زۆر جار قوتابی كاتی ئەوەی نەبووە بخوێنێت بۆیە پەنا بۆ قۆپیەكردن دەبات

زۆر جار قوتابی كاتی ئەوەی نەبووە بخوێنێت بۆیە پەنا بۆ قۆپیەكردن دەبات

قۆپیە كردن یەكێكە لەو دیاردانەی كە لە لایەن زۆرێك لە قوتابییان ئەنجام دەدرێت لە ناو پڕۆسەی خوێندن، لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا.
زۆر و كەم لە كۆنەوە تاكو ئێستا ئەو دیاردە نالەبارە بەردەوام هەبووە، لە لایەن زۆرێك لە قوتابییان كە هیچ قوتابخانەیەك لەو دیاردە بێبەش نەبووە ئەگەر بە ڕێژەیەكی كەمیش بێت بەرچاو كەوتووە، قۆپیە كردن یەكێكە لەو كردەوە ناپەسەندو ناشیرینانەی كە هەندێك قوتابی پەنای بۆ دەبات لە ماوەی خوێندنی جا بەهەر هۆكارێك بێت، پەنابردن بۆ ئەو دیاردەیە چەندین هۆكار لەخۆ دەگرێت كە قوتابی وا لێدەكات دەست بخاتە ناو ئەو كارە نا دروستە لەو هۆكارانەش:-
یەكەم: ئاست لاوازی قوتابی، یەكێكە لە هۆكارە سەرەكیەكانی كە وا لە قوتابی دەكات پەنای بۆ ببات بە مەبەستی پەڕینەوەی لەو وانەیە یان لەو قۆناغەی كە تێیدا ئەنجامی دەدات.
دووەم: نەبوونی كاتی خوێندن لە لایەن قوتابی، زۆر جار قوتابی كاتی ئەوەی نەبووە كە بخوێنێت بۆیە پەنا بۆ ئەو دیاردەیە دەبات بۆ بەدەست هێنانی نمرە و دەرچوونی.
سێیەم خوی قوتابی، هەندێك لە قوتابیان بۆیان بۆتە خوێك و بەبێ هیچ هۆكارێك پەنای بۆ دەبەن ،یاخود هەندێك قوتابی وەك خۆدەرخستنێك لەنێو هاوڕێكانی ئەنجامی دەدات گوایە كەسێكی ئازا و چاو نەترسە و توانای ئەوەی هەیە هەرچی بیەوێت ئەنجامی دەدات.
ئەو دیاردەیەش لە هەموو قۆناغەكانی خوێندن بەدەر دەكەوێت هەر لە قۆناغی بنەڕەتی تاكودەگاتە قۆناغی زانكۆو پەیمانگەكان، بەڵام دیاردەكە زیاتر لە قۆناغی بنەڕەتی باوە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەست نەكردنی قوتابی بە چاكەو خراپە، وە هێشتا ڕاست و هەڵەی خۆی بەتەواوی نازانێت لەبەر ئەوەی لەو قۆناغانەدا هێشتا تەمەنی قوتابی بە تەواوی پێنەگەیشتووە، ئاستی بیركردنەوەی لاوازە، بۆیە دەبێت قوتابی وا ڕابهێنرێت كە بە حەقی خۆیان و بە شەونخونی قۆناغەكانی خوێندن ببڕن نەك بە فێڵ و پەنابردن بۆ ئەو كارە قێزەونانە، چونكە بەڕاستی لە هیچ یاسایەك دا نییە كە ئەو قوتابییانەی بە شەونخونی و ئەرك وماندووبونی زۆر و ئەوانەی كە بەفێل و قوپیەكردن و پەنابردن بۆ ئەو كارە نادروستانە بەیەك چاو سەیربكرێن لە ناو كۆمەڵگە، بۆیە دەبێت لە قۆناغی بنەڕەتی و لە یەكەم ساڵەكانی دەست پێكردنی خوێندنی قوتابی وا ڕابهێنرێت كە خاوەن كەسایەتی خۆیان بن و هەست بە ئەرك و ماف و بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بەخوێندن بكەن و دووربن لەو كارە نادروستانە.
گرنگە بزانرێت كە ئەو قوتابییانەی كە كەسایەتیەكیان بۆخۆیان دروست كردووە و بەهرەیەكیان دۆزیوەتەوە و ئاراستەی بیركردنەوەكانیان دروستە لەپێناو هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی دەژین، جیاوازن لەگەڵ ئەو قوتابییانەی كە هەڵگری بیرۆكەی نادروستن و یەكلایەنە بیردەكەنەوە لایەنەكانیتر پشتگوێ دەخەن، بێگومان ئەوە كارەساتە قوتابییەك كە بە غەش و فێل كردن قۆناغێك دەبرێت لەگەڵ قوتابیەكی دی لە هەمان پۆل دانیشێت كە بە شەو نخونی و هەوڵدان ئەو قۆناغەی بڕیووە.
بێگومان ئەنجامی ئەو هۆكارەش دەبێتە هۆی فەسڵ كردن و دەركردنی قوتابی و دوورخستنەوەی لە خوێندن، بۆیە پێویستە قوتابی لەو ئەنجامە ئاگاداربكرێتەوە كە بەزیانی خۆی كۆتایی دێت.
بۆ رێگەگرتن و چارەسەركردنی ئەو دیاردەیەش پێویستە توێژەری كۆمەڵایەتی لە قوتابخانەكان بە ئەركی خۆی هەڵبستێت بە هەماهەنگی لەگەڵ مامۆستاو بەڕێوبەری قوتابخانە بە ئاگاداركردنەوەی قوتابی لەو كارە قێزەونەو ناویژدانانە كە سزاكەی چیە، هەروەها پێویستە توێژەری كۆمەڵایەتی لەگەڵ قوتابیەكە دانیشێت و كەشێكی ئارام بۆ قسەكردن لەگەڵ قوتابی دروست بكات تابگاتە ئەو ئەنجامەی كە قوتابی كێ والێكردووە پەنا بۆ قۆپیەكردن ببات و گفتوگۆ لەگەڵ قوتابیەكە ئەنجام بدات و هەست بە بارودۆخی قوتابیەكە بكات كە بۆچی قوتابیەكە گەیشتۆتە ئەو بڕیارە پەنا بۆ ئەو بارودۆخە ببات، وە ئەو هۆكارانە دەست نیشان بكات كە قوتابیەكە بەرگری پێ لەخۆ دەكات، نابێت بەرامبەر بە فێڵەكانی قوتابی بوەستێت و زیاتر فشاری دەروونی بخاتە سەر قوتابی بەڵكو دەبێت گوێی لێ بگرێت تا ڕاستیەكانی بۆ دەركەوێت و بتوانێت بارودۆخەكە چارەسەر بكات، هەروەها لە ئەنجامدا دەبێت قوتابی بگەینێتە ئەوەی كە هەست بە هەڵەی خۆی بكات و ڕاستیەكان لە هەڵەكان جیابكاتەوە،ئەو بارودۆخەش بەوە كۆتایی دێت بە هەوڵدان لەگەڵ قوتابیەكە و بیركردنەوە و ڕازیكردنی قوتابییەكە، ئەو هەولەش زیاتر دەگەڕێتەوە سەر قوتابیەكە كە ئایە تاچەند دەیەوێت لەو بارودۆخە ڕزگاری ببێت، واتە دەگەڕێتەوە سەر هەوڵ و كۆششی قوتابی بە هەماهەنگی لەگەڵ توێژەری كۆمەڵایەتی و مامۆستا بە ڕوون كردنەوەی بابەتەكە و تێگەیاندنی قوتابی لە كاری ڕاست و هەڵە و هەست كردن بە هەوڵدان و بەدەست هێنانی ئامانجەكانی ژیان بە سەربەرزی و دوور لە غەش و فێل و تەڵەكەبازی، وە لە كۆتایی دا قوتابیەكە بێنێتە ڕازیكردن كە دان بە خراپی كارەكە دابنێت و بە دووبارە نەكردنەوەی كارەكە و بەرپرسیاریەتی لە ئاست خوێندن و زانست كە تەنها پەڕینەوە ئامانج نەبێت بەڵكو فێربوون و زانست و زانیاری و هەوڵدان بۆ ژیان ئامانجی سەرەكی بێت.

زۆرترین بینراو