زیاتر لە هەزار خێزانی ئاوارەی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی ئێران ماون

زیاتر لە هەزار خێزانی ئاوارەی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی ئێران ماون

 

زاری كرمانجی-سۆران: لە دوای راپەڕینەوە زیاتر لە (22) هەزار خێزانی ئاوارە بەدەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران گەڕاونەتەوەو بۆ باشوری كوردستان، زیاتر لە 1000 خێزانیش لە وڵاتی ئێران ماون و تائێستا نەگەڕاونەتەوە.

  عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، رایگەیاند " بەپێی ئامارەكانمان لەدوای راپەڕینی بە هاری ساڵی1991 وە تائێستا تەنها لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، زیاتر لە (22) هەزار خێزانی ئاوارە لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، لەوانەش زیاتر لە (12) هەزار خێزان لە سنووری شارو شارۆچكەو ناوچەكانی دەڤەری سۆران نیشتەجێ بوونە، هەروەها ئەمساڵ بەهەمووی كەمتر لە (20) خێزان لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە، بەمەش بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەی گەڕانەوەی ئاوارەكان لە ئێران روو لە كەمبوونەوەیە".

گووتیشی " هەرچەندە وڵاتی ئێران وەك پێویست هاوكارنییە بۆ پێدانی رێژەو ژمارەی ئەم خێزانە ئاوارانەی كە تائێستا لەو وڵاتە ماون، بەڵام بەپێی زانیارییە نافەرمییەكانمان زیاتر لە هەزار خێزانی ئاوارەی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی ئێران ماون و نەگەڕاونەتەوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە ئەم ئاوارانە لە وڵاتی ئێران نیشتەجێبوونەو تێكەڵاوبوونیان لەگەڵ كلتورو ژن و ژن خوازی و پێكهێنانی هاوسەر گیری لەم  وڵاتە، هەروەها نەبوونی هاوكاریەكی پێویست لەكاتی گەڕانەوەیان، وایكردووە كە رێژەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی ئێران روو لە كەمبوونەوە بكات.

 

 

زۆرترین بینراو