رێنمایكاری پەروەردەیی لە قوتابخانەكان پێویستن؟

محەممەد مەحموود

پڕۆسەی رێنمایكردنی پەروەردەیی لە قوتابخانە تاچەند گرنگ و پێویستە دەمانەوێت لەم بابەتە باسی درووستكردنی پەیوەندێكی بەهێز لە گەڵ كارگێری قوتابخانە،مامۆستایان،سەرجەم قوتابییان و فەرمانبەران دەكەین، كە خۆی لەچەند خاڵێك دەبینێتەوە لەوانە:
یەكەم: بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەكانی قوتابخانە:بەڕێوەبەر و یاریدەدەران كۆڵەَگەیی بەهێزی كاری ڕێنمایی پەورەدەیین لە قوتابخانە، دروست كردنی پەیوەندی لە گەڵ ئەم كۆڵەگەیە سەركەوتنێكە بۆ كاری ڕێنمایی و كەسایەتی ڕێنماییكار. بۆئەمەش دەتوانین بەم خاڵانەی خوارەوە ئەم پەیوەندییە دروست بكەین:
أ‌. یەكگرتن یان دروستكردنی بەرەیەك بۆ ئەوەی ئەم بۆچوونە لای بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەكانی درووست بكات، كە سەرجەمیان بۆ خزمەتی رەوشی پەروەردەن و هیچ كامیان زیاد نین، ئامانجیان بەرەوپێشبردنی رەوشی قوتابییان و پەورەدەیە لە قوتابخانە.
ب‌. ڕێنماییكار بۆچوون و تێڕوانینەكانی خۆی سەبارەت بە بڕیار و ئەركەكانی بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەكانی بە شێوەیەكی باش دەرببڕێت، وەك ئاماژەیەك بۆ خەمخۆریی ڕێنماییكار.
ت‌. لەكاتی داواكردنی ئەركێك لە ڕێنمایكار لە دەرەوەی ئەركەكانی ڕێنمایكار، پێویستە ڕێنمایكار ڕاستەوخۆ نەڵێت (ئەمە كاری من نییە و من ئەنجامی نادەم) بەڵكو پێویستە سوود لە ئەرك و كارەكانی خۆی وەرگرێت بۆ ئەوەی لەم چەشنە داوایانە دوور بكەوێتەوە، ئەویش بە پەیڕەوكردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە دەكرێت :
یەكەم: لەگەڵ سەرەتایی دەستبەكاربوونی دەوام دەبێت ڕێنماییكار پەیامی پەروەردەیی و ئیش و كارەكانی خۆی بۆ بەڕێوەبەر و مامۆستاكان لە ڕێگەی سمینار، كۆبوونەوە، بڵاوكراوەی ئەركەكان، لیژنەكان روون بكاتەوە.
دووەم: ئەنجامدانی كارەكانی خۆی و نەهێشتنەوەی كاتی بەتاڵ لە دەوامی خۆی.
سێیەم: هەندێ جاریش دەكرێت سوود لە وشە پرسەكان وەربگرێت .
دووەم: مامۆستایانی قوتابخانە: مامۆستایانی قوتابخانە بزوێنەرو كاری رێنمایی پەرورەدەیین، دەبێت پەیوەندییەكی پیشەیی و هاوڕێیانە لە گەڵ مامۆستایان دروست بكرێت، بۆ ئەوەی بە ئاسانی بەرنامەكانمان جێبەجێ بكرێن، ئەوانیش ببنە ڕێگەیەك لە بڵاوكردنەوەی ئیش و كارەكان، بە شێك لە كێشەكان و ئەو دیاردانەی هەستی پێدەكەن بۆ ڕێنماییكاری پەروەردەیی رەوانە بكرێن، یان رێنماییكاری لێ ئاگادار بكەنەوە.
بۆ دروستكردنی پەیوەندێكی درووست و پیشەیی لە گەڵ مامۆستاكان دەتوانین سوود لەم خاڵانەی خوارەوە وەربگرین:
أ‌. هەر مامۆستایەك پێویستی بە شێوەیەك لە مامەڵە و پەیوەندی جیاواز هەیە، دەبێت (شێوازی كەسایەتی) مامۆستاكان بناسیرێت، چونكە دەبێتە ڕێگەیە خۆشكەر بۆ پەیوەندییەكان.
ب‌. دەبێت بە دڵێكی فراوانە رەخنەی مامۆستاكان وەربگیرێت، بە هۆی نوێبوونی پیشەكە تووشی رەخنە دەبن.
ت‌. ئەو رەخنە و تێبینیانەی رێنمایكار لەسەر مامۆستاكان هەیانە دەبێت لە چوارچێوەیەكی زانستیدا بێت نەك خۆیی یان كەسی بێت، لە كاتی ئاراستەكردنی رەخنەكان دەبێت بە شێوەیكی نەرم و رووبەڕوو بێت، بەبێ ئاگاداركردنەوەی هیچ مامۆستایەكی تر.
پ‌. هەندێ جار پێویستە ستایشی مامۆستاكانیش بكرێت، لە پێناو سەرخستنی پڕۆسەی ڕێنمایی و پەروەردەیی. بۆ نموونە (ئەگەر رێنمایكار دیتی یان هەستیكرد مامۆستایەك پشت بە لێدان و سەركۆنەكردنی قوتابییەكان نابەستێ، پێویستە هەم دەستخۆشی لێ بكەن، هەمیش لە كۆبوونەوەكان باسی بكەین).
ج‌. دووركەوتنە لە هەر مشتومڕ و گفتگۆیەكی ڕەق، چونكە دواجار بە زیانی پڕۆسەی ڕێنمایی دەشكێتەوە.
ح‌. بەرچاو ڕوونكردنی مامۆستان بۆ چۆنیەتیی هاوكاریكردنی ڕێنماییكار لە كێشە و دیارەكان و حاڵەتەكان یانیش ناردنی قوتابی بۆ لای ڕێنمایكار.
سێیەم: قوتابیبانی قوتابخانە:
قوتابییان بابەتی سەرەكی كاری ڕێنمایی پەورەدەیین. پێویستە ڕێنمایكار زۆر بە وردییەوە مامەڵە لە گەڵ قوتابییان بكات، بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشترین شێوە خزمەتی قوتابییان بكات، بۆ ئەم مەبەستە هەندێ خاڵ پێویستن بۆ ئەوەی ببنە یارمەتیدەر بۆسەركەوتنی پڕۆسەی ڕێنمایی.
خاڵەكانیش ئەمانەی خوارەوەن:
1- هەندێ لە قوتابییەكان بە بارودۆخێكی گران و ناخۆش تێپەڕ دەبن، یان ئەوەتا بارودۆخە ناخۆشەكان رووبەڕوویان بووەتەوە، یان بە هۆی هەندێ هۆكارەوە رەنگە بێتە پێشیان، دەبێت ڕێنماییكار بە دوای ئەم بابەتانە بگەڕێت و چارەسەریان بكات.
2- دەبێت بەردەوام ڕێنماییكار لەناو قوتابییان بێت، یان نزیك بێت لە قوتابییان.
3- نابێت ڕێنماییكار بە چاوی گومانەوە سەیری هیچ ڕێنماییخوازێك یان قوتابییەك بكات.
4- دەبێت ڕێنماییكار رووخۆش و قسە خۆش گفتوگۆ شیرین بێت، هەمیشە بە دەستەواژەی جوان مامەڵە لە گەڵ قوتابییان بكات، لێیان بپرسێیتەوە، ئەمانە وا دەكەن پەیوەندییەكی باش و دروست هەبێت لە نێوان قوتابییان رێنماییكاران، دواتر متمانە و بڕوابوون بە ڕێنماییكار لە لای قوتابییان دروست دەبێت.

زۆرترین بینراو