رێكخراوێك قوتابییان هان دەدات دۆستی ژینگە بن

رێكخراوێك قوتابییان هان دەدات دۆستی ژینگە بن

پڕۆژەی ژیانی سەوز ،یەكێكە لە پرۆژەكانی رێكخراوی مرۆیی (الرجا‌و و السلام) كە رێكخراوێكی ناوخۆیی تۆماركراوە لە كوردستان ئەم رێكخراوە لە بواری ژینگە و چەند بوارێكی تری گرنگی ژیان دەیەوێت خزمەت بە مرۆڤایەتی بكات، زاری كرمانجی لە نزیكەوە گفتو گۆیەكی لە گەڵ مامۆستا كاوە ئەمریكی سەرپەرشتیاری پرۆژەی ژیانی سەوز ئەنجام داوەو تێیدا گفتۆ گۆ كراوە لەسەر گرنگی ئەم پرۆژەیە، ناوبراو بۆخۆی ناوەكەی كڤنە بەڵام وەك خۆی گووتی لەكرمانجی سەروو مانای ناوەكەی ئەو دەبێتە كۆن، بۆیە لە كوردستان ناوی كاوەی بۆخۆی هەڵبژاردووە كە نزیكە لە ناوە راستە قینەكەی خۆی،كە دوواندمان بە كوردێكی زۆر باش وەڵامی داینەوەو لەنووسینی كوردیش زۆرباش و شارەزایە.
دیمانە: محەممەد مەحموود- رواندز
*سەرەتا بابزانین پرۆژەی ژیانی سەوز چییە؟
- پرۆژەی ژیانی سەوز یەكێكە لە پرۆژەكانی رێكخراوی مرۆیی (الرجا‌و و السلام) كە رێكخراوێكی ناوخۆیی تۆماركراوە لە كوردستان ئێمە دەمانەوێت لە كوردستان خزمەت بە بواری ژینگە بكەین، ئەمەش لە رێگای قوتابخانەكان ئامانجمانە قوتابییان لە سەر ژینگە دۆستی و گرنگی دان بە ژینگە رابێنین.
* ئەمساڵ لە چ شوێنێك زیاتر كاردەكەن؟
- ئێمە بۆ ئەمساڵ لە سنووری پەروەردەی رواندز چەند قوتابخانەیەكمان لە سەنتەری شار هەڵبژاردوە بۆئەوەی كاریان لە گەڵ بكەین و هاوكاریان بین بۆ بڵاو كردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی.
* بۆ ئەمساڵی خوێندن چ بەرنامەێكتان كار لەسەر كردووە؟
- پرۆژەی ژیانی سەوز ، یەكێكە لە پڕۆژەكانی رێكخراوی مرۆیی ئەمریكی كە رێكخراوێكی تۆمار كراوە لە كوردستان، بۆ ساڵی خوێندنی (2019-2020) دەمانەوێت بەیەخ بە منداڵان بدەین، بۆئەمەش لە شاری رواندز مەبەستمانە زیاتر كار لەگەڵ منداڵان بكەین لە بواری ژینگە دۆستی ، پلانمان هەیە سەردانی تەواوی خوێندنگە بنەڕەتیەكانی رواندز بكەین.
دەتانەوێت چ پەیامێك بە قوتابییان بگەیێنن؟
-لە سەردانەكانماندا دەمانەوێَت وانەیەك فێری قوتابییان بكەین، بەتایبەتی قوتابییانی پۆلی سێیەمی بنەڕەتی ، ئامانجمانە تیشك بخەینە سەر پاراستنی ژینگەو مەترسیەكانی پیسبوونی ژینگە و فرێدانی خۆڵ و خاشاك و پاشماوەكان بۆسەر زەوی ، دوای ئەوەی كە وانەكە تەواو دەبێت سەلایەك دەكەینە دیاری بۆ هەرپۆلێك بۆكۆ كردنەوەی پلاستیك.
*لە دوای ئەوەی قوتابییان پلاستیكیان كۆكردەوە ئێوە چی لێ‌ دەكەن؟
- ئێمە دوای نزیكەی مانگێك وەك ماوەیەكی دیاریكراو بۆ كۆكردنەوەی پلاستیكەكان لە لایەن قوتابییانەوە، جارێكی تر دەگەڕێینەوە بۆ قوتابخانەكان و بۆ بردنی ئەو پلاستیكانەی كە قوتابییان كۆیان كردۆتەوە ، لە هەنگاوی دواتر لە كارگەیێكی ریسایكلین دووبارە پلاستیكەكان بەكاردەهێنینەوە بۆدرووستكردنی كاڵاێكی نوێ‌، هەر كاڵاێكی تازەشمان بەرهەم هێنا دەگەڕێینەوە بۆ پۆلەكان و بەرهەمەكان نیشانی قوتابییان دەدەینەوە كە لە پلاستیكە كۆكراوەكانی ئەوان ئەو بەرهەمە نوێیە درووستكراوەتەوە بۆجارێكی تر.
* كێن ئەوانەی لەگەڵتان كاردەكەن و شێوەكاركردنیشتان چۆنە؟
- چەند مامۆستاێكمان لە وڵاتی ئەمریكاوە بەشێوەی خۆبەخشی هاتوون و لەم كارەدا لە گەڵمان بەشداری دەكەن، ئێمە سەرەتا دەچینە قوتابخانەكان دوای خۆناساندن ئامانجی كارەكەمان بۆقوتابییان روون دەكەینەوە دواتر وانەیەك لەسەر ژینگە بۆ قوتابییان پێشكەش دەكەین و گفتوگۆ لەسەر بابەتەكە دەكەین و درووشمێكمان هەیە و لەگەڵ قوتابییان دەیڵێینەوە كە بریتی یە لەوەی ( وەك ئەندامێكی پڕۆژەی ژیانی سەوز، بەڵێن دەدەم كە ئەو خاكەی خودا پێی بەخشیووین بیپارێزم و گرنگی پێ دەم). ئەم درووشمە بۆچەند جارێك لە گەڵ قوتابییان دەڵێنەوە.
*ئەو بابەتانەی زیاتر كاری لەسەر دەكەن چین؟
- ئێمە دەمانەوێت زیاتر لە بواری ژینگە تیشك بخەینەسەر چەند ماددەیەك لە وانە ( بوتڵی ئاو، نایلۆن، پاشماوەی جگەرە) و هەموو ئەو ماددانەی دەبنە هۆی زیان گەیاند بەژینگەو پیس بوونی، لەگەڵ گرنگی دان بەو هۆكارانەی كە دەبنە سەرچاوەی پاك راگرتنی ژینگە لەلایەن مرۆڤەوە.
*چ ئەركێك بە قوتابییان دەسپێرن لەم وانەیە؟
- ئێمە لە دوای ئەوەی سەردانی قوتابخانەكانمان كردوو ناوەرۆكی وانەكەمان بۆ قوتابییان روونكردەوە ، سەلەیەك دەكەینە دیاری و لە لای قوتابییان جێ‌ دەهێڵین بۆ ماوەێكی دیاریكراو، بۆ ئەوەی قوتابییان هەڵبستن بە كۆكردنەوەی پاشماوەی دەبە پلاستیكیەكان دوای ئەوەی ئاگادار كراینەوە لە پڕبوونی سەلەكان، دەچین بۆ ئەوەی سەلەكان لە گەڵ خۆمان ببەینەوە بۆ كارگەكانی ریسایكلین دووبارە پاشماوەی پلاستیك بكەینەوە بە بەرهەمێكی نوێ‌، ئەمەش لە رێگای وێنە و ڤیدیۆ پیشانی قوتابییانی دەدەین و ئامانجمانە قوتابی فێری ئەوە بێت گرنگی بەپاكو خاوێنی ژینگە بدات و پیسی نەكات.
*پێتان وایە منداڵان بەم كارە فێری ژینگە پارێزی ببن و گرنگی پێبدەن؟
- دەخوازین ئەم پرۆژەیە منداڵەكان فێر بكات كە بەو پەڕی بایەخەوە گرنگی بە ژینگە بدەن، هەروەها ئەم پرۆژەیە هانیان بدات كە دەست بە پرۆژەی خۆیان بكەن بۆكۆكردنەوەی خاشاك و رێگە چارەیەك بدۆزنەوە بۆ دووبارە بەكارهێنانەوەی ، دەشخوازین بەهاوكاری بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی رواندز كارێكی زۆرباش بكەین و كاریگەرێكی زۆرباش لەسەر منداڵان درووست بكەین بۆئەوەی ئەم سروشتە جوانەو دڵگیرە بپارێزن.

زۆرترین بینراو