زاری كرمانجی بەدوواداچوون بۆ پڕۆژەی نەخۆشخانەی سیدەكان دەكات

زاری كرمانجی بەدوواداچوون بۆ پڕۆژەی نەخۆشخانەی سیدەكان دەكات

موڕشید برادۆستی – سیدەكان: نزیكەی حەوت ساڵە لە ناحیەی سیدەكانی سەر بە قەزای سۆران، پڕۆژەی نەخۆشخانەیەكی 25 قەلەوێری بەهۆی قەیرانی دارایی كاركردنی تێدا ڕاگیراوە و هاووڵاتییانی دەڤەرەكەش داوا لە حكومەت دەكەن هەوڵی تەواو بدات بۆ وەگەڕستنەوەی ئەو پڕۆژەیە و تەواو بوونی بە پێویست دەزانن . لە سەنتەری سیدەكان تەنها یەك بنكەی تەندرووستی لێ یە، ئەویش چەندین كەم و كوڕی تێدایە و سەرباری ئەمەش هیچ جۆرە نەشتەرگەریەك لەو بنكە تەندرووستییە ناكرێت، هاووڵاتییانی دەڤەرەكە بە ناچاری روو لە سۆران و هەولێر دەكەن. بەرفراوانی ناحیەی سیدەكان و زۆربوونی رێژەی دانیشتووانان، وای كرد حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی پێشكەش كردنی خزمەت كردنی زیاتری كەرتی تەندرووستی، لە ساڵی 2014 بڕیاری دروست كردنی نەخۆشخانەیەكی گەورە بدات، پڕۆژەی نەخۆشخانەیی 25 تەختەیی سیدەكان، دوو نهۆمەو كۆمەڵێك تایبەت مەندی هەیە و بە گوژمەی 3 ملیارد و 448 ملیۆن و 350 هەزار دینار بۆ ماوەی 300 رۆژ لە گوندی سەربیش نزیك سیدەكان خرایە واری جێبەجێ كردن، بەڵام نزیكەی حەوت ساڵە پڕۆژەی نەخۆشخانەكە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە دووای ماوەیەكی كەمی كاركردن راگیراوە و تا ئێستەش دەستی پێنەكراوەتەوە. د . زێدان رەشید برادۆستی ئەندامی پەرڵەمانی كوردستان بە زاری كرمانجی گووت" لەسەر داواكاری بەندە، د . سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی دا لەسەر داواكاریمان بۆ تەواوكردنی نەخۆشخانەی 25 تەختیی سیدەكان لە دەڤەری برادۆست بە نوسراوی فەرمی بە ژمارە 11170 لە 26 - 8 - 2019 ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران - سەرۆكایەتی دیوان كراوە و تیایدا داوای رەزامەندی لەسەر دوو ملیار و نۆسەد و چل و هەشت ملیۆن دینار كراوە بۆ تەواو كردنی بینای نەخۆشخانەكە . گووتیشی " هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ وەرگرتنی رەزامەندی دارایی و دابین كردنی بوددجەی پێویست بۆ تەواو كردنی پڕۆژەی نەخۆشخانەكە . لەلای خۆشیەوە، د . كاروان جەمال بەڕێوەبەری تەندرووستی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند" بەڵێندەری پڕۆژەكە لە دەستپێكی كاركردنی بەڵێنی ئەوەیدا و كە تا پڕۆژەی دروست كردنی نەخۆشانەكە كۆتای پێنەهێنێت دەست لە كاركردن هەڵناگرێت، بەڵام بەداخەوە دووای دروست كردنی بناغە و چەند دینگەیەكی ژێر زەمینی بینایەكە بەڵێندەر كارەكانی جێهێشت هۆكارەكەش پێنەدانی پارە و بوددجەی پێویستە . روونی دەكاتەوە" دروست كردنی ئەو نەخۆشخانەیە بۆ سیدەكان زۆر گرنگ و پێویستە، چونكە سیدەكان شوێنێكی دوورە دەستە و رێژەیەكی زۆری گوندی هەیە، نەخۆشخانەكەش 25 تەختیە و نەخۆشی لێی دەخەوێندرێت، بەشی سۆنەر و تاقیگەی دەبێت، بەشی لەدایك بوون چەند بەشێكی دیكەی گرنگی هەیە، هەروەها نەشتەرگەریشی لێ ئەنجام دەدرێت، دەبێتە ئاسانكاریەكی زۆر باش بۆ هاووڵاتییان و گوندنشینان و دەڤەری سیدەكان، تا چیتر بۆ نەخۆشیەكی كەم روو لە سۆران نەكەن، ئێمەش وەك بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران بەردەوام دەبین بۆ هەر كارێك كە پێویستی بە ئێمە بێت تا چارەسەری بكەین. بەڕێوەبەری تەندرووستی سۆران گووتیشی" بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و چڕككردنەوەی هەوڵەكانمان بۆ پاراستنی خەلك و سەرقاڵ بوونمان بە نەخۆشییەكە، نەتوانراوە بە دروستی كار بۆ ئەم بابەتە بكەین، بۆیە بێگومان هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ تەواو كردنی پڕۆژەی نەخۆشخانەی سیدەكان، چونكە دەڤەرەكە زۆر پێویستە و ئەركی كەرتی تەندرووستی لە سۆران كمتر دەكاتەوە".

 

 

 

زۆرترین بینراو