زاری كرمانجی چارەنووسی موچەی چاودێری خێزان ئاشكرا دەكات

زاری كرمانجی چارەنووسی موچەی چاودێری خێزان ئاشكرا دەكات

 
" لە هەموو وڵاتان بژێوی ژیانی ئەو كەسانە دابین دەكرێت كە بێسەرپەرشتن یاخود پیر و پەككەوتە و كەمدەرامەتن

موڕشید برادۆستی – سۆران: ماوەی چوار ساڵە سوود مەند بووانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی موچەی مانگانەیان پێنەدراوە و چاوەڕوانی موچە دەكەن .
بەپێی تازەترین ئامار لە وەزارەتی كار دەست زاری كرمانجی كەوتووە، ( 81 ) هەزار كەس سوودمەندبووی چاودێری خێزانە و لەگەڵ ( 109 ) هەزار كەسی خاوەن پێداویستی تایبەت و كەم ئەندام لە وەزارەتی كار موچە وەردەگرن، چاودێرانی خێزان دووساڵە موچەی مانگانەیان كە ( 150 ) هەزار دینارە وەریان نەگرتووە، شایەنی باسە، حكومەت بۆ دابین كردنی موچەی مانگانەی چاودێری خێزان پێویستی بە زیاتر لە ( 12 ) ملیار دینار هەیە.
عائیشە قادر ئافرەتێكی دانیشتووی ناحیەی دیانایە بە زاری كرمانجی گووت " لە هەموو وڵاتان حكومەت بژێوی ژیانی ئەو كەسانە دابین دەكات كە بێسەرپەرشتن یاخود پیر و پەككەوتەن و یان هیچ سەرچاوەیەكی داهات و موچەیان نییە یا توانای خۆ بەخێوكردنییان نییە، بەڵام حكومەتەكەی ئێمە بەهۆی تێكەوتنی قەیرانی دارایی دەستی بۆ بە بڕینی موچە 150 هەزاریەكەی ئێمە درێژ كرد، بەراستی ئەوە ستەمێك بوو دەرهەق بە ئێمەی كەمدەرامەتان كرا ، ئێستاش باری ئابووری حكومەت باشتر بووە داواكارین هەرچی زووە ئەو بڕە موچەیەمان پێ بدرێت چونكە تا رادەیەك ژیانی ئێمەی سوك كردبوو.
سولێمان فەقێ هاووڵاتییەكی دانیشتووی سۆرانە و یەكێكە بووە لە سوود مەند بووانی چاودێری خێزان بە زاری كرمانجی گووت " بە لە بەرچاوگرتنی دۆخی دارایی و ژیان و گوزەرانمان ساڵانی پێشتر حكومەتی هەرێم مانگانە موچەیەكی 150 هەزار دیناری بەناوی چاودێری خێزان پێدەداین، بەو بڕە پارەیە تا رادەیەك ژیانمان پێدەگوزەرا، بەڵام ماوەی چوار ساڵە حكومەتی هەرێم موچەی ئێمەی بڕیوە و تائێستاش نازانین هۆكارەكەی چییە لەكاتێكدا لە زۆربەی موچە خۆران موستەحەق ترین .داواشی لە حكومەت كرد ژیان و گوزەرانییان لەبەر چاو بگرێت و موچەكەییان بۆ بگەڕێندرێتەوە .
لەلای خۆشیەوە، توران خدر بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند" لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیەكەمان، زیاتر لە 3 هەزار كەسی خاوەن موچەی چاودێری خێزان هەیە و لەگەڵ 6 هەزار خاوەن پێدوایستی تایبەت و كەم ئەندامان، كە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە سوودمەند بووانی چاودێری خێزان موچیان وەرنەگرتووە بەهۆی چاكسازی و هەبوونی قەیرانی دارایی حكومەت موچەكانیان راگرتووە .
بە گووتەی بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، بەشێكی زۆری ئەو خەڵكەی ناوی هەیە لە چاودێری خێزان و موچەی راگیراوە، موستەحەقی پێدانی موچە و ئەو بڕەپارەیەن، رۆژانە بەهۆی وەنەگرتنی موچەكانیان لەلایەن سوودمەندبوانی چاودێری خێزان رووبەڕی گلەی و گازندە دەبینەوە و پێویستە حكومەت دووای چاكسازی و پاكسازی لە ناوەكانییان موچەی كەسانی پێویست و مستەحەق دابین بكات.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی كار و كار و باری باری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم بە زاری كرمانجی راگەیاند" وەك وەزارەت بە فەرمی نوسراومان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كردووە و داوامان كردووە بۆ دووبارە خەرجكردنەوەی مووچەی چاودێری خێزان كە لە كات و ساتی قەیرانی دارایی مووچەكانیان راگیراوە " .
زیاتر گووتی " لابردنی پاشەكەوتی مووچەی كەم ئەندامان و سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم و ناردنی پارە لەلایەن بەغدا و نەمانی شەڕی داعش و باشتربوونی دۆخی ئابووری، هۆكارێكن بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم لەماوەی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنەوەی مووچەی چاودێری خێزان بكاتەوە " .
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كار ئاشكراشی دەكات " رێژەیەكی زۆری سوودمەنبووانی چاودێری خێزان بە ناشایستە مووچەیان وەردەگرت و ببوون بە بارگرانیش لەسەر حكومەت و ئەگەر ئەنجومەنی وەزیرانیش رەزامەندی بە دووبارە دابەشكردنەوەی مووچەكەشیان بدات، بە دڵنیایەوە چاكسازی و پاكسازی لە لیستی مووچەخۆرانی چاودێری خێزان دەكرێت، تا ئەوانەی موستەحقن مووچەكانیان وەربگرنەوە و ئەوانی تریش رەش بكرێنەوە .
ساڵی 2011 بە بڕیاریك حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی چاودێری خێزان لە 30 هەزارەوە بۆ 150 هەزار دینار زیاد كرد، لە ساڵی 2015ەوە تا ئێستە موچەی ئەو توێژە راگیراوە و هەر بە پێی زانیاریەكانیش لە كاتی بەردەستە بوونی بوددجەی 2019، ئەوا دابەش كردنی موچەی ئەو توێژە دەست پێ دەكاتەوە .

زۆرترین بینراو