رێكاری یاسایی بەرامبەر بەو كەسانە گیراوەتەبەر كە زێدەرۆیان كردووە

رێكاری یاسایی بەرامبەر بەو كەسانە گیراوەتەبەر كە زێدەرۆیان كردووە

چاوپێكەوتن –ڕائیب شێروانی
كاروان كەریم خان، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی، خەلیفان پێویستی بە كۆمەڵێك پرۆژەی خزمەتگوزارییە، ئێستا چەند پرۆژەیەك لە قۆناغی جێبەجێ كردندان، بۆ پرۆژەكانی دیكەش داوای 5 ملیار دینارمان كردووە، رێكاری یاساییش بەرامبەر بەو كەسانە گیراوەتەبەر كە زێدەرۆیان كردووە.
بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان دەڵێت:" لە خەلیفانیش وەكو شوێنەكانی دیكە چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری لەبەر قەیرانی دارایی راگیرا بوون و تەواو نەكرابوون، بەڵێندەرەكان سەربەست كرابوون لە تەواوكردن و تەواونەكردنی پرۆژەكان، دیارە یەكێك لە بەڵێندەرەكان بەڵێنی داوە كە كارەكانی فراوانكردنی رێگاكە تەواو بكات، هەروەها بنكەی وەرزش و لاوان هەوڵمان بۆ دا و پارەی پێویستیش بۆ تەرخان كراوە، بەڵێندەرەكەش دەستی بەكار كردۆتەوە، بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا بنكەی وەرزش و لاوان تەواو بكرێت، كە ئەویش پێشتر 700 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كرابوو، وێرای ئەو وردە پرۆژانەی كە ئەنجام دەدرێن، ئەو پرۆژانەی كە پێویستیشن داوامان لە رێگاوبان كردووە كە رێگای كەمەربەندی خەلیفان چارەسەری بۆ بكرێت، بۆ ئەو مەبەستە هەم لە رێگەی پارێزگار، هەمیش لە رێگای وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە هەوڵمان بۆ داوە كە رێگەی كەمەربەندی خەلیفان چاك بكرێت، چاوەڕوانی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین بۆ ئەوەی رێگای سپیلك – خەلیفان فراوان بكرێت، هەروەها رێگای كەمەربەندیش چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ بكرێت، جگە لەوەی ئەوەی كە پێویست بێت دەرخستەمان پێشكەشی وەزارەتی شارەوانی كردووە كە گوژمەكەی زیاتر لە 5 ملیار دینارە، بەڵام نازانین كەی وەڵامی ئێمە دەدرێتەوە و دەست بەو پرۆژانە دەكرێت كە دەرخستەمان بۆ كردووە.
كاروان كەریم خان، دەشڵێ:" لەبەر ئەوەی لە 5 ساڵی رابردوودا جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لەبواری پەروەردە، رێگاوبان، تەندروستی، كارەبا لەبەر قەیرانی دارایی و شەڕی داعش وەستابوون، خەلیفان پێویستی بە كۆمەڵێك پرۆژەی خزمەتگوزارییە لە هەموو بوارەكان كە جێبەجێ بكرێن و بكەونە خزمەتی هاووڵاتیان.
كاروان كەریم خان، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" نەبوونی تاپۆ نەبۆتە كێشەیەكی گەورە لەبەردەم كارەكانی ئێمە، ئەگەر پرۆژەی خزمەتگوزاری هەبێت، ئەوە نابێتە كێشەیەكی گەورە و زۆر بە ئاسانی چارەسەر دەبێت، بەڵام بە گشتی بۆ ئەندازەی شار، كە بەهۆی نەبوونی تاپۆ سیمایەكی شارستانی و ئەندازەیی لە دەست بدات، لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵێك زێدەرۆیی لە خەلیفان كراون، ئەوەی كە تا ئێستا لە خەلیفان كرابێت، هەر هەموویان رێكاری یاسایی توند بەرامبەر گیراوەتەبەر، چ لە خەلیفان چ لە دەوروبەری كە كراون".

زۆرترین بینراو