رێگای گەلی لەگەڵ هاتنی باران بارین دادەخرێت

رێگای گەلی لەگەڵ هاتنی باران بارین دادەخرێت

محەمەد ئامۆكەیی- سۆران: لەگەڵ هاتنی هەر بارنێكی بە لێزمە لە رێگای گەلی عەلی بەگ ئاوێكی زۆر لەسەر پردوو شەقامەكە كۆدەبێتەوە و ئەوەش وایكردووە هەندێ جار گرفت لەبەردەم هامووشۆی ئۆتۆمبێل درووست بێت، هاتنی یەكەم بارانی ئەمساڵیش ئەو گرفتە جارێكی تر سەری هەڵدایەوە و ئاوێكی بەرچاو لە سەر شەقام و پردی دەروازەی خەلیفان كۆبویەوە، ئەو شوفێرانەی بەو رێگایە هاتووچۆ دەكەن داوای ئەوەیان هەیە لە كەرتی رێگاوبان ئەو گرفتە چارەسەر بكەن.
ئەنوەر ئەحمەد، پیشەی شوفێرە و دەڵێت" رێگای گەلی لە كاتی باران بارین هەندێ مەترسی دارە لەبەر ئەوەی ئەگەری داڕمانی شاخ هەیە، بەڵام گرفتێكی تر هەیە ئەو سێ پردەی لە رێگایەكە هەن لە وەرزی زستان ئاوێكی زۆری بارانی لەسەر كۆدەبێتەوە و ئەوەش ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروست دەكات، ئەو گرفتەی من باسی لێوەدەكەم دەبێت كەرتی رێگاوبان خەمێكی لێ بخوات و هەوڵ بدرێت ئاوی باران بەو جۆرە كۆنەبێتەوە لەسەر ئەو پردانە ئەوەش دەكرێت ئەندازیارانیی رێگاوبان چارەسەرەكە بدۆزنەوە.
شوفێرێكی تریش ئاماژە بەوەدەكات و گووتی" لەئەگەری كۆبونەوەی ئاو لە دەروازەی خەلیفان ئەو ئۆتۆمبێلانەی بچوكن ناتوانن خۆیان لەو ئاوە دەرباز بكەن، چەندین ساڵە ئەو گرفتە هەیەو بەرپرسانیش ساڵانە دەڵێن" ئامادەكرایمان كردووە بۆ هەر ئەگەرێك بۆیە من لێیان دەپرسم فەرمون ئەوە دەروازەی خەلیفان ئاوی لێ كۆدەبێتەوە چاكی بكەن.
ئەندازیار سەرهەنگ رەشاد، بەڕێوەبەری كەرتی دووی رێگاوبانی شەقڵاوە و خەلیفان بۆ زاری كرمانجی گووتی" ئاگاداری ئەو گرفتەین و هەموو پردێك كە دروست دەكرێت شوێنی دەرچونی ئاوی هەیە، لەوانیە ئەوی ئێمە باسی لێوەدەكەین هەبوونی پاشماوەی قوڕوو لیتە بێت لە رۆخی پردەكە، هەموو ساڵێك وەك كەرتی دووی رێگاوبان ئامادەكاری دەكەین بۆ ئەگەری دروستبوونی لافاو و كارەساتە سروشتییەكان لەو رێگایەنەی كە لە سنووری كەرتەكەمان دان، بۆیە ئەمساڵیش خۆمان ئامادەكردووە و لەبەرنامەمان دایە ئەو رێگایە پاك بكەینەوە بە پردەكانیشەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەندێ پڕۆژە دەرچونە ئامێرەكانمان لەو شوێنانەن خەریكی كاركردن و دوای تەواوبوونی دەست بە كارەكانمان دەكەینەوە.
ئەوەشی خستەڕوو" لە بەیانیەوە سەردانی شوێنەكە دەكەین و بزانین گرفتی سەرەكی چیەو ئەوەی پێویست بێت بیكەین و وەك ساڵەكانی تر چەند بارە گرفت روونەدات.

زۆرترین بینراو