رێژه‌ی له‌سێداره‌دان له‌ ئێران به‌رزترینه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیھان

رێژه‌ی له‌سێداره‌دان له‌ ئێران به‌رزترینه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیھان

جاڤید ره‌حمان، پسپۆڕێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ بواری مافی مرۆڤ له‌ ئێران رایگه‌یاند: رێژه‌ی له‌سێداره‌دان له‌ ئێران له‌سه‌ر ئاستی جیھاندا به‌رزترینه‌.

ره‌حمان له‌ راپۆرتێكدا بۆ كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاندووه‌" ساڵی رابردوو كۆت و به‌ندی سه‌ر ئازادی راده‌ربڕین له‌ ئێران زیادیان كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌" ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی له‌سێداره‌دان له‌نێوان پیاوان و منداڵاندا گه‌یشتووه‌ته‌ ٢٥٣ حاڵه‌ت".

ئه‌و پسپۆڕه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان روونی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵی ٢٠١٨ دا حاڵه‌ته‌كانی پێشێلكاری به‌رامبه‌ر منداڵان تۆماركراوه‌.

باسی له‌وه‌ش كردووه‌، له‌و حه‌وت منداڵه‌ی تاوانبار كراون و له‌ ساڵی ٢٠١٨ له‌سێداره‌ دراون ، دوو منداڵیان ته‌مه‌نیان ١٧ ساڵان بووه‌ و تۆمه‌تبار كراون به‌ تاوانی ده‌ستدرێژی و دزی كردن.

ره‌حمان له‌ راپۆرته‌كه‌یدا ده‌ڵێت" سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ژماره‌ی سزاكانی له‌سێداره‌دان كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٨ جێبه‌جێكراون به‌ به‌راورد به‌ ساڵی ٢٠٠٧ كه‌متره‌ ، به‌ڵام ھێشتا ئه‌و وڵاته‌ له‌سه‌ر ئاستی جیھان رێژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌سێداره‌دانی تێدایه‌".

به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ ، كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی له‌سێداره‌دان بۆ گۆڕانكاری له‌ یاسای بنه‌بڕكردنی مادده‌ ھۆشبه‌ره‌كان له‌ ئێران له‌ ساڵی ٢٠١٧ دێت، كه‌ به‌و ھۆیه‌وه‌ رێژه‌ی له‌ سێداره‌دان له‌ ٢٣١ حاڵه‌ته‌وه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٧ بۆ كه‌متر له‌ ٢٤ حاڵه‌ت له‌ ساڵی ٢٠١٨ دابه‌زیوه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان نیگه‌رانی خۆی نیشانداوه‌ له‌وه‌ی تائێستاش ئه‌نجامده‌رانی ٨٠ تاوان له‌ ئێراندا رووبه‌ڕووی سزای له‌سێداره‌دان ده‌بنه‌وه‌ ، له‌ نێویاندا تاوانی زینا و ھاوڕه‌گه‌زبازی و ھه‌ڵگرتنی مادده‌ی ھۆشبه‌ر ھه‌یه‌ .

زۆرترین بینراو