رۆناڵدینهۆ پاسپۆڕتی ساختەی لێگیرا

رۆناڵدینهۆ پاسپۆڕتی ساختەی لێگیرا

زاری كرمانجی- ئاژانسیە هەواڵیە وەرزشییەكان: ئەستێرەی پێشوی تۆپی پێی بەڕازیلی، رۆناڵدینهۆ لەلایەن پۆلیسی وڵاتی پاراگوایەوە دەستگیركرا، هۆكاری دەستگیركردنەكەشی بەكارهێنانی پاسپۆرتی ساختە بووە.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وێنەی رۆناڵدینهۆ، ئەستێرەی پێشوی تۆپی پێی بەڕازیلی لەكاتی دەستگیركردنیدا لەلایەن پۆلیسی پاراگوای بڵاوكراوەتەوە، كە توڕەكەیەكی رەشی بەسەردا كراوەو بە ئیسپانی لەسەری نوسراوە (پۆلیسی رووبەڕووبوونەوەی تاوانە رێكخراوەكان).
دەسەڵاتدارانی پاراگوای هەفتەی رابردوو لە بەدواداچونێكدا بۆیان روون بۆتەوە، ئەستێرەی پێشوی تۆپی پێی بەڕازیل، رۆناڵدینهۆ لەگەڵ براكەیدا هەڵگری دوو پاسپۆرتی ساختەن و لەو رێگەیەوە چوونەتە ناو وڵاتەكەوە.
وێنەی پاسپۆرتە ساختەكان و ساتی دەستگیركردنی هەریەك لە رۆناڵدینهۆو براكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بە شێوەیەكی بەرفراوان بڵاوبوەتەوەو بەكارهێنەرانی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیەش بە شێوازی جۆراوجۆر رای خۆیان لەوبارەیەوە دەربڕیوە.
ئۆكڵێدس ئاسفیدۆ، وەزیری ناوخۆی پاراگوای لەو بارەیەوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند" كاتژمێری 8 ی بەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە نوسینگەی داواكاری گشتی رۆناڵدینهۆ لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا ئەنجامدەدرێت".
بەپێی وتەكانی ئەو وەزیرەی پاراگوای، پۆلیس چووەتە ئەو هۆتێلەی رۆناڵدینهۆی تێدابووە، هۆتێلەكە لە ئاسونسیۆنی پایتەخت بووەو لە ئۆپەراسیۆنەكەدا دەستیانگرتووە بەسەر پاسپۆرتە ساختەكاندا كە هەر لە پایتەختی پاراگوای درووستكراون.
رونیشیكردەوە" بە هەمانشێوە لێپێچینەوە لەو لایەنە پەیوەندیدارانە دەكەین كە رێگەیان پێداون بە پاسپۆرتی ساختە بێنە ناو وڵاتەكەوە".
میدیای ناوخۆی بەڕازیل بڵاویكردۆتەوە، كۆتایی ساڵی 2018 بەهۆی نەدانی باجێكی دارایی بە بڕی 2.5 ملیۆن دۆلار لە بەرامبەر درووستكردنی باڵەخانەیەكی كەنار دەریا بێ وەرگرتنی مۆڵەت، لەلایەن حكومەتی بەڕازیلەوە پاسپۆرتە گەشتیارییەكەی رۆناڵدینهۆ دەستی بەسەرداگیراوە.
دوای 8 كاتژمێر مانەوەیان لە بارەگای پۆلیس رێگە بە رۆناڵدینهۆی ئەفسانەی تۆپی پێی بەڕازیل و براكەی درا بگەرێنەوە ئەو هۆتێلەی لە پاراگوای تێدا نیشتەجێن.
پارێزەری رۆناڵدینهۆ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند" رۆناڵدینهۆ ملكەچی یاسایە و هەموو پرسیارەكانی پۆلیسی وەڵام داوەتەوە، پۆلیسیش رێگەی پێداوە لە هۆتێل بمێنێتەوە".
پۆلیس رۆناڵدینهۆی دەستگیر نەكردووە، بەڵام هێشتا رێگەی پێنەداوە پارگوای جێبهێڵێت و سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان دەڵێن ئەگەری ئەوە هەیە تۆمەتی ساختەكردنی بەڵگەنامەكان بدرێتە پاڵ رۆناڵدینهۆو براكەی.
هەندێك لە سەرچاوەكانی هەواڵیش باس لەوە دەكەن كە رۆناڵدینهۆو براكەی دوو ناسنامەی ساختەی پاراگواییان پێبووە.

زۆرترین بینراو