زۆربەی گوندەكانی باڵەكایەتی لە دەرەوەی بازنەن!

زۆربەی گوندەكانی باڵەكایەتی لە دەرەوەی بازنەن!

یونس ئەمین ــ چۆمان: زۆرێك لە گوندەكانی سنووری قەزای چۆمان و دەڤەری باڵەكایەتی لە تۆڕی مۆبایل بێبەشن و هێلی ئینتەرنێتیش لە زۆربەی گوندەكان خاوە و گەنجان و هاووڵاتییان سوودی لێ نابینن . لە ڕێگای زاری كرمانجیەوە داوا لە حكومەت و خاوەن هێلەكانی موبایل دەكەن بە زووترین كات ئەم كێشەیان بۆ چارەسەر بكەن.
وێرای پێشكەوتنی جیهان لە ڕووی تكنەڵۆژیا و تۆڕەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت و لە هەرێمی كوردستانیش چەند جۆرە هێلێكی ئینتەرنێت وەگەڕ خراوە، بەڵام لە سنوری باڵەكایەتی زۆرێك لە گوندەكان و هاوینەهەوارەكان كێشە و گرفتی هێلی ئەنتەرنێت و مۆبایلیان هەیە.
سنوری باڵەكایەتی كە خۆی لە قەزای چۆمان و ناحیەكانی سمیلان، گەڵاڵە، قەسرێ، حاجی ئۆمەران دەبینێتەوە، لەگەڵ زیاتر لە 116 گوند سنورێكی بەرفراوان و شاخاویە. ئەوەی جێگای ئاماژە پێكردنە .
كارۆخ ئیبڕاهیم مامۆستایكی دانیشتوی چۆمان بە دەزگای زاری كرمانجی گووت" زۆرێك لە گوندەكانی ئەم سنورە كێشە و گرفتی نەبوونی تۆڕی موبایل و ئینتەرنێتیان هەیە، لەم سەردەمەدا نەبوونی ئینتەرنێت و شەبەكەی موبایل و نەبوونی كارەبا ژیان ئەستەم دەكات، چونكە لە راستی دابڕانە لە جیهان . لە ناو سەنتەری چۆمان ، گەڵاڵە ، قەسرێ بەس بە ناو هێلی ئینتەر نێت هەیە زۆر خراپ و خاوە، ئەو هێلە ئینتەرنێتانەی هەیە تەنها پارە خەرج كردنە بۆ كارت هیچی تر نییە، چەند جارێكمان داوامان كردوە هیچ نەكراوە، بۆیە لە ڕێگای ئێوە داوا لە حكومەت و خاوەن هێلەكان دەكەین ئەم گرفتەیە بۆ خەڵكی باڵەكایەتی چارەسەر بكەن.
بە شێوێكی گشتی ئەو گوندانەی كە تۆڕی مۆبایل و ئینتەرنێتیان خراپە بریتین هەریەك لە گوندەكانی جۆمباڵۆك، شێركاوە، دۆڵبالیس، گەزنە، دزوك، كاولان، گرتك، گوڵان، خێسوە، مەزرا، ئاسیبێكۆرە، كەندێ ئاشان، خۆشكان، ئێنێ، مەران، باسان، گوندە ژۆر، شۆرێ، گەڵەژێر، وێزێ ، وێلزێ، كانی سپی، دۆڵی خانەقا ، باڵەیان، گۆیلە، پڕژە. لە هەندێك لە گوندەكان ئینتەرنێت بوونی نییە لە سەنتەری ناحیەی قەسرێ و گەڵاڵە و سمیلان بەكارهێنەران زۆر نیگەرانن لە خراپی و خاوی هێلەكان.
بنار چۆمانی كچە چاڵاكوانێكی دەڤەری باڵەكایەتی بە زاری كرمانجی گووت" بە گشتی ئەو هێلانەی بوونیان هەیە، ئینتەرنێت وەك پێویست نییە زۆر خاو خراپن، لە باڵەكایەتی گوندی وا هەیە تاوەكو ئێستا تۆڕی مۆبایلی نییە یان خراپ و سستە، گوندی وا هەیە ئینتەرنێتی نیە لە هندێك گوند تۆڕی مۆبایل نییە لە هەندێك ئینتەرنێت وەك گوندەكانی، گوندەژۆر، شۆرێ، گەڵەژێر، خۆشكان، ئێنە، مەران، باسان، پڕژە بە گشتی لە زۆر گوند ئەم گرفتە هەیە، خۆی دڤەری باڵەكایەتی شوێنێكی گەشتیاریە پێویستە هەموو هێلێكی مۆبایلی و ئینتەرنێت هەبوایە، ئەمەش وایكردوە گەنجان لە جیهانی هەواڵ و پێشكەوتن و خۆشی و زانیاریەكان بە دور بكەونەوە، داوامان وایە ئەم كێشەیە بۆ ئەم گوندانە چارەسەر بكرێت .
بە ڕای بەشێك لە هاوڵاتیان و كەسانی ئەكادیمی و چاڵاكوانی دڤەرەكە، خراپی و خاوی هێلەكان و نەبوونی هێل لە بەشێك لە گوندەكانی سنورەكە كاری گەری دەخاتە سەر چینی گەنجان لە دونیای هەواڵ و پێشكەوتنەكان جیهان، چونكە لە زۆرێك لە وڵاتانی دونیا گەنجان سەرقالی پێشخستنی تەكنەڵۆژیای وڵاتەكەیانن، كەچی لە هەرێمی كوردستان بە پێچەوانەی وڵاتان كێشە و گرفتی ئەنتەرنێت و موبایل هەیە.
هاوكات، گەنجێك بە ناوی جێگر حوسێن كە دانیشتووی ناوچەیەكە بۆ زاری كرمانجی گووتی " " پێم وایە گرفتی هێلەكانی ئینتەرنێت و خراپی تۆڕەكانی مۆبایل هەر لە دڤەری باڵەكایەتی نییە لە زۆرێكی كوردستان ئەم گرفتە هەیە، خۆی لە راستی نە بوونی ئینتەرنێت لەم سەردەمە بە كێشەیێكی گەورەی دەزانم، پێشكەوتنی هەر وڵاتێك گەنجە و تكنەڵۆژیایە، بێگومان ئەگەر لە گوندێك یان ناحیەێك ئینتەرنێت و شەبەكەی موبایل نەبێت، خەڵكەكە لە هەواڵی ئەم جیهانە دوردەبێت و كەسێكی بێ ئاگا دەبێت و زانیاری لە سەر هیچ نابێت، بۆیە لەم سەردەمە نەبوونی مۆبایل و ئینتەرنێت گرفتە، بەداخەوە لە سنوری باڵەكایەتیش تاوەكو ئێستا زۆرێك لە گوندەكان گرفتی ئەنتەرنێت و شەبەكەی موبایل هەیە، ئومێدەوارم چارەسەربكرێت.
عەلی عبدولرەحمان بەرپرسی گواستنەوەو گەیاندنی سۆران بە زاری كرمانجی گووت" بۆ گرفتی و كێشەی هێلی ئینتەرنێت و مۆبایل لە هەندێك گوندەكانی باڵەكایەتی پەیوەندی بە كۆمپانیایەكانی هێلەكانەوە هەیە، دەبێت كۆمپانیا ئەم كێشەیە بۆ هاووڵاتییان چارەسەربكات، راستە سەر بە یەك وەزارەتین بەڵام، ئەو كۆمپانیایانەكەرتی تایبەتن.
لای خۆیەوە فەیسەل ئاڵانی بەرێوبەری نەحیەی سمیلان بە زاری كرمانجی راگەیاند" زۆرێك لە گوندەكان ئەم كێشەیان هەیە، لە پێشدا تەنها تۆڕی كۆرەكی مۆبایل هەبوو، بەڵام لە ئێستادا دوو هێلی ئینتەرنێت لە سەنتەری ناحیەی سمیلان بوونی هەیە لە گەڵ شبەكەی موبایلی كۆرەك، ئاسیا ، زین.
زیاتر گووتی ئەو گوندانە كە تۆڕی مۆبایل و ئینتەرنێتیان نییە یان خراپە ، پێویستە كۆمپانیایەكان ئەم گرفتە چارەسەر بكەن، هەر كەسێك و لایەنێك بۆ ئەم گرفتە هاتبێتە لای ئێمە، ئێمە هەوڵی خۆمان بۆ داوە نوسراومان بۆ سەروی خۆمان بەرز كردۆتەوە .
بۆ ئەم پرسە زاری كرمانجی پەیوەندی بە كۆمپانیای سەرەكی نەورۆز كرد، لەو بارەیەوە بەرپرسێكی ئاگادار لە كۆمپانیای نەورۆز ـ فاستلینگ بە زاری كرمانجی راگەیاند" بۆ ئەو گوند و ناوچانەی كە شەبەكەی كۆمپانیای ئێمەیان نییە دەتوانن لە ڕێگای موختاری گوندەكان بەهەماهەنگی داواكاری پێشكەش بە كۆمبانیای سەرەكی هەولێرەوە بكەن، ژمارەی گوندەكان چەندە لە گەڵ پشتگیری موختارەكان بە نوسراوی فەرمی بۆ ئێمە بەرز بكرێتەوە .
ئاشكراشی دەكات" دووای بەرز كردنەوەی داواكاری، ئەوكات كۆمپانیا لێژنەیەك پێكدەهێنێت كەرتی چاككردنەوە و سیانە سەردانی ناوچەكە دەكەن، ئەگەر گونجاوبوو ئەوە شەبەكە و بورجیان بۆ دابین دەكرێت، سەبارەت بەو گوند و نەحیانەی كە هێلەكان خراپ و خاون ئێمە بەدواداچوون دەكەین بزانین هۆكاری چییە، ئەو شوێنەی هێلەكەی ئێمە خراپە دەبێت ژمارەی بەكارهێنەر وەرگرین و چاودێری بكەین لە هۆكاری خراپیەكەی .

زۆرترین بینراو