زانستی شوێنەوار

ئا/ ئەحمەد كامەران

قوتابی كۆلێژی ئەدەبیات

پێشەكی ئامەدەكار
ئەركێكی گەورەو ئەخلاقی دەكەوێتە سەرشانی شوێنەوارناسان بۆ خستنە ڕووی ئەم زانستە بۆ تاكی كۆمەڵگاكەیان و رۆشنبیركردنیان لەبوونی ئەم زانستە فراوانە، هەر وەك لە باسەكانی رابردوو ئاماژەم بەم زانستە گەورەیە كردبوو لە هەندێك لایەنەوە و لەگەڵ هەندێك سەرنجم, وەك شوێنەوار ناسێك ئەم زانستە بە بەشێك لە ناسنامەی نەتەوەیی دادەنێم, چونكە كوردستان خاوەنی چەندین شوێنەواری گەورەیە كە خستنەروویان هەرگیز تەواو نابێت.
شوێنەوار یا شوێنەوارناسی زانستێكە بەگشتی گرنگی دەدات بە ناسینەوەی شارستانییەتە كۆنەكان و دەتوانێت ڕێگا هونەرییەكانی خۆی بەكار بهێنێت بۆ مەبەستی گەڕان بە دوای پاشماوەی چاخەكانی ناوەڕاستی نوێ, پڕۆگرام و بەرنامەی زانستی شوێنەوار لەم لێكۆڵینەوەیەدا پشت دەبەستێت بە گەڕان بە دوای ئەو پاشماوانەی مڕۆڤی كۆن بەخۆی دروستی كردوون, سەڕەڕای هەموو ئەو شتانەی بەشێوەیەكی راستەوخۆ ناراستەوخۆ پەیوەندی بەم مرۆڤەوە هەیە.
لەگەل ئەوەی رێكەوتنێكی گشتی هەیە لە نێوان پشكنەرەكاندا سەبارەت بە سروشتی ئەم لێكۆڵینەوەیە، پشكێنەرەكان لە ناوخۆیاندا لەسەر دیاریكردنی سنووری زەمەنیدا كۆك نین، هەندێكیان وا دەزانن شوێنەوارناسی هەموو چاخە بەردینەكانی بەر لە مێژوو دەگرێتە خۆیی، هەر لە فێر بوونی پیشەسازی و دروستكردنی ئامێرو كەل وپەلەكاندا.
هەندێكی تریش وای دەبینن، كە زانستی شوێنەواری نابێت تەنها بایەخ بە لێكۆڵینەوەی چاخەكانی پێش مێژوو بدات, بەڵكو دەبێت بایەخ بە چاخە مێژووییەكانیش بدات.
خاوەنەكانی قوتابخانەی یەكەم بەم بۆچوونە رازی نین و بەرپەچیان دەدەنەوە، چونكە وا باوەڕ دەكەن كە لێكۆڵینەوەی چاخە مێژووییە كۆنەكان ئەركی مێژوو ناسانە و بەڵگەنامە مێژووییە نووسراوەكان بەسە بۆ بەدی هێنانی ئامانجی مێژوونوسێك ئەگەر بیەوێ وێنەیەكی روونی شارستانییەتی رابردوو پیشان دەدات.
*زانستی شوێنەوار پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ زانستە كۆمەڵایەتییەكانی تردا هەیە، چونكە گرنگییەكی بنچینەیی دەدات بە لێكۆڵینەوەكانی سەبارەت بە كۆمەڵگە كۆنەكان, پەیوەندییەكانیش بە مێژوو لەوە بەدیار دەكەوێت, بۆ نموونە لە بارێكدا ئەگەر راستییە تۆمار كراوەكان و بەڵگەنامەكان كە بە نووسینی وێنەیی و بزماری لەسەر تاتە قوور نووسراوەتەوە یا لەسەر بەرد و دارو عاج و كانزا هەڵكۆڵراون پێشكەش بكات هەروەها زۆر جاریش شیكارو شیكردنەوەی ئەم نووسینە وێنەیی و بزمارییانەش لە بەشەكانی زانستی شوێنەواری دادەندرێت.
* پەیوەندی زانستی شوێنەوار بە ئاینەوە لەم سووچەوە دەبێت كاتێك باس لە داستان و بیروباوەرو رووكارەكانی پەرستن و داب و نەریت و ئاهەنگە ئاینییەكان دەكات، كە پەیوەندییان بە ژیان و مردن و مردنی دوای مرۆڤەوە هەیە.
* پەیوەندی زانستی شوێنەوار بە هونەرەوە زۆر بەهێزە, ئەم پەیوەندییەش لەوەدا روون دەبێتەوە كاتێك شوێنەوارناسەكان ئەو كارە هونەرییە هەڵكۆلدراوە بەرجەستە و وێنە و تابلۆیانە دەدۆزێتەوە, لەو كاتەی زانستی شوێنەوار لە پەرەسەندنی جۆرەكانی هونەری چاخە كۆنە جۆراوجۆرەكان دەكۆڵی، هەروەها زانستی شوێنەوار پەیوەندی بە زانستی زیندەوەر زانییەوە هەیە، كە بایەخ دەدات بە چۆنییەتی بە دیاركەوتنی مرۆڤ و پەرەسەندنی بە درێژایی چاخە كۆنەكان .
* هەروەها شوێنەوار پشت بە زانستی ئاژەڵ دەبەستێت، كە لقێكە لە زانستی زیندەزانی بۆ ئەوەی لە ئاژەڵە كۆنە رەق بووەكان بكۆڵێتەوە كە بەر لە مرۆڤ یا لەگەڵ مرۆڤدا ژیاون.
لێرە بۆمان بەدیار دەكەوێت كە بوارەكانی زانستی شوێنەوار, بەدوای لێكۆڵینەوەی هونەر و پیشەسازی و زمان و زانستەكان و ئاینەكان و ئەدەب و یاسا و پەیرەوە رامیاری و ئابووری كۆمەلایەتی و سەربازییە كۆنەكاندا دەگەرێت.
هەروەها شوێنەوار ئەو زانستەیە وامان لێ دەكات رابردوومان بناسین، بۆ ئەوەی لە ئێستامان بگەین و ڕێرەو دیار بكەین بۆ داهاتوویەكی گەشاوەتر.
گوێنەدان‌و پشت گوێ خستنی شوێنەوار، واتە ونبوونی بەشێك لە مێشك‌و هزری میللەت, ئەو میللەتەی رابردووی خۆی لەبیر دەكات ئێستاو داهاتووی دەشەڵەژێت.

سەرچاوەكان:
پێشەكییەك دەربارەی شوێنەوارناسی, نووسینی تەقی ئەلدەباغ , وەڕگێرانی سەباح پیرباڵ قەساب, چاپی دووەم ساڵی 2007 هەولێر

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو