زیاتر لە 29 ساڵە ئێران و توركیا ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆردوومان دەكەن

زیاتر لە 29 ساڵە ئێران و توركیا ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆردوومان دەكەن

رەمەزان هەرنی- زاری كرمانجی : لە ساڵی 1991ـەوە تا ئێستا كە ماوەی زیاتر لە 29 ساڵە بە بەردەوامی هەر دوو وڵاتی ئێران و توركیا بەدەیان جار بەبیانۆی هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆردوومان دەكەن، بەو هۆیەوە بە دەیان هاووڵاتی سڤیل شەهید و بریندار بوونە.
رێكار مزووری, نووسەر و چالاكوان بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" ئاماری شەهیدانی 29 ساڵەی بۆردوومانەكانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئێران و توركیا لە هەرێمی كوردستان لە بەرهەمێك كۆكراونەتەوە و ئامادەكراون بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، لە ساڵی 1991ـەوە تا ئێستا تەواوی ئاماری شەهیدان و قوربانیانی بۆردوومانەكانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا و ئێران نووسیومە و وەكو بەرهەمێك چاپ و بڵاودەكەمەوە، كە ماوەی 29 ساڵە بە بەردەوامی ئەم دوو وڵاتە هەرێمی كوردستان بۆردوومان دەكەن.
مزووری، گوتیشی:" لە رۆژی 3-8-1991 فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گوندی خێرزۆكای بۆردوومانكرد لە ئەنجامدا 13 ئافرەت و منداڵ شەهیدبوون بەناوەكانی ( عەلی جاسم, دەوران تاهیر, ساڵح زەردوو, جەماڵ ساڵح, عائیشە ساڵح, رێبەر خورشید, جیهان محەمەدئەمین, جاز محەمەدئەمین, خەم قاسم, نەوزاد ساڵح, خەدیجا سوڵتان, عاتیفا قادر, لەعل شێرەغا بێرسیاڤی ) هەروەها ساڵی 1993 كچێك بەناوی ( وەهیدا رەشید ) بە بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە گوندی سینا لە دەڤەری مزووری شەهید بوو.
رێكار، ئەوەشی گوت:" ساڵی 1997 لە دەڤەری مزووی باڵا حەوت هاووڵاتی لە گوندی تویێ كە ئەندامی یەك خێزان بوون بە بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا شەهیدكران بە ناوەكانی ( رەشید حەیدەر، رەشێ تۆیی, محەمەد رەشید, زوبەیر رەشید, تەحسین حەیدەر, ئینزار حەیدەر, كازم محەمەد, جاسم محەمەد) هەروەها لە لۆفەكانی كورتەك بە بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا پێنچ هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون.
ئەوە نووسەرە، زیاتر گووتی:" لە گوندی ئەرەدەنا بە بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سێ هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون، لە قەزای ئامێدی لە ئەنجامی بۆردوومانێكی تری فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا 9 هاووڵاتی سڤیل شەهیدبوون, هەروەها لە گوندی ماوەت لە دەڤەری مزووری باڵا لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سێ هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون, بە ناوەكانی ( حەربی عەلی، ‌ میغداد عەلی, عیماد تەمەر).
رێكار، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" لە وەرتێ لە ئەنجامی بۆردوومانكردنی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سێ هاووڵاتی سڤیل شەهیدبوون, هەروەها لە رۆژی 23-1-2019 لە ئەنجامی بۆردوومانێكی تری فڕۆكە جەنگییەكانی تەركیا چوار هاووڵاتی سڤیل لە گوندی كۆكەرێ شەهیدبوون بە ناوەكانی (بەختیار, حەسەن، زیاد, حاج) لە هەمانكاتدا, لە رۆژی 26-1-2019 خەڵكی ناحیەی شێلادزێ دژی داگیركەری توركیا راپەڕین و بارەگاكانی سوپای توركیا وێرانكران نەوەستان تا ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانی توركیایان سووتاند، كە لە ساڵی 1995 لەو دەڤەرە نیشتەجێبوونە, لە ئەنجامدا گەنجێك شەهید بوو بەناوی (حسێن رێكان) كە تەمەنی خوار 18 ساڵ بوو لەگەڵ بریندابوونی 10 هاووڵاتی دیكە".
رێكار، ئەوەشی دركاند:" رۆژی 14-5-2019 لە گوندی پێندرۆ لە دەڤەری مزووری باڵا هاووڵاتیەك بەناوی ( لازم عەلی فەقۆ) شەهید بوو، پێشتریش (دڵگەش ئەیوب ) شەهیدكرابوو لەگەڵ بریندرابوونی دوو كەسی تر بەناوەكانی (حەجی عەزیز, عەبدوڵڵا خورشید), هەروەها رۆژی 26-9-2019 لە گوشینەی دەڤەری برادۆست فرۆكە جەنگییەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكیان كردە ئامانج بەو هۆیەوە هاووڵاتیەك شەهید و یەكێكی دیكەش بریندار بوو كە ئەندامی یەك خێزان بوون زیانێكی زۆریش بە ئۆتۆمبێلەكە كەوت، رۆژی 27-6-2019 فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی دیكەیان كردە ئامانج بەو هۆیەوە 8 هەشت هاووڵاتی شەهید و برینداربوون سێ كەس شەهید بوون و 5 كەسی تریش برینداربوون شەهیدەكان بەناوەكانی (ئالی عەبدوڵڵا تەمەن 53 ساڵ , كوردستان عەبدوڵڵا 30 ساڵ , هەریاد عەبدوڵڵا 19 ساڵان ).
ئەو چالاكوانە، زیاتر روونیكردەوە:" رۆژی 10-7-2019 كۆماری ئیسلامی ئێران دەڤەری برادۆستی تۆپباران كرد، بەو هۆیەوە لە سنوری ناحیەی سیدەكان چوار هاووڵاتی شەهید و برینداربوون, هەروەها كچێكی 18 ساڵی بەناوی (زەیتوون قادر جوجو) شەهید كراو دوو براش برینداربوون، لە گوندی هەڵانە لە سنوری ناحیەی شێروان مەزن, كچێكی 17 ساڵی بەناوی ( دنیا رەشید ناجی بەگ ) خەڵكی گوندی بێڕۆخ شەهیدكرا لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا, هەروەها لە رۆژی 18-7-2019 گوندی سپیندار لە ناحیەی چەمانكێ بۆردوومانكرا لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا 5 هاووڵاتی سڤیل برینداربوون و 4 ئۆتۆمبَلی هاووڵاتیانیش لە كاركەوتن و زیان بە 25 ماڵ گەیشت.
لە كۆتاییدا ئەو نووسەر و چالاكوانە رایگەیاند:" رۆژی 19-8-2019 لە سنوری سەنگەسەر لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەهۆی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا هاووڵاتیەكی تەمەن 50 ساڵان بەناوی عەبدوڵڵا ئەحمەد بریندار بوو، هەروەها لە رۆژی 25-9-2010 هاووڵاتیەك بەناوی ( یوسف جەماڵ) شەهید بوو، لە رۆژی 28-1-2020 فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گوندی كافیایان بۆردوومانكرد لە سنوری ناحیەی دینارتە لە قەزای ئاكرێ لە ئەنجامدا كەسێك شەهید بوو بەناوی ( سەعید حەبیب یوسف زێباری) و كەسێكی دیكەش بەناوی ( نزار حەجی شەعبان زێباری) بریندار بوو".

زۆرترین بینراو