روونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران

روونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران

دوای ئەوەی لە رێكەوتی 23-3-2020 بابەتێك لە ماڵپەڕی فەرمی زاری كرمانجی بڵاوكراوەتەوە، كە گوایە بەرپرسێكی باڵای ئاسایش لە شارۆچكەی خەلیفان بێ رێزی بەرامبەر بە پۆلیس كردووە، هەر چەند لەبەر ئەم بارودۆخەی ئێستا كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتۆتە ئاراوەو زۆر سەرقاڵین و شەو و رۆژ لە ئەرك داین لە تەواوی شار و شارۆچكەكان، بەڵام بۆ بەرچاو روونی خەڵكی سۆران و خوێنەرانتان پێمان باش بوو وەڵام بدرێتەوە، چونكە ئەم هەواڵە دوورە لە راستی و ناحەقییەكی تەواو كراوە لە راستی و دروستی رووداوەكە، هەر وەها نەدەبوو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران رێگای دابا بە بڵاوكردنەوەی لە سۆشیاڵ میدیا، چونكە ئێمە وەك دەزگای ئەمنی هیچ جیاوازییەكمان نییە و تەواوكاری یەكترین، هەر چەند لەمجۆرە بارودۆخە كاری نەخوازراویش دەبێت، چەندین حاڵەتی وا هەبووە كە كارمەند و ئەفسەرمان سووكایەتییان پێكراوە، بەڵام گەورەمان نەكردووە، چونكە كاتی ئەوە نییە، بەڵام لەمەی ئێستا گوایە بێ رێزی بەرامبەر پۆلیس كراوە داوای ئیجرائات دەكەن، ئێمەش پێمان باشە بەڵام نەك بكرێتە بابەتێكی سۆشیاڵ میدیا بەهەر حاڵ بابەتەكە بەم شێوەیە بووە.
لە رێكەوتی 23-3-2020 كاتێ بەڕێز بەڕێوەبەر لە ماڵ لە پارێزگای دهۆك دەگەرێتەوە قەزای سۆران بۆ ئەركی رۆژانە، بەتایبەتی كاتژمێر 10 بەیانی هەمان رۆژ لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران كۆبوونەوەیەك دەبێ لە ئاستی باڵا، لە كاتی هاتنی لە سەرەتای شارۆچكەی خەلیفان كاتێ لەلای هەولێر دێی بەگشتی سێ بازگەی كاتی دانراون، لە بازگەی یەكەم و دووهەم بەڕێوبەریان ناسیوەو بە رێزەوە بەڕێیان كردووەو بەڕێوەبەر قسەی لەگەڵ ئەفسەری پۆلیس كردووە كە لەوێ ئەركی بینیوەو دەستخۆشی لێكردووە، بەڵام لە بازگەی سێیەم دوو سیارەی مەدەنی لە جۆری تەكسی و ئۆپل لە سەر رێگا دانراون و تەواوی رێگا گیرا بوو، لەكاتی گەیشتنیان بۆ ئەوێ داوای لە پۆلیسەكان كردووە رێگا بكرێتەوە بۆ ئەوەی بڕوات، بەڵام پۆلیسی ئەوێ پێی دەڵێن شوفێری سیارەكان لێرە نین و سویجی سیارەكەشیان بردووە، بەڕێوەبەریش پێیان دەڵێ ناكرێ سیارەی مەدەنی بەو شێوەیە دابندرێت و سویجەكانیش نەبن، ئەو شێوەیە لە بازگە ناچێ و بێ رێزیشە بەم شێوەیە، هەروەها لەوانەیە حاڵەتێكی تەواڕی هەبێت و ئێستا دوای من وەڤدێكی باڵا دێت چۆن دەبێ بەم شێوەیە رێگا بگیرێ، لەوكاتەدا یەكێك لە پۆلیسەكان زۆر بە بێ رێزی وەڵام دەداتەوە، دواتر لەگەڵ شوفێری بەڕێوەبەر دەبێتە دەمەقاڵییەكی سووك لەگەڵ پۆلیسەكە، پۆلیسێكی تر داوای لێبوردن دەكات و دەڵێت دەبێ بەسەر ڕەسیفی جادەدا بچن چونكە ناچارییە، بۆیە بە ناچاری بەسەر رەسیفی جادە دێن بۆ دەوام تەواوی بابەتەكە بەم شێوەیە بووە.
دووبارە ڕێزو سڵاو بۆ گشت لایەك بە هیوای تەندروستییەكی باش و كۆتایی هاتنی ئەو نەهامەتییە.

زۆرترین بینراو