رێگای سەرەكی – سۆران – سیدەكان بێ رێنمای و تابلۆی هاتووچۆیە

رێگای سەرەكی – سۆران – سیدەكان بێ رێنمای و تابلۆی هاتووچۆیە

پشتیوان كەریم - سۆران: رێگەی سەرەكی سۆران - سیدەكان، رێگەی سەدان گوندە و رۆژانە هاتووچۆی زۆری تێدا دەكرێت، بەهۆی سەختی رێگاكە دووای دروست كردنی چەند شوێنێكی رێگاكە روو چووە، جیا لەمە نەبوونی رێنمای و تابلۆیەكانی هاتووچۆ رەش بوونەوەی هێلكاری رێگاكە مەترسی زۆری درووست كردووە و بەهۆی نالەباری كەش ئەگەری رووداوی نەخوازراوی لێ دەكەوێتەوە.
سەدیق حەسەن شوفێرێكە رۆژانە كاری گواستنەوی هاووڵاتییان لە ناحیەی سیدەكان بۆ سۆران ئەنجام دەدات، بۆ زاری كرمانجی گووتی" رێگاكەمان كەم و كوڕی زۆری هەیە، جیا لە خراپ بوون و رووچوونی بەشێكی رێگا، هەروەها كەمی هێماكانی هاتووچۆو و نەبوونی هێلكاری لە رێگاكەدا كێشەی زۆری بۆ ئێمە درووست كردووە.
بە گووتەی ئەو شوفێرە، داڕمانی شاخ و هاتنە خوارەوەی بەرد كێشەیەكی تری بۆ درووست كردوون، دەڵێ" پێویستە كەرتی چواری رێگاو بانی سۆران بەردەوام چاودێری ئەو رێگایە بكات، چونكە لە كاتی هاتنە خوارەی بەرد كارەساتی گەورە درووست دەكات و ئەگەری درووست بوونی رووداوی نەخوازراو هەیە".
تەلعەت سلێمان شوفێرێكی ترە بە زاری كرمانجی گووت": بەشی هەرە سەرەكی و گرنگی رێگای هاتووچۆی نێوان سۆران – سیدەكان پێویستی بە هێلكارییە، ئێمەی شوفێران رۆژانە هاتووچۆ لەو رێگەیە دەكەین و لە كاتی نالەباری كەش و هەوا و درووست بوونی تەم، مەودای بینین لە دوومەتر كەمترە و بە ئەستەم پێشخۆمان دەبینین و هاتووچۆ كردن زەحمەت دەبێت، پێویستە ساڵانە هێلكاری بۆ رێگاكە بكرێ‌ تا ئەوانەی لەو رێگایەدا هاتووچۆ دەكەن سەلامەت بن، گووتیشی " لە هەندێك شوێنیش هێمای هاتووچۆ وەك پیویست نین و چەندین جاریش لایەنە پەیوەندی دارەكانمان لێ ئاگادار كردۆتەوە".
لای خۆشیەوە، رائید دلاوەر لەتیف گووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند" وەكو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ لە چەند گرفتێكی رێگاكانی سۆران و دەورووبەریمان چارەسەر كردووە، لە دووسایدی سیدەكانیش 70 تابلۆ و رێنمای هاتووچۆمان هەڵواسیووە لەگەڵ دانانی پێنج تاسەیی یاسایی .
گووتەبێژی هاتووچۆی سۆران دەڵێت" بۆ رێگەی سەرەكی سۆران - سیدەكانیش كەشف و دەرخەستەمان كردووە، هەر كاتێك رەزامەندی وەزارەتی لەسەر درا بێگومان هێلی سپی و هێڵە ئەرزیەكانی هاتووچۆ نوێ دەكەینەوە و رێنمای و هەرچی پێویست بێت بۆ رێگاكە دای دەنێن .
رێگەی سەرەكی سۆران - سیدەكان لە چەند شوێنێكدا رووچووە و هاووڵاتییان بە ترسەوە هاتووچۆی تێدا دەكەن و داوای چاككردنەوی بەپەلە لەلایەنی پەیوەندی دار دەكەن، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكانیش دەڵێت" رەزامەندی سێ رێگای سەرەكی ناوچەكە وەرگیراوە و نۆژەن دەكرێنەوە .
ئیحسان چەلەبی بەرێوبەری ناحیەی سیدەكان بە زاری كرمانجی راگەیاند" رێگەی سەرەكی نێوان سۆران- سیدەكان نزیكەی 190 ملیۆن دینار بوددجەی بۆ دەرچووە، بەڵام بە هۆی هاتنی وەرزی زستان و سەرماو سۆڵەوە راگیراوە و دەستی پێنەكرا ".
زیاتر گووتی" بۆ دابین كردنی رێنمای و تابلۆی هاتووچۆ لە رێگەی سەرەكی سیدەكان، نوسراومان بەرز كردۆتەوە و لە وەرزی بەهار هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ چاككردنەوەی رێگای سەرەكی سیدەكان و دانانی تابلۆ و چارەسەركردنی كەم و كوڕیەكانی .
لەسەرو و بەندی دەست بەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمەلێك پڕۆژەی خزمەتگوزاری گرینگ چوونەتە واری جێبەجێ كردن و هەلمەتێكی فراوانی دروست كردن و نۆژەنكردنەوەی ژمارەیەك ڕێگاو بانی دەرەكی لە سەرتاسەری كوردستان دەستی پێكردووە و لە دەڤەری سۆرانیش چەندین رێگا و بان كاری نۆژەن كردنەوەییان بۆ ئەنجامدرا.
ئەندازیار خوسرەت سادق دری بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی رێگا و بانی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند" ئاگاداری تێكچوونی بەشێكی رێگای سۆران - سیدەكانین لەنزیك گوندی بادلیان و چەند ناوچەیەكی تری رێگاكە بەهۆی زەنەگی شوێنەكە و زۆری ئاوی ژێر زەوی رووچووە یا قیڕەكەی تێكچووە و تاسە و چاڵێ‌ زۆری لێپەیدا بووە .
بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستتی رێگا و بانی سۆران دەڵێت " هەرچەندە رەزامەندی وەرگیراوە بۆ نۆژەن كردنەوەی رێگاكانی سۆران - سیدەكان و هەریەك لە رێگای كەژەك و دەشتی هێرت، بەڵام بەهۆی خراپی كەش و هەوا ناتوانین لەو وەرزەدا دەستكاری رێگاكان بكەین .
لە بارەی نوێ كردنەوەی هێلی سپی رێگای سەرەكی سۆران - سیدەكان، بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی رێگا و بانی سۆران دەڵێت" لە ئێستەدا نوێ كردنەوە و لێدانی هێلی سپی هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نەماوە و كاری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆیە .
رێگەی سۆران – سیدەكان، رێگەی زیاتر لە 300 گوندە و رۆژانە هاتووچۆی زۆری تێدا دەكرێت، چەند ساڵێك لەمەوبەر كاری قیرتاو كردنی لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ كراوە، بەهۆی سەختی رێگاكە دووای دروست كردن چەند شوێنێكی رێگاكە روو چووە و هێلە ئەرزییەكانی هاتووچۆ لە رێگەكەدا رەش بۆتەوە, ئەمەش گرفتی زۆر بۆ شۆفێران درووست كردوە.

زۆرترین بینراو