روونكردنەوەیەك لەیانەی وەرزشی چۆمان

روونكردنەوەیەك لەیانەی وەرزشی چۆمان

 

لەیاری كۆتایی خولی نایابی فوتساڵی كچانی كوردستان، لەنێوان هەردوو یانەی (چۆمان و سیروانی نوێ) چەند رووداوێكی نەخوازراو روویاندا بۆیە بەپێویستی دەزانین ئەم خاڵانە بخەینە ڕوو. هۆكاری سەرەكی درووستبونی كێشەكان دەگەڕێنینەوە بۆ ئەدای خراپی ناوبژیوانانی (یەكەم و دووەم)ی یارییەكە، كە چەندین بڕیاری نادروستیان لەدژی یانەكەماندا، ئەمەش بە بەڵگە بەردەستە. هەڵە یەكلەدوای یەكەكانی ناوبژیوانان لەدژی یانەكەمان، بووە هۆی خرۆشانی هاندەران و یەكێك لەهاندەرەكان هاتە ناویاریگا (كە لەئاستی وەرزشی جیهانیشدا كارێكی واردە) بەڵام پۆلیسی ناویاریگا بەشێوازێكی زۆرنەشیاو و نابەجێ مامەڵەیان لەگەڵ كرد و بەتەواوی پۆلیسەكان هێرشیان كردە سەری و بە دەمانچەی كارەبایی و شەق ئازاری زۆریاندا، لەكاتێكادا لەتەواوی جیهان كاتێك هاندەرێك دێتەناویاریگا پۆلیس بۆی هەیە لەناویاریگا دووری بخاتەوە، بێ ئەوەی بێڕێزی پێبكات و ئازاری بدات، ئەم كارە نەشیاوەی پۆلیسەكان بووە هۆی تەشەنەسەندن و گەورەبوونی كێشەكە.
بەداخەوە هێزی پۆلیس لە جیاتی بەئەركی ڕاستەقینەی خۆیان هەڵسن كە پاراستی ئامادەبوان و ئارامی و ئاساییشی هۆڵەكەبوو، كەچی كێشەیان گەورەتركرد و بە دەمانچەی كارەبایی و گازی فرمێسكڕێژ هێرشیان كردە سەر هاندەرەكانمان، وە لەدەرەوەی هۆڵەكەش ڕێگریانكرد لە پاسەكانی هاندەران بۆ چونەدەرەوە و بوونە هۆكاری درووستبونی شەڕوئاڵۆزی و چەندین هاندەریان بەسەختی برینداركرد. داوای لێبوردن لەسەرجەم هاندەرەكانمان دەكەین كە نەمانتوانی چاودێریەكی وردیان بكەین و لەنزیكەوە لەسەلامەتیان ئاگاداربین، لەبەر خراپی بارودۆخی یاریزانەكانمان، كە پێویستیان بە چارەسەری پزیشكی خێرابوو.
ئێمە وەكو یانەی چۆمان سوپاس و پێزانینی نەبڕاوەمان هەیە بۆ هەموو هاندەرە دڵسۆز و زێدە خۆشەویستەكانمان، كە هەمیشە وەكو كێو لەپشتمان وەستاون، جێگەی شانازی ئێمەن و پێتان سەربڵندین. داواكارین لەگشت هاندەرە ڕێزدارەكان بابەتی حیزبی و سیاسی و ناوچەگەریەتی تێكەڵ بە بواری وەرزش نەكەن. لەكۆتاییدا، هیوای زوو چاكبونەوەی بریندارەكانمان لە خودای گەورە دەخوازین.
ڕاگەیاندنی یانەی وەرزشی چۆمان

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو