رۆڵی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هۆشیاركردنەوەی ژنان چۆن دەبێت

رۆڵی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هۆشیاركردنەوەی ژنان چۆن دەبێت

دێكان عەلی- زاری كرمانجی: لە بەشێك لە كۆمەڵگە ڕۆژئاواییەكان و ئەمەریكا و ئەوروپا، رێكخرراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەدەسەڵاتی پێنجەم دادەنرێت، بەو پێیەی رۆڵ و كاریگەری بەرچاوییان هەیە لە ئاراستەكردنی تاك و كۆمەڵگە، بەتایبەت لە پرسەكانی تایبەت بە ژنان و گەنجان، چونكە پێیان وایە بناغەی كۆمەڵگە گەنجان و ژنانن، بۆیە هەوڵێكی تەواو جدییان لەو پرسە داوە و هەڵێكی باشیان بۆ ژنان و گەنجان ڕەخساندووە چ بۆ كاركردن چ بۆ ژیانی ئاسایی كە هۆشیاری تەواویان هەبێت، هەرێمی كوردستانیش لەو گۆڕانكارییانە بەدەر نییە، بۆیە كۆمەڵێ ڕێكخراوی مەدەنی بەتایبەت پاش ساڵی ٢٠٠٣ دامەزرا، كە ڕۆڵییان هەبووە لە هۆشیاركردنەوەی ژنان و كچان، تا بە ماف و ئەركەكانی سەر شانیان ئاشنایان بكەن، بۆ قسەكردن لەسەر ئەو رۆڵ و كاریگەری ئەو رێكخراوانە زاری كرمانجی بۆچوونی چالاكوانی مەدەنی وەرگرتووە.
ئەحمەد كاوانی، چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی گووتی" تائێستا پێوەرێكی زانستینییە لە ماوەی رابردوو دەریبخات رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی تا چەند كاریگەر بوون، بۆیە پێویستە سەنتەرێكی توێژینەوە یان پەیمانگایەكی تایبەت هەبێت نەك تەنیا لەدەرخستنی رۆڵی ڕێكخراوەكان لە هۆشیاركردنەوەی ئافرەتان، بەڵكو بۆ تەواوی سێكتەرەكان تا دەریبخات ڕێكخراوەكان تا چەند كاریگەرن بەسەر هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە، بەڵام بەگشتی رێكخراوەكان رۆڵییان هەبووە لە هۆشییاركردنەوەی ژنان چ بۆ داواكردنی مافەكانییان چ بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان.
دەشڵێت" ئەگەر بەراوردێك بكەین بەپێی كاتەكان دەرەكەوێت لە دوای ساڵانی ٢٠٠٠ كاریگەری ڕێكخراوەكان لەهۆشیاركردنەوەی ژنان زیاتر بووە، چونكە قۆناغەكانی دروستبوونی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی سێ قۆناغ بووە، بەم شێوەیە: یەكەم لەدوای ساڵی ١٩٩١ دەستپێدەكات، كە رۆڵی ڕێكخراوەكان زیاتر هاوكاری بوو چونكە بارودۆخی ئەو كاتی كوردستان، لەو پەڕی خراپی بوو، زیاتر هاوكاری ماددی بوو.
دووەم: لەساڵی ٢٠٠٠ كان و درووستبوونی ژمارەیەك رێكخراو و سەنتەر دوای دەركردنی یاسایی تایبەت بە بەم قۆناغە بە قۆناغی یاسایی بوونی ڕێكخراو و كۆمەڵەكان ناسراوە.
سێیەم: لە ساڵی ٢٠٠٣ درووستبونی فەرمانگەی رێكخراوەكان لەدوای ئەوە پانتایی كاری رێكخراوەی زیاتربوو، بەسەدان رێكخراوی نێودەوڵەتی هاتن بۆ كوردستان كاریان لەسەر هۆشیاركردنەوە و پەرەپێدانی مرۆیی كرد، لەدوای ئەم ساڵانە رێكخراوەكان رۆڵیان باشتر بوو لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە بەتایبەت لە بابەتەكانی خەتەنەكردن و دەركردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی ژنان و كۆمەڵێك یاسای باش، هەروەها راگەیاندنی پلانی ٤ ساڵە بۆ باشتركردنی رەوشی ژنان و كەمكردنەوەی توندووتیژی و بابەتی تر، گرنگی درا بە بەشداری سیاسی ژنان و سیستەمی كۆتایی پەرلەمان و كۆمەڵێ بابەتی تر.
ئەو چاڵاكوانە ئەوەشی خستەڕوو" ڕێگاكە زۆری ماوە و ئێمە لەقۆناغی سەرەتایین و دەبێت زیاتر هەوڵ بدەیین تا زیاتر ژنان هۆشیار بكەینەوە و هەڵمەتەكان لەناوچە دوورەكان و دێهاتەكان بێت نەك تەنیا سەنتەری شارەكان، پێم وایە دەبووایە دوای ئەوەندە ساڵە دوای راپەڕین لە قۆناغێكی زۆر باشتر بونایە لە هۆشیاركردنەوەی ژنان ئێمەی چاڵاكوانان و رێكخراوەكان زیاتر هەوڵمان بدایە، بەڵام بە بۆچوونی خۆم لە ئاستی پێویست نەبووین.
لەسەر هەمان پرس زیبا تەها، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان رای دەگەێنێت" دیارە بۆ هەر كێشەو گرفتێك، دەبێت لایەنی پەیوەندیدار هەوڵی چارەسەركردن و كەمكردنەوەی ئەو كێشە و گرفتانە بدەن، وەك دیارە هەرێمی كورردستان وەك بەشێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەرنییە لەو گرفتانەی رووبەڕووی ئافرەتان دەبێتەوە، بەو پێیەی هێشتا ئاسەواری پیاوسالاری تا رادەیەك ماوە، بۆیە لەگەڵ دەركەوتن و كاركردنی ژنان و كچان نین.
ئەو ئەندامەی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتان باس لە رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكات و دەشڵێت" وەك بەشێك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەپێی توانی خۆمان هەوڵی جددیی و تەواومان داوە لەپرسی هۆشیاری، ئەویش لە ڕێگەی بەستنی كۆنفراسات و سیمینار و سەردانیكردنی مەیدانی شوێنە دوورەدەستەكان، تا كچان و ژنان ئاشنا بكەین بە مافەكانییان و خولی تایبەتی بە هۆشیاری بكەینەوە، چونكە بەتایبەت كچانی هەرزەكار پێویستییان بە هۆشیاری زیاترە و بەبڕووای من سێ لایەنی گرنگ هەن كە رۆڵی بەرچاوییان هەیە لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە، ئەوانیش راگەیاندنەكان و مامۆستاییانی ئایینی، هەروەها رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی یاخوود ئەو رێكخراوانەی كە كار لەسەر پرسی ژنان دەكەن چونكە ئەمانە دەوری سەرەكییان هەیە.
سیروان گەردی، سەرپەرشتیاری تۆڕی هەماهەنگی رێكخراوەكان، پێی وابوو لە ئێستادا ژنان هۆشیارن و تەنها پێویستییان بە پێدانی رۆڵ و متمانەیە تا سەركەوتنی خۆیان دەربخەن، گووتی" بێگومان رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەتایبەت پاش ساڵی ٢٠٠٣ و رووخانی رژێمی بەعس بەشێوەیەكی مەدەنییانە هاتنەكایەوە، ئەویش چ بەڕێگەی رێكخراوی جەماوەری سەر بە پارتە سیاسییەكان یاخود وەك رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی سەربەخۆ، كەتوانییان رۆڵ و پێگەی كاریگەریان هەبێت، ئێمە هەر لە زووەوە هەوڵمانداوە كەوا ئافرەت لەناو رێكخراوەكان تەنیا رووخسار نەبێت، بەڵكو رۆڵ و كاریگەریان هەبێت، من لەگەڵ ئەوە نیم بڵێن ئەم رێكخراوانە بۆ هۆشیاری ژنانن چونكە لەئێستادا ژنان هۆشیارن تەنیا پێویستیان بە پێدانی رۆڵ و متمانەیە بۆ ئەوەی بتوانن تواناكانی خۆیان بسەلمێنن و گرنگە لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی زیاتر متمانە بدەنە ئافرەتان و نەیانكەنە ئامرازێك جا چ ئامرازی سیاسی یا كۆمەڵایەتی یا كەسی...هتد." دەبێت ئافرەتان لەو شوێنە بن كەشایەنی تواناكانییان بن گۆڕانكاری درووستبكەن بەشداربن لە پرس و بابەتە گرنگەكان، لە ئێستادا كۆمەڵێ ئافرەتی سەركردە و زۆر باش لە كوردستان هەن كە بەهێز و توانان و دەتوانن كاری گەورە بكەن، بۆیە زۆر گرنگە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ووردتر مامەڵە لەپرسی ژنان بكەن، چونكە بەڕاستی میكانیزم و پلانەكانمان كۆنن و دەبیت لەگەڵ سەردەم بگونجێت.

زۆرترین بینراو