زیاد یوسف: لەگەڵ دەستپێشخەری سەرۆكی هەرێم پێویستە لایەنە سیاسییەكان زیاتر لێك نزیك ببنەوە

زیاد یوسف: لەگەڵ دەستپێشخەری سەرۆكی هەرێم پێویستە لایەنە سیاسییەكان زیاتر لێك نزیك ببنەوە

رەمەزان هەرنی – دهۆك: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لایەنە كوردستانییەكانی كۆكردەوە، هەروەها سەردانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵیان كۆ بوویەوە. چاودێرانی سیاسی ئەم هەنگاوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنن و پێیانوایە ئەو بارودۆخەی ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەراست پێدا تێپەڕ دەبێت پێویست بەوە دەكات لایەنە سیاسییەكان بۆچوونیان یەك بێت و لێك نزیك بن، بۆ ئەوەی لەهەر بارودۆخێك هەڵوێستیان هەبێت.
زیاد یوسف, چاودێری سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە زاری كرمانجی دەڵێ:" ئەو باروودۆخەی ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەراست پێدا تێپەڕ دەبێت پێویست بەوە دەكات لایەنە سیاسییەكان بۆچوونیان یەك بێت و لەیەك نزیك بن، بۆ ئەوەی توانای ئەوەیان هەبێت بتوانن لەهەر ئەگەرێك هەڵویستیان هەبێت، بەتایبەت بەرامبەر ئەو رووداوانەی لەناوچەكەدا دروست دەبن, كوردستان پێویستی بەیەكدەنگی و یەكگرتنە, خەڵك هیوای بە سەرۆكایەتی هەرێم هەیە كە لایەنەكان لەژێر چەتری خۆی كۆ بكاتەوە و هەموو یەك دەنگ و یەكڕیز بن بەرامبەر بە بەغدا و دەرەوە، بۆیە ئەم یەكگرتنە زۆر گرنگە لە ئێستادا.
زیاد یوسف، دەشڵێ:" كورد بە یەكگرتووی دەتوانێت مەرج و داواكاریەكانی خۆی لەسەر عێراق جێیەجێ بكات، هەروەها ئەم یەكگرتنە وا دەكات كە كورد رۆڵی هەبێت لە گۆڕینی بریارە سیاسییەكان لە عێراق دا، بۆیە پێویستە دوای ئەو دەستپێشخەریەی سەرۆكی هەرێم لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش بەردەوام بن لە سەردانی كردنی یەكتر و لێك نزیكبوونەوەیان بۆ ئەوەی بەرامبەر بە هەموو بەربەستەكان بوەستنەوە, بۆیە دەبێت دوای هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم لایەنە سیاسییەكانیش هەوڵی جددی بدەن بۆ زیاتر لێك نزیكبوونەوەیان یارمەتی سەرۆكی هەرێم بدەن, وڵاتانی دنیا بە چاوێكی گەورە سەیری دەزگا شەرعیەكانی كوردستان دەكەن كە ئێستا دوو گەنج سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكوومەت دەكەن، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسیەكان ئەم دەرفەتە زێرینەی كە دروست بووە بۆ لێك نزیكبوونەوەیان لەدەست نەدەن.
زیاد یوسف، چاودێری سیاسی ئەوەشی گوت:"چاوەڕێی هەنگاوی گەورەتر لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكرێت, ئەو پرسانەی خەڵك لێی بێ هیوا بووە دەبێتە هیوا و هیچ دوور نیە دوای ماوەیەكی تر سەرۆكی هەرێم و حكوومەت پێكەوە هەنگاو بنێن بۆ بنیاتنانی دەولەتی كوردی".

زۆرترین بینراو