ریال نزیكترین یانەیە گرێبەست لەگەڵ هالاند بكات

ریال نزیكترین یانەیە گرێبەست لەگەڵ هالاند بكات

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: لەگەڵ درەوشانەوەی بەردەوامی (ئیرلینگ هالاند)ی ئەستێرەی نەرویجی یانەی دۆڕتمۆند چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا كەوتوونە خۆیان و بەنیازن ئەم هاوینە هەوڵی گواستنەوەی یاریزانە لاوەكە بدەن.
بەگوێرەی رۆژنامەی ماڕكا ی مەدریدی ریال مەدرید كە یەكێكە لەو یانانەی بەدوای گواستنەوەی هالاند سەرقاڵە نزیكترین یانەیە كە بتوانێ گرێبەست لەگەڵ هالاند بكات، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی بەهێزی نێوان هەردوو یانەی دۆڕتمۆندو ریال مەدرید لە لایەك و بەهێزی پەیوەندی هەردوو سەرۆكی یانەكەش لە لایەكی دیكەوە، بەپێی هەواڵەكە فلۆرۆنتینۆ پێرێز پەیوەندییەكی زۆر بەهێزی لەگەڵ (ڤاتسكە) سەرۆكی دۆڕتمۆند هەیە، بۆیە هەر كاتێك دۆڕتمۆند نیازی ئەوەی هەبێت هالاند بفرۆشێت ئەوا پێش هەموو كەسێك هەواڵ بە پێرێز دەدرێت و هەر ئەویش بەربژێری سەرەكی دەبێت كە گرێبەستەكە یەكلایی بكاتەوە.
جێی ئاماژەیە، ریال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو هەردوو یاریزان مباپێ و هالاندی وەك دوو ئامانجی سەرەكی یانەكە دیاری كردوون و یانەكە دەیەوێ بەلانی كەم ئەم هاوینە گرێبەست لەگەڵ یەك لەم دوو ئەستێرەیە بكات.

زۆرترین بینراو