ران لە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان، ئەوەش بە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و جیهانییەكان، لەپێش هەمووشیانەوە لە سایەی بەرگریی بەهێزی پێشمەرگە بوو.
ئێمە ئەو دوو فیلمە بە سووكایەتیكردن بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان دادەنێین، هەروەها بە سووكایەتیكردن بە قارەمانییەتیی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانی كوردستان و لە هەمان كاتدا بە سووكایەتیكردن بە بنەما و باوەڕەكانی فەرماندەی شەهید قاسم سلێمانی دادەنێین. لە ڕاستیدا ئێمە هیچ سوودێك لە بەرهەمهێنانی فیلمی ئاستنزم و دوور لە ڕاستیی بەو شێوەیەدا نابینین، جگە لە هەوڵێك بۆ تێكدانی هاریكاریی ناوچەیی و دروستكردنی ناكۆكی لەنێوان گەلانی دۆست لە ناوچەكەدا. بۆیه‌ لە ڕوانگەی هەبوونی پەیوەندیی دۆستانە و هاوكاریی لەمێژینە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، داوای هەڵوێستێكی گونجاو لە كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر ئەو دوو فیلمە دەكەین كە بووەتە هۆی برینداركردنی هەستی گەلی كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان

زۆرترین بینراو