رێبوار تاڵەبانی: هەندێك كوتلە و لایەن نایانەوێت بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە

رێبوار تاڵەبانی: هەندێك كوتلە و لایەن نایانەوێت بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە

چاوپێكەوتن – ڕائیب شێروانی
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ، هەر كاتێك رەوشی كەركووك ئاسایی كرایەوە، هەموو بڕیارەكانی راكان جبووری بەیەك بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵدەوەشێنەوە. دەشڵێ، هەوڵەكان بەردەوامە بۆ چارەسەركردنی رەوشی كەركووك باشترین چارەسەر بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان جێبەجێ كردنی دەستوورە.
رێبوار تاڵەبانی، رایگەیاند، بڕیارەكەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ یەكخستنی حەشدی شەعبی لەگەڵ سوپای عێراق، بڕیارێكی ئەرێنییە و كاریگەری لەسەر رەوشی كەركووكیش هەیە، چونكە حەشدی شەعبی كە بەشێك بوو لە كێشەی نائاسایی بوونی رەوشی شاری كەركووك و ناوچەكانی سنووری ماددەی 140.
لە بارەی پرسی دادگاییكردنەكەشی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دیاركرد:" ئەو دادگاییەی كە بۆ من دانرابوو، نایاسایی و پووچەڵ بوو، سیاسی بوو، سەرۆك بارزانیش یەكەم لێدوانی ئەوە بوو، كەیسەكە سیاسییە و ئێستا ئەو كەیسە كۆتایی پێهات و ئێستا هەردوو لایەنی هەولێر و بەغدا لە هەوڵی گەیشتن بە چارەسەر و رێككەوتن، هەر كاتێك رەوشی كەركووك ئاسایی كرایەوە، هەموو بڕیارەكانی راكان جبووری بەیەك بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵدەوەشێنەوە.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك جەختی لەوە كردەوە:" هەوڵەكان بەردەوامە بۆ چارەسەركردنی رەوشی كەركووك حكوومەتی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەسەر خەتە، ئەوەی دیكەش حزبە كوردستانییەكان خەریكی چارەسەكردنی كێشەی كەركووكن، بەتایبەتی پارتی و یەكێتی كە كۆدەبنەوە بۆ چارەسەركردنی بارودۆخەكە لە دانانی پارێزگار بۆ ئاسایی كردنەوە بێت، تا دوایی هەر هەمووی هەوڵە و لە هەردوو تەرەفەكەوە دەدرێت.
تاڵەبانی، روونیشیكردەوە:" باشترین چارەسەر بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان جێبەجێ كردنی دەستوورە، چەند جێبەجێ كردنی دەستوور دوا بخەن ئەوەندە بارودۆخی ئەو ناوچانە خراپتر دەبێت، بۆیە دەبێت ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت و چی دیكە دوا نەخرێت.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاشكراشی كرد:" دانانی پارێزگارێك بۆ كەركووك هیچ لە بارودۆخەكە ناگۆڕێت، چونكە یەكەمجار دەبێت بارودۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە، دەبێت مەلەفی ئەمنی رادەستی پارێزگار و ئەنجوومەن بكرێت، بەڵام ئێستا لە كەركووك حاكم عەسكەرتاریەت هەیە، هیچ كەسێك ناتوانێت هیچ بڕیارێك دەربكات و جێبەجێ بكات بەهۆی هەبوونی حوكمی سەربازی.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەوەشی دركاند:" دواین بڕیار ئەوە بوو كە لە بەغدا مەحكەمەی ئیتحادی بڕیاری 199 دەركرد، كە لە كاتی خۆی كە گوتم دەبێت ئەنجوومەن لە شوێنێكی دیكە كۆببێتەوە جا لە هەر پارێزگایەكی عێراق و هەرێمی كوردستان بێت، دیارە دادگا و بەغداش بڕوایان بەوە هەیە كە دەبێت یەكەم دانیشتن لە بەغدا بكرێت، دواتر ئەگەر بارودۆخەكە ئاسایی كرایەوە كۆبوونەوەكان بهێنرێنە كەركووك، بەڵام دیارە هەندێك كوتلە و لایەن هەن نەهاتن بۆ بەغدا و كۆبوونەوەكەیان تێكدا و ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەوان نایانەوێت بارودۆخی شاری كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، ئێستاش چاوەڕێی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی دەكەین، بۆ تەشكیلكردنی حكوومەت، رێككەوتن لەسەر ئاسایكردنەوەی بارودۆخی شارەكە و دانانی پارێزگارێك ئەوە دەبێتە چارەسەر بۆ كەركووك، بۆیە ئەو رێككەوتنە چارەسەرێكی زۆر باشە و ئێمەش پشتگیری خۆمان بۆ دەربڕیوە كە لە نزیكترین كاتدا بگەنە ڕێككەوتن، دوای ئەوەی كە بارودۆخەكە ئاسایی كرایەوە ئێمەش وەكو ئەنجوومەن دەگەڕێینەوە كەركووك، لەگەڵ ئەوەش ئەو خەڵكەی كە ئاوارە بووە دەبێت بگەڕێتەوە و ئەوەی زیانی بەركەوتووە قەرەبوو بكرێتەوە".

زۆرترین بینراو