رێنمایی بۆ ڕۆژنامەنوسان لە سەردەمی كۆرۆنادا

سەلام عومەر، راهێنەری رۆژنامەوانی
هاوكارە خۆشەویستەكانم، ئەزانم بەیانی جەژنی قوربان بێت یان ئێوارەی نەورۆز؛ بەیانی هێرشی داعش بێت یان ئێوارەی ڕوماڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئێوە هەر لەسەر كارن؛ زۆربەی كاتیش هیلاكی و ماندوبونتان بەگوێرەی پێویست لەبەرچاو ناگیرێت. تا ئێوە سەلامەت بن و كۆمەڵگەش لە زانیاری راست و دروست بێبەش نەبێت، تكایە رەچاوی ئەم دە رێنماییە بكەن كە لەلایەن (تۆڕی ڕۆنامەنوسانی نێودەوڵەتی)یەوە پشتڕاست كراونەتەوە:
یەكەم: پێویستە ئێوە باش خۆتان بپارێزن، بێ ئێوە هیچ چیرۆكێك ناگاتەجێ.
دووەم: تكایە با هەواڵ و چیرۆكەكە وەك خۆی بگات؛ لەكاتی قەیران و ململانێدا، زانیاری زۆر بەڵام پشتڕاست نەكراوە زۆر دەبێت. ئەگەر دڵنیانیت، بابەتەكە بڵاومەكەرەوە. هەواڵی كەم باشترە لە هەواڵی پشتڕاست نەكراوە. ئەزمونی ڕۆژنامەوانی تۆ لە سەنگی مەحەك دەدرێت كاتێك خوێنەرەكانت چاودێریت دەكەن تا بزانن تۆ چۆن مامەڵە لەگەڵ ڤیدیۆی پزیشكێك دەكەیت كە دەڵێت ئەمریكا ڤایرۆسەكەی هاوردەكردووە.
سێیەم: لەم قۆناغەدا جەخت بخەرە سەر ئامادەكردنی راپۆرت و گواستنەوەی زانیاری لەباتی تەحلیلكردن و دۆزینەوەی چارەسەری كۆرۆنا، شارەزایانی بوارەكە لەو باوەڕەدان هێشتا زووە هەر كەس بێت و شیكردنەوە بۆ كۆرۆنا بكات، شارەزا لە شیكردنەوەی چالاكی گروپە چەكدارەكانی عیراق ناتوانێت پرۆسەی گواستنەوەی كۆرۆنا شیبكاتەوە.
چوارەم: تكایە تا قەیرانەكە تێدەپەڕێت ناونیشان و سەردێڕی ڕاست و دروست بەكاربێنە؛ كاتی ڕامكردنی خوێنەر نییە. نە زیاد، نە كەم.
پێنجەم: وردبینی، وردبینی، ئینجا وردبینی. هەموو ژمارەكان ڕاست نین؛ لە هەموی گرنگتر ئەو خاڵەیە كە پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەكان سەرچاوەی سەرەكی بن لەكاتی بەراوردكردنی ژمارە و زانیارییەكاندا.
شەشەم: قەیرانەكە هەلێكیشە بۆ برەودان بە گوتاری رق و كینە و نەژادپەرستی. تكایە لەگەڵ ناوهێنانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەوەندە ناوی "چین" دوبارەمەكەرەوە؛ ڤایرۆسەكە پەیوەندی بە هیچ میللەت و شارێكەوە نییە.
حەوتەم: زۆر گرنگە پسپۆڕان و پزیشكانی شارەزا لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا بدوێنیت؛ ئامادەكردنی پرسیاری باش، دەرئەنجامەكەی بابەتی رۆژنامەوانی باشە و سەنگینە.
هەشتەم: پێویستە پشوو بدەیت؛ بەردەوام روماڵكردنی بابەتی قەیران و هەواڵی وەك ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر دەروونت دەبێت، بۆیە پشوودان پێویستە.
نۆیەم: تەنیا بە دوای بابەت و ناونیشانی سەرنجڕاكێشدا مەگەڕێ. زۆر بابەتی پێویست هەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە لەوانەیە لایكی زۆرت بۆ نەهێنێ بەڵام تا بڵێی گرنگن. تەنیا بڵاوكردنەوەی ژمارەی توشبوان گرنگ نییە، شێوازی دەستشتن و ڕێنمایی دەربارەی شێوازەكانی خۆپارێزییش تەواو گرنگن.
دەیەم: بەكۆتاییهاتنی ڤایرۆسەكە، كاری رۆژنامەوانی تۆ تەواو نابێت. دوای رەوینەوەی مەترسییەكان، كاری رۆژنامەوانییمان پێویستە جەخت بكاتە سەر شێوازی مامەڵكردنی سیاسەتمەدارەكان لەگەڵ قەیرانەكە یان ئەو وانانە چی بوون كە لەم ڤایرۆسەوە فێربوین.

زۆرترین بینراو