رۆڵ وكاریگەری مامۆستایانی وەرزش لە قوتابخانەكان

رۆڵ وكاریگەری مامۆستایانی وەرزش لە قوتابخانەكان

دیارە هەبوونی وانەی وەرزشی و مامۆستای وەرزشی لەگەڵ هەبوونی گۆڕەپانی وەرزشی لە قوتابخانەكان، گرنگی زۆری هەیە لە ناو پرۆسەی پەروەردەو فێركردن، هەروەك دەزانین منداڵ لە ناو كۆمەڵگەی ئێمە حەزێكی زۆری بۆ وەرزش هەیە، هەرچەندە وەك پێویست گرنگی بەم لایەنە نەدراوە، تا ئێستاش زۆر لە قوتابخانەكان مامۆستای پسپۆری وەرزشی تیدا نیەو هەندیك لە قوتابخانەكان بەهۆی نەبوونی مامۆستای وەرزش وانەكان دابەشكراون بەسەر مامۆستایانی تر، ئەوەی تێبینیم كردووە وانەی وەرزش و مامۆستای وەرزش لەناو قوتابخانە یەكجار خۆشەویستن، قوتابی ئەو رۆژەی وانەی وەرزشی هەبێت شەو چەندین جار بە دایكی دەڵیت ( دایكە وەرزشم هەیە جلی وەرزشم بۆ ئامادەبكە) جگە لەوەش نابێ رۆڵ و كەسایەتی مامۆستای وەرزش لە بیربكریت وەك كارەكتەریكی سەرەكی، جاری وا هەبووە قوتابیەك قوتابخانەی هەراسان كردووە كە گوێ بۆكەس نەگرتووە، بەڵام مامۆستای وەرزش بە بەشداری پێكردنی ئەم قوتابیە لە چالاكیە وەرزشیەكان كردنی بە هاوڕێی خۆی و چارەسەری كێشەكەی كردووە، لایەنێكتر كە گرنگە مامۆستای وەرزش سەرپەرشتی گرووپی ژینگەو پاك و خاوینی ناو قوتابخانە دەكات، ئەمەش دەبێتە هاوكاریێكی چاك بۆ كارمەندان و كەمكردنەوەی ماندووبونیان لە خاوین كردنەوەی قوتابخانە، ئەوەی پێویستە لەسەر وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە كە دەبێت هەموو قوتابخانەكان گۆڕەپانی وەرزشی و مامۆستای وەرزشی هەبێت، چونكە نەبونیان دەبیتە مایەی بێزاری قوتابیان لە هەموو بابەتەكان و هەروەها بۆ قوتابخانەش، كێشەیەكی تر نەبوونی مامۆستای پسپۆڕە لەقوتابخانەكان، نمرەی ئەو بابەتە بۆتە گرفت بۆ زۆربەی كارگێڕی قوتابخانەكان، وەك پێویست نمرەكان یەكسانی تێدانیەو هەندێ جار دەبێتە بابەتی یەكلاكەرەوە لەنێوان ئەو قوتابیانەی یەكەم و دووەمی پۆلەكان، بۆیە ئەگەر مامۆستاكە خۆی پسۆڕی وەرزش بوو ئەوا كەس ناتوانێ گلەیی لێ بكات لەبابەتی دانانی نمرە بۆقوتابیان، بەهیوای ئەوەی گرنگی باشترو زیاتر بەبواری وەرزشی بدرێت لەئاستی قوتابخانەكان، چونكە لەوێوە دەتوانرێت یاریزان و وەرزشوانی چاك دروست ببێت.
ئەوەی زیاتر دەمانەوێ تیشكی بخەینە سەر, ئەم رۆڵەیە كە مامۆستای وەرزش دەیگیرێ جگە لە وانەكەی خۆی كە وانەی وەرزشە دەتوانێ كاربكاتە سەر خودی قوتابی لەلایەنی پەروەردە و فێركردن و ئاستی رۆشنبیری و نیشاندانی رێگەی راست, هەڵبەتە گەر ئەو مامۆستایە تیكەڵ بە خودی قوتابیان ببێت و لەگیروگرفتەكانیان بكۆلێتەوە بە مەبەستی چارەسەركردنی, چونكە مامۆستا یەكەم شت كە فێری قوتابی بكات پەروەردەیە ئینجا فێركردن، بۆیە مامۆستا نابێ كەمتەرخەم بێ لەم بوارە, چونكە قوتابی لە تەمەنێكی هەرزەكاری دایە پێویستی بە گوێگرتن و تیگەیشتن و نیشاندانی رێگەیەكی راستە, باشترن كەسیش كەدەبێ ئەم رۆڵە ببینێت مامۆستای وەرزشە, چونكە زۆر خۆشەویستە لای قوتابی و خودی مرۆڤیش وایە گەر كەسێكی خۆشبوێ گوێی بۆ دەگرێت، رۆڵی مامۆستای وەرزش ئەوەیە خۆشەویستی قوتابخانە بچەسپینێ لەدڵی قوتابی, زور گرنگە مامۆستا وابكات قوتابی لەم كەشە دەرونیە رزگار بكات خۆشەویستی بۆ قوتابخانە زیادبكات، وانەی وەرزش باشترین هەڵ دەڕەخسینێ بۆ قوتابیان, من وەكو مامۆستایەكی وەرزشی هیوای سەركەوتن بۆ گشت مامۆستاو قوتابیان دەخوازم. لە كۆتاییدا چەند وتەیەكی قوتابیان باس دەكەم و كاریگەری زۆریان لەسەرم هەیە.
قوتابی: مامۆستا من برا گەورەم نیە بەڵام تۆم لەجێگەی برا گەورەی خۆم داناوە
قوتابی: بەهۆی تۆوە مامۆستا هەرچی لە قوتابخانەشە خۆشم دەوێ
قوتابیانی پۆل: مامۆستا بەڵێنتدا گەر لەم بابەتە دەربچین و سەركەوتوبین وەرزشی زیاترمان پێ بكەی، بەهیوای ئەوەی زیاترو چاكتر گرنگی بەو بابەتە بدرێت.

 

زۆرترین بینراو