ریال بۆ هاوینی داهاتوو یاریزان دەفرۆشی و دەكڕێ

ریال بۆ هاوینی داهاتوو یاریزان دەفرۆشی و دەكڕێ

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: یانەی ریال مەدرید ئیسپانی كار بۆ رێكخستنەوەی پێكهاتەی تیپەكەی دەكات و دەیەوێ، لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا چەند یاریزانێكی نوێ بباتە ریزەكانی.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا رایانگەیاند، ریال مەدرید بۆ بەهێزكردنی تیپەكەی كار بۆ دەستبەرداربوون لە هەشت یاریزان دەكاتەوە، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئەو یاریزانانە 145 ملیۆن یۆرۆی دەستبكەوێت و پێی بچێتە نێو بازاڕی گواستنەوەدا بۆ كڕینی یاریزانی نوێ.
ئەو یاریزانانەی یانەی شاهانە دەیەوێ دەستبەرداریان ببێت ئەمانەن: گارێس بەیڵ كە ئێستا بەشێوەی خواستن لە یانەی تۆتێنهامەو ریال مەدرید ئامادەیە بە 30 ملیۆن یۆرۆ بیفرۆشێت، دانی سێبایۆس، كە بەشێوەی خواستن بۆ یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی یاری دەكات و یانەی شاهانە دەیەوێ بەرامبەر هەمان نرخی بەیڵ دەستبەرداری ببێت، بۆ لوكا یۆڤیچیش بەهەمان شێوە داوای 30 ملیۆن یۆرۆ دەكات، كە ئێستا بەشێوەی خواستن لە یانەی ئینتراخت فرانكفۆرت یاری دەكات.
یەكێكی دیكە لەو یاریزانانەی لۆس بلانكۆس پلانی دەستبەرداربوونی داناوە، بۆرخا مایۆرالە و بەرامبەر 15 ملیۆن یۆرۆ، بەشێوەی هەمیشەیی ئەو یاریزانە بداتە یانەی رۆما، جگە لەوەش كار بۆ فرۆشتنی مارسێلۆ دەكات بەرامبەر 10 ملیۆن یۆرۆ و بۆ هەریەكە لە ئیسكۆ، ئۆدریۆزۆلاش داوای 15 ملیۆن یۆرۆ دەكات و دەیەوێ دەستبەرداری ماریانۆ دیازیش ببێت.
ریال مەدرید بەسەرۆكایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز، دەیەوێ لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا ركابەری لەسەر گواستنەوەی كیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان، ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند و دەیڤد ئالابا، بەرگریكاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بكات.

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو