زه‌روره‌تی سیسته‌می هه‌ڵسه‌نگاندن

بەکر کەریم حەسەن
به‌رێوه‌به‌ری گشتی/ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕی په‌روه‌رده‌یی

میوزیك ژه‌نی  ئه‌مریكی (كلیر ئوستن) ده‌ڵێ" گرنگی بە هه‌ڵسه‌نگاندنی پلانه‌كانت و ئه‌نجامی كاره‌كانت بده‌ ئه‌ویش به‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ ڕاده‌ی سه‌ركه‌وتنت له‌ به‌رێوه‌چوونی كاره‌كان به‌ گوێره‌ی كاته‌كان".
هه‌موومان ده‌زانین په‌روه‌رده‌ و فێركردن بنچینه‌ی پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنه‌، وەگرنگترین وه‌به‌رهێنانیشه‌ بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو، لای هه‌موومان ئاشكرایه‌ و به‌ڵكو لای هیچ شاره‌زا و توێژه‌ رو په‌روه‌رده‌کاریکیش شاراوه‌ نییه‌ كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی فێركردن به‌شێكی بنچینه‌یی گرنگ و زیندووه‌ له‌ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ووڵاتانی جیهان.
بێگومان له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو ئه‌نجامه‌كانی پۆڵی دوازده‌ی ئاماده‌یی به‌ هه‌موو به‌شه کانیە‌وه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌ ڕاگه‌یاندرا، وێڕای ده‌ست خۆشی بۆ هه‌موو ئه‌و به‌رێزانه‌ی كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی بوون بۆ به‌رێوه‌چوونی ئه‌زموونه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و كپ و هێمن. له‌ كاتی ڕاگه‌یاندنیش ئه‌نجامه‌كان ده‌رخه‌ری هه‌ندێ ڕاستی بوون كه‌ هه‌ر بینه‌ر و خوێنه‌رێك خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ دۆخه‌كه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ده‌مه‌وێ باسی بكه‌م و جێگای دڵخۆشی بوو یه‌كه‌مه‌كانی هه‌رێم (یه‌كه‌م،دووه‌م،سێیه‌مه‌كان) قوتابی بوون كه‌ حه‌ز و خواست و ئاره‌زووی خودی خۆیان هه‌بوو له‌ خوێندن و ئیراده‌یه‌كی به‌هێزیان هه‌بوو بۆ ده‌رچوون و هێنانی نمره‌ی به‌رز، له‌ هه‌مان كاتیشدا له‌ قوتابخانه‌ی ئاسایی بوون، گرنگه‌ و جیگای دەست خۆشیه قوتابخانه‌یه‌ك بێ ناوهێنان  قوتابخانه‌یه‌كی حكومی (یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌می) هه‌رێم له‌و قوتابخانه‌یه‌ بن، ئه‌وه‌ مایه‌ی شانازی و ستایش کردنە بۆ به‌رێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ر و مامۆستاكان، ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ باسی بكه‌م له‌و وتاره‌دا پێویسته‌ سیسته‌می هه‌ڵسه‌نگاندنمان هه‌بێت بۆ پرۆسه‌ی فێركردن و فێربوون كه‌(قوتابی، مامۆستا، پرۆگرام) ده‌گرێته‌وه‌، به‌ پێویستییه‌كی په‌روه‌رده‌یی ده‌بینم وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ رێگای لیژنه‌یه‌كی باڵای(پسپۆڕ و شاره‌زا) به‌دواداچوون و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ڕێژه‌ی ده‌رچوونی گشتی بكات ئه‌ویش ڕێژه‌ی ده‌رچوونی(قوتابخانه‌كانی ناوشار، ده‌ره‌وه‌ی شار، قوتابخانه‌كانی ڕۆژ، ئێواران، قوتابخانه‌ حكومی، ناحكومی، هه‌ر بابه‌تێك به‌جیا، گشتی).
له‌ رێگای په‌روه‌رده‌ی گشتی پارێزگاكان و په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكان داوابكرێ و كاتێكی دیاری كراوی بۆ دابندرێت له‌ خولی (یه‌كه‌م و دووه‌م) كۆی گشتی قوتابیانی به‌شداربوو ئه‌زمونده‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێكی وورد و واقیعی بكرێ و خاڵی به‌هێز و لاواز و خه‌وش و كه‌م و كوڕی دیاری بكرێن.  له‌ ژێر ڕۆشنایی ڕێژه‌ی ده‌رچوونه‌كان به‌ گشتی بتوانرێ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ قوتابخانه‌كان بكرێ و دواتریش سزا و پادداشت جێ به‌جێ بكرێ، پادداشتی ماددی و مه‌عنه‌وی قوتابخانه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان بكری و له‌ به‌رامبه‌ریش دا لێپرسینه‌وه‌ و سزای قوتابخانه‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌كان بكرێ، چونكه‌ هه‌موومان لێره‌و له‌وێ له‌ رێگای په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان  گوێ بیستی ئه‌وه‌ ده‌بین كه‌وا كه‌مته‌رخه‌میه‌كان ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆی زۆر كه‌س، بۆیه‌ هه‌بوون و كاراكردنی سیسته‌می هه‌ڵسه‌نگاندن له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ پێویستییه‌كی په‌روه‌رده‌یی ده‌بینم بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێ سیسته‌می فێركردنمان ببێته‌ یه‌كێك له‌ سیسته‌مه‌ هه‌ره‌ باشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. به‌ پاڵپشتی خودای گه‌وره‌ له‌ ووتاره‌كانی داهاتوودا ووردتر باسی ده‌كه‌ین.