رێژەی قوماركردن لە سۆران لە زۆربووندایە

رێژەی قوماركردن لە سۆران لە زۆربووندایە

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ - سۆران: ماوەیەكە دەنگۆی ئەنجامدانی یاری قومار لە چەند شوێنێكی سۆران بڵاوبووتەوە، بۆ ئەم مەبەستە زاری كرمانجی بەدواداچوونێكی بۆ ئەم پرسە كرد، لە بەدواداچوونەكاندا سەردانی ئەو شوێنانە كرا كەوا دەگوترێت لەو شوێنانە یاری قومار دەكرێت، یەكێك لەو كەسانەی كە ئەم یاریەی كردووە و شارەزای لێی هەیە بۆ زاری كرمانجی دوا و گووتی" جیا لەو یاریەی لە رێگەی كۆمكانەوە دەكرێت، ئێستا زیاتر لە رێگەی لاپتۆپ یان مۆبایل قومار دەكرێت، تێیدا ئەكاونتێكی تایبەت بۆ بەشداربوو دادەنرێت و پێشبینیەكانی بۆ یاری تۆپی پێ دەنووسرێتەوە، بڕی ئەو پارەیەش ئاماژەی پێدەكرێت كەوا بەشداربووی پێی بەشداری كردووە، جا ئەگەر پێشبینیەكان راست دەرچوون ئەوا بڕی پارەی قازانج وەردەگرێت، ئەگەریش پێشبینیەكان راست دەرنەچوون ئەوا دۆڕای و پارەكەت زەرەر كرد".
سەبارە بەو كەسەی ئەم كارە بەرێوەدەبات ئەم بەكارهێنەرە دەڵێت" ئەو كەسەی ئەم ئەكاونتانە دادەنێت سەرەتا لای كۆمپانیا دەبێت بڕێكی زۆر پارە لە حسابەكەیدا هەبێت، دواتر وەك مەندووبی كۆمپانیا ئەكاونت دادەنێت و یاریەكە لای خۆی بەرێوە دەبات".
بەكارهێنەرێكی تری ئەم یارییە دەڵێت" من لە یاری نێوان ریال و بەرشەلۆنەدا بە بڕی 100 دۆلارم بەشداریم كرد، پێشبینیەكانم راست دەرچوون و بڕی 1100 دۆلارم وەرگرت".
ئەم بەكارهێنەرە ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد" هاورێم هەبووە باوكی كچەكەی لە رێگای قۆمار دوڕاند و كچەكەش خۆی كوشت، هاورێكم لە رێگەی ئەم یارییەوە ئۆتۆمبێڵەكەی دۆڕاندووە. بەڵام لە ئێستادا بەكارهێنەری ئەم یارییە زۆربوونەو لە زۆر شوێن دەكرێت".
لای خۆشیەوە سەدیق خوركی بەڕێوەبەری ئاسایشی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند" لای خۆمانەوە سەرجەم كافتریاكان و ئەو شوێنانەی گومان دەكرێت قوماری تێدا دەكرێت، بەڵێننامەیان پێ بڕكردووتەوە، بۆ ئەوەی لەو شوێنانە قومار نەكرێت و هەر شوێنێكیش ئەم جۆرە یاریانەی تێدا بكرێت دایدەخەین و خاوەنەكەی رووبەرووی یاسا دەكەینەوە، بەڵام بەردەوام تیمەكانمان بە چاوكرایەوە رووبەرووی هەر حالەتێكی لەم جۆرە دەبنەوە، پێشتریش چەند شوێنێكمان داخستوە و چەند كەسێكمان بە ئامێری قۆمارەوە دەستگیركردووە و رووبەرووی یاسامان كردوونەتەوە".
بەرێوەبەری ئاسایشی سۆران راشی گەیاند" لە ئێستادا لە رێگەی ئامێری پێشكەوتووە ئەم یارییە ئەنجام دەدرێت، بۆیە داواكارم لە هاووڵاتیان خۆیان بە دوور بگرن لەم جۆرە یاریانە، چونكە هەر كەسێك لەسەر تۆمەتی هەر جۆرە قۆمارێك دەستگیر بكرێت رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.

 

زۆرترین بینراو