رەوشی خوێندنی  قوتابییانی كورد لە دەرەوی وڵات  لە دوایی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا چۆنە

رەوشی خوێندنی قوتابییانی كورد لە دەرەوی وڵات لە دوایی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا چۆنە

وەك ئاشكرایە ساڵانە ژمارەیەكی زۆرلە قوتابییانی كوردستان بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندنی باڵا، روو لە دەرەوی وڵات دەكەن , وەك دەزانین ئەم ساڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرتاپای جیهانی گرتەوە , كاریگەری لەسەر هەموو ئاستەكانی ژیان هەبوو, لەم راپۆرتەدا دەمانەوێت رەوشی ژیان و خوێندنی ئەم خوێندكارانە بزانین كە لەدەرەوەی وڵات دەخوێنن, ئاخۆ كۆرۆنا چ كاریگەریەكی لەسەرژیانی ئەوان هەبووە؟ رەوشوگوزەرانیان چۆنە؟ حكومەت تا چەند هاوكاری كردون؟ تائیستاش بەردەوامن لە خوێندن؟بۆ ئەم مەبەستە زاری ركانجی چەند قووتابیێكی دەرەوی وڵات دەدوێنێت.
راپۆرت : راژان ئەحمەد – تایبەت بەزاری كرمانجی
سەرەتا سەركار سەباح عەبدوڵڵا ، قوتابی قۆناغی ماستەر لە زانستی وەرزشی لە زانكۆی ئەسكندریە لە وڵاتی میصر بۆزاری كرمانجی گووتی" خوێندن بۆ خۆی كارێكی گرانە، هەڵبەتە ئەگەر لە دەرەوەی وڵات بخوێنیت، بەتایبەتی بۆ قوتابییانی كورد كە لە هەل و مەرجێكی ئابووری نالەبار درێژە بەو پرۆسەیە دەدەن ، سەركار دەربارەی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەریەكانی گووتی" ئەوەی كارەكەی زۆر قوڕستر كرد، هاتنی ئەو پەتایە بوو، وە بڵاو بوونەوەی بوو لە هەموو جیهان كەوای كرد پرۆسەی خوێندن پەكی بكەوێت، بۆیە بەناچاری پەنا ببرێتە بەر زۆر رێگەی جیاواز بۆ درێژە دان بە پرۆسەی خوێندن، یەكێك لەو رێگایەنەش خوێندنی ئۆنلاین بوو، بێگومان لە دوارۆژێكی نزیك لێكەوتە خراپەكانی دەردەكەوێت.
ئەم قوتابییە گووتیشی "وەك قوتابییەكی كورد لە وڵاتی میصر بە هیچ شێوەیەك هیچ هەماهنگیەكمان نەبوو لە گەڵ نوێنەری حكومەتی هەرێم ، بگرە نەشمان ئەزانی ئەو كەسە كێیە؟! لە كاتێكدا كونسڵخانەی عێراق زۆر هەماهەنگ بوو لەگەڵ قوتابییانی عێراقی لەو وڵاتە.
سەركار دەربارەی درێژەدان بەخوێندن گووتی"توانرا بە جۆرێك لە جۆرەكان پڕۆسەی خوێندنی باڵا بگەیندرێتە خاڵی كۆتایی، لە ئێستادا خەریكی تاقیكردنەوەكانی كۆرسی یەكەمم، كە لەناو كۆلێژ ئەنجام دەدرێت بە شێوەی نووسینەكی، واتە وەك جاران وەڵامدانەوە لەسەر پەڕاوی تاقیكردنەوە دەبێت.
هۆژدار موستەفا قوتابی زانكۆی ئوڕاڵی فیدڕاڵی لەوڵاتی رووسیا بۆزاری كرمانجی لەسەر ئەم بابەتە گووتی"گوزەرانی قوتابییان لە ڕەوشێكی باشدا نییە، چونكە زۆربەی هەرە زۆری قوتابییان پشت بەو بڕە پارەیە دەبەستن كە لە كوردستانەوە بۆیان دێت، لەوێش بارودۆخی درایی تووشی قەیران بووە، بۆیە كاریگەرییەكەی لێرەش بۆ ئێمەی قوتابییان نەرێنی دەبێت لەسەرمان.
هۆژدار گلەیی لەحكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەبوو گووتی " لەبەرئەوەی ئێمە حكومەتێكی ناشەرەزا بە دونیای زانست و مەعریفەمان هەیە، كەسانی نا ئەكادیمی و نەزان بەرێوەی دەبەن، بۆیە نەك هاوكاریمان ناكات، بەڵكو نازانێت هەرلێرەشین، من موعیدی زانكۆ بووم، كە هاتم بۆ خوێندن، حكومەت لە بری هاوكاری زیاترم بكات، نیوەی مووچەكەی بڕیم! شتی وا لە دونیادا نییە: موعیدێكی زانكۆ بڵێت من دەچم دەخوێنم، حكومەتیش بڵێت مادام تۆ دەچی دەخوێنی منیش مووچەكەت دەبڕم. ئەمە بە ناڕاستەوخۆ هاوكارینەكردنە.
دەربارەی بەردەوامی دان بە خوێندن ئەو قوتابییە دەڵێت" بەڵێ بەشێوەی ئۆنلاین بەردەوامبووین لە خوێندن. تاقیكردنەوەكانیشمان بە ئۆنلاین كرد.
كارزان محەممەد قوتابی زانكۆی ئوڕاڵی فیدڕاڵی لە وڵاتی رووسیایەكێكی تربوو لەبەشداربووانی ئەو راپۆرتەو بۆزاری كرمانجی دەڵێت"لە گەڵ هاتنی كۆرۆنادا زۆربەی شتەكان پێچەوانەبوونەوەو جگە لە زیانە تەندروستیەكەی، زیانی ئابووری گەورەی دروست كرد، كە ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر گشت سێكتەرەكان، بەتایبەت بۆ قوتابییان لەدەرەوەی وڵات، چونكە زۆربەی ئەوقوتابییانەی لەدەرەوەین لەسەرمووچەیەكی دیاریكراوین، كەئەویش چەند مانگ جارێك وەریدەگرن وە ئەوانەی بەبێ مووچە و لەسەر حسابی خۆیان و ماڵەوە دەخوێنن كاریگەری نەرێنی لەسەر بارودۆخیان دروست كردووە، ئەمە جگە لە زیانە زانستیەكەی كە بەشێوازی پراكتیكی و ئامادەبوون لە زانكۆكان كە لەگەڵ هاتنی ڤایرۆسی كۆڕۆنادا ئەو ئامادەبوونە لە زانكۆكان نەما و بووە بە ئۆنلاین.
كارزان بەردەوامی دایە قسەكانی گووتی " حكومەتی هەرێم هیچ هەوڵ و پاڵپشتیەكی ئێمەی نەكردووە چ لەرووی ماددی بێت یان لە رووێكی تر كە سودێكی بچووكی بۆ قوتابییان هەبێت، وە دەبێ ئەوەش بڵێین كە كێشەكە لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەو هەرێمی كوردستانیش بەدەرنییە لەو كێشە تەندروستییەی ئێستا.
كارزان محەممەد گووتیشی"خوێندن بەردەوامە بەشێوازی ئۆنلاین و هەندێ لەقوتابییان لێرە بەردەوامن و هەندێكیش گەڕانەوە بۆ وڵاتانی خۆیان و لەوێ درێژە بە خوێندن دەدەن.
كارمەند خدر باپیر قوتابی لە زانكۆی پزیشكی كرماشان، بەم جۆرە بۆزاری ركانجی بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو" لە گەڵ هاتنی كۆڕۆنا و بڵاوبوونەوەی یەكەم حاڵەت لە قووم، خەڵك و زانكۆش كەم كەم دەستیان دەكرد بە خۆپارێزی، بەڵام بەشێوەیەكی زۆرباش نەبوون هۆكاری ئەوەش زیاتر دەگەڕایەوە بۆ ئەوەی ئەو كاتەی كە یەكەم حاڵەت بڵاو بوویەوە لە شاری قووم لە ئێران دوای ماوەیكی كەم لەم حاڵەتە هەڵبژاردنی پەرلەمان بوو، بۆیە لەبەر ئەوەی خەڵك لە قوتابخانە و زانكۆكان دەنگ ئەدەن سندووقەكان لەوێ دادەنێن حكومەتی ئەوێ لەبەر مەرامی خۆی نەیوویست كۆرۆنا بكات بە نەخۆشیەكی جدی ،بۆ ئەوەی خەڵك نەترسێت و هەڵبژاردنی خۆی پێ بكات، چونكە كە وای نەكردبا كێشە لە ناوخۆ درووست دەبوو، بۆیە حكومەت لەبەر سیاسەتی خۆی كۆڕۆنای لە سەرەتا وەك شتێكی جدی بڵاونەكردوەوە ناچار ئێمەش بەردەوام بووین لە خوێندن سەرەڕای ئەوەی كۆڕۆنا بڵاو بووبویەوە بەس دوای ئەوەی هەڵبژاردن كۆتایی هات وردە وردە دەستیان كرد بە دانانی پۆستەرات و هەم زانكۆش سیمیناری پێ دەكردین لەسەر نەخۆشیەكە وە كردبوویانە شتێكی پابەندبوون هەر كەسێ بەشداری سیمیناری كۆڕۆنا نەكات ناهێڵن بگەڕێتەوە عێراق ....

لەروی دكتۆرەكانیشەوە ئەوان یارمەتیان دەداین، ئەیان گووت هەر كەسێ هەستی بە بچووكترین نیشانە كرد لەو نەخۆشییە ئاسایە با نەیەتە دەوام و غیاب نادرێت.
بەڵام زۆری پێنەچوو بە ڕای زۆرینەی قوتابییەكان بڕیاری چوونەوەمان دا بۆ عێراق ، كە هاتینەوە، زانكۆ بە شێوەیەكی جدی دەستیكرد بە درووستكردنی سایت و دانانی وانەكان لەو سایتە ، لەو كاتەی هاتووینەوە هەتا ئێستا ئێمە وانەكان دەخوێنین و لە خوێندن دانەبڕاوین، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە وەك ئەوە نییە خۆمان لە زانكۆ بین بۆیە شتی زۆر كەمتر فێردەبین وەك لە وەی خۆمان لە زانكۆ بین.
حكومەتی هەرێم تاكە هاوكاریمانی ئەوە بوو شوێنی دابین كرد بۆ كەرەنتینە، هەروەها پشكنینی بۆ هەموومان كرد و سەرباری ئەوەش خوێندنی باڵا بڕیاری دەركرد ئەو خوێندكارانەی لە دەرەوەی وڵاتن و هاتوونەوە هەرێم كە ئێستا لە هەرێم وانە دەخوێنن ئەوا بڕیاریاندا بە حساب كردنی ئەو خوێندنە بۆمان.

زۆرترین بینراو