زاری كرمانجی هۆكاری نەكردنەوەی دەروازەی زێتێ  ئاشكرا دەكات

زاری كرمانجی هۆكاری نەكردنەوەی دەروازەی زێتێ ئاشكرا دەكات

موڕشید برادۆستی– مێرگەسۆر: بەمەبەستی گرنگیدانی بە جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری و ئاسان كردنی هاتووچۆی هاووڵاتییان، ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی توركیا رەزامەند بوون لە سەر كردنەوەی مەرزێكی تر لە سنووری قەزای مێرگەسۆر .
دووای چەند دیدار و كۆبوونەوە، هەر هەمان ساڵ پارێزگاری پێشووی هەولێر و والی جۆلەمێرگ لە رووبارۆكی باكووری كوردستان گەیشتنە رێكەوتن لەسەر كردنەوەی مەرزی سێیەمی كوردستان لەگەڵ توركیا كە بە مەرزی زێتێ ناسراوە و لە نێوان هەردوولا رێكەوتنەكە واژۆكرا و بە گووتەی قائیمقامی ناوچەكە، بەهۆی شەڕی داعش و دروست بوونی قەیرانی دارایی كردنەوەی مەرزەكە دواكەوت، لە ئێستەدا كارتێكردنی راگیراوە و قایمقامی مێرگەسۆر هۆكارەكە بۆ زاری كرمانجی دەخاتەڕوو .
توركیا وەك حەڤدەهەمین ئابووریی دونیا، یەكێكە لە وڵاتانی ئەندامی " G20 "و ئەندامی ڕێكخراوی هاوكاری و گەشەی ئابووری " OECD "یە، ئەندامی رێكخراوی بازرگانیی جیهانی (WTO) یەو یەكێكە لە وڵاتە سەرەكییەكانی رێكخراوی هاوكاریی ئابووری " ECO " لە ساڵانی ڕابردوودا بەتایبەتی پاش 2001 گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە .
ئەو كاڵایانەی لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێن زیاتر كاڵای پلاستیكی و هەندێك خۆراك و شتی پێویستیی دیكە دێت، بەڵام لە توركیاوە خۆراك و شتی ئەندازیاریی و كەلوپەلی كارەبایی و بابەتی پەیوەست بەو بوارە و هەروەها چەند كەلوپەلێكی دیكەی بیناسازی بەگشتی دێن".
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم، دەست زاری كرمانجی كەوتووە، هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا مەرزێكی فەرمی نێودەوڵەتی هەیە و ئەویش مەرزی ئیبراهیم خەلیل-ە، بەهای ئاڵووگۆڕی بازرگانی و ئەو كاڵایانەی كەوا لەو مەرزە هاوردەی هەرێمی كوردستان و عێراق بەگشتی دەكرێن دەگاتە نزیكەی ١٠ ملیار دۆلار لە ساڵێكدا . ئەوەی لە رێگەی ئێرانیشەوە دێت نزیكەی شەش ملیار دۆلار دەبێت.
رەمەزان ئەحمەد هاوولاتییەكی دانیشتووی مێرگەسۆر بۆ بە زاری كرمانجی گووت" خەلكی ناوچەكەمان دڵخۆشن بە درووست كردن و كردنەوەی دەروازەیەكی سنووری لە دەڤەرەكەمان، چونكە سەرباری ئەوەی ژمارەیەك گوندی ناوچەكە ئاوەدانی بەخۆیانەوە دەبینن، لە هەمان كاتیش هەلی كاری جۆرا و جۆر بۆ گەنجان و هاووڵاتییانی سنوورەكەمان درووست دەبێت.
زیاتر گووتی " لە رووی كۆمەڵایەتییشەوە دانیشتوانی سنووری هەردوولا خزمایەتی نزیكیان هەیە و بەشدارن لە خۆشی وناخۆشیەكانی یەكتر، ئەم دەروازەیە ئاسانكاریێكی زور باش دەبێت بۆ هاتوچۆی هەردولا . هاوكات، لەروی ئەمنی و ئاسایشیشەوە گرنگی خۆی دەبێت چونكە بەكردنەوەی دەروازەكە ئەو شەڕ و پێكدادانەی لەنێوان توركیا و چەكدارانی پەكەكە هەیە دور دەخرێتەوە بۆردومانەكان كەمتر دەبنەوە و هاووڵاتییان و پیشەدارانیش زیانیان پێناگات .
شیلان بیبانی شارەزای ئابووری لە كوردستان بە زاری كرمانجی گووت" كردنەوەی دەروازەی سنووی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بێگوومان سوودی ئابووری بە كوردستان دەگەێنێت، هەڵكەوتەی جوگرافیای كوردستان كەوتۆتە نێوان چەند وڵاتێكەوە و هاووسنوورە لەگەڵ توركیا و ئێران و سووریا ئەمەش بووەتە خالێكی گەێنەر بۆ هاوردەكردنی شتوومەك بۆ عێراق و هەرێمیش لە رێگەی وشكانی و بەتایبەت دەروازە سنووریەكانەوە .
بیبانی ئاشكرای دەكات" لە هەرێمی كوردستان زیاتر هاوردەی شتوومەك و پێداویستی دەكرێت بە بەراورد لەگەڵ هەناردە، ئەگەر خاڵە سنووریەكان زیاتر بكرێن ئەوا دەبێتە كار ئاسانیەكی باش بۆ بازرگانەكانەكان، لە هەمان كات بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و هاووڵاتییان و هەلێكیشە بۆ بووژانەوەی ئابووری وڵات . لە هەمانكات، هەوبونی دەروازە چەند سوودی هەیە لەوانە خاڵی گومرگی، دەبێتە داهاتێك بۆ ئەو ناوچەیە ئێمە لە كوردستانیش پێویستیمان بە جێگرەوەی نەوت هەیە، خالی گومرگی لە دنیا بە داهاتێكی پڕ لە قازانج و سوود دادەندرێت و گرنگی زۆری پێدەدرێت.
" گرینگیی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، تەنیا لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیاندا نییە و هەرێمی كوردستان ڕێگای هەناردەكردنی توركیایە بۆ عێراق و بەشێك لە هەناردەكردنی ئەو وڵاتە بۆ سووریا، كوێت و ئێران‌ و ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ ئابووریی توركیا زیاتر بەرچاو دەكات، بە شێوەیەكی گشتی ئەو كاڵایانەی دێتە هەرێمی كوردستانەوە رێژەی 52 لەسەدی لە رێگەی توركیاوە دێت كە ئەویش لە رێگەی مەرزی ئیبراهیم خەلیل-ەوەیە، هەروەها رێژەی 48 لەسەدی كاڵاكانیش دیكە لە رێگەی مەرزەكانی دیكەی ئێرانەوە دێنە هەرێم و عێراقەوە".
دڵشاد نامق فەرەج مامۆستای زانكۆ و ماستەر لەپەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان بە زاری كرمانجی گووت" هەرێمی كوردستان هەمیشە هەوڵیداوە پەیوەندیەكی باشی لەگەڵ دراوسێكانیدا هەبێت، هەبوونی دەروازەكانی نێوان هەرێم ووڵاتانی دراوسێ ڕێگایەكی گرنگی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیەیە، وەلەبەر ئەوەی كوردستان خۆی دەروازەی پێكەوە بەستنی عێراق و توركیایە ولەوێشەوە بەرەو ئەوروپا، بۆیە زۆر گرنگە هەرێم زیاتر پەرە بەو دەروازانە بدات، وە بەپێی یاسا بەركارەكانی عێراق هەریەك لەحكومەتی هەرێم و فیدراڵ بەیەكەوە دەروازەكان بەڕێوەدەبەن ئەمەش هەماهەنگی لەنێوان هەردولا دێنێتە كایەوە.
زیاتر گووتی" تا ئەو دەروازانە زیاتربن باشترە چونكە دەبنە دەلاقەیەكی كرنگ بۆ كوردستان كە بتوانێت لەكاتی ناهەمواردا زۆر تەنگاو نەبێت ونەكەوێتە ژێر فشارەوە ئەگەر یەكێك لەوانە داخرا، سود لەوی تریان وەردەگیرێت، ئەو دەوڵەتانەی تری ئەودیویش بەرژەوەندیان بۆ دروست دەبێت و ناچاردەبن مامەڵەی هاوسەنگ لەگەڵ هەرێم بكەن و ڕێز لەبڕیارەكانی بگرن و وەك نەیار تەماشای نەكەن. ئەمانە هەموی سەرەڕای سودە ئابوریەكەی كە دەبێتە مایەی ڕەخساندنی هەلی كاری زیاتر وبوژانەوەی زیاتری بازاڕ .
روونیشی كردەوە، لەڕووی فەرهەنگی و نەتەوەییشەوە بەشەكانی كوردستان بەیەكەوە دەبەستێت و وادەكات تێكەڵی لەنێوان باكوور و باشوور دروست ببێت و یەكێتی نەتەوەیی ببوژێتەوە وبەهێز ببێت. ئەمانە هەموی خاڵی گرنگن كە وادەكەن پێویست بێت لەسەر حكومەتی هەرێم بایەخی زیاتر بەو دەروازە سنوریانە بدات و ڕێگاوبان و كارئاسانی پێویست بكات بۆ كردنەوەیان.
لەلای خۆیەوە، غەفوور ئەحمەد مەلا قائیمقامی شارۆكەی مێرگەسۆر بە زاری كرمانجی راگەیاند" پڕۆژەی دەروازەی زێتێ لە سنووری مێرگەسۆر بەهۆی پەیدابوونی كۆرۆنا لە كوردستان و دروست بوونی دۆخێكی خراپی ئابووری كاركردنی تێداراگیراوە، ماوەی دوو مانگ بوو تیمەكانی چاككردنەوە و پاراستنی رێگا و بانی هەولێر، خەریكی بڕین و بەرین كردنی رێگای سەرەكی دەروازەكەبوون بە مەودای 13 كیلۆمەتر و لە ئێستەدا زیاتر لە 11 كیلۆمەتر كارەكان بەكۆتای هاتووە و دواتر ئاوبەر و فەڕشكردنی رێگاكە بەشێوەیەكی باش دروست دەكرێت .
بە گووتەی قایمقامی مێرگەسۆر، دەروازەكە دەروازەیەكی فەرمی سنووریە و هاوشێوەی دەروازە فەرمیەكانی تری كوردستانە، بە كردنەوەی دەروازەكە، ئاسانكاری باش بۆ گەشتیاران و هاتووچۆی هاووڵاتییان دروست دەبێت ئەمە جیا لەوەی لە رووی ئابووریەوە گرنگی زۆری بۆ هەرێم دەبێت .
ناوبراو دووپاتی كردەوە، دووای تەواو بوونی رێگاكە، رێكارە یاساییەكانی كردنەوەی دەروازە كۆتای پێدێت و كەمپ و شوێنی رای كردنی كار و باری هاووڵاتییان درووست دەكرێت و فەرمانگە پەیوەندی دارەكان دەبێت نوێنەرایەتییان هەبێ وەك، پاسەپۆرت، گومرگ، ئیقامە، پۆلیس و ئاسایش، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتە پەیوەندی دارەكان خەریكی خۆ رێكسختنن بۆ دابین كردنی میلاكات و پێداویستیەكان تا لەو دەروازەیە ئیش و كارەكانی هاووڵاتییان رای بكەن و ئەوكات بەشێوەیەكی فەرمی و لە رێوڕەسمێكدا كردنەوەی دەروازەكە رادەگەینین .
گووتیشی" هەر كاتێك باری ئابووری كوردستان باشتر بوو، پڕۆژەی دەروازەی زێتێ - توركیا وەك یەكێك لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەكان بوددجەی پێویستی بۆ دابین دەكرێت و تەواو دەكرێت ".
لە سنووری باكووری كوردستان و توركیا سەرجەم كارەكانی ئەو دەروازەیە كۆتای پێهاتووە، رێگا و بانەكانی درووست كردوون و تەواو بوونە و كۆمەڵگەی گوومرگیشی ئامادە كردووە بۆ هاتووچۆ كردن و كردنەوەی دەروازە چاوەڕێی سنووری باشووری كوردستان دەكەن .
شایەنی باسە، مەرزە رەسمییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا بریتییە لە ئیبراهیم خەلیل و مەرزی لاوەكیشی سەرزێڕە، لەگەڵ ئێرانیش بریتیین لە مەرزەكانی حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان. هەرچی مەرزە ناڕەسمییەكان لەگەڵ ئێران ئەوا ژمارەیان پێنج مەرزە و هەندێك مەواد داخل دەبن لەم رێگەیەوە كە كەمن".

 

 

زۆرترین بینراو