زیبا تەها: ئامانجمان بەشداری ئافرەتانە لە جومگەكانی دەستهەڵات

زیبا تەها: ئامانجمان بەشداری ئافرەتانە لە جومگەكانی دەستهەڵات

سوبحان راغب- هەولێر: لە دیمانەیەكی زاری كرمانجیدا زیبا تەها ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان رایگەیاند: "یەكەمین ئامانج كە كاری بۆ دەكەین بەشداری ئافرەتانە لە جومگەكانی دەستهەڵات و دیاربوونیانە لە كۆمەڵگەدا, بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە كار دەكەین بۆ هاندان و بەرەوپێشبردنی ئافرەتان لە كایەیی سیاسیدا و پێگەیاندنیان بۆ ناوەندی بڕیاردان و پاڵپشتی كردنیان. وێڕای ئەوەی زوو بە زوو خولی پێگەیاندنی ئافرەتی سەركردە لە مەكتەبی سكرتارییەتەكەمان بۆ ئافرەتان بەڕێوە دەبەین".
زیبا تەها بۆ رووداوی ئەو ئافرەتەی چەند رۆژێك لەوەوبەر لە هەریر كوژرا گووتی " ئەو ئافرەتە بە گومانی كوشتن و كوژراوی كەیسەكەی لە ژێر لێكۆڵینەوە دایەو هەر لەگەڵ بیستنی ئەم هەواڵە لەسەر خەت بووین لەگەڵ ناوەندی هەریرمان ئەوەی پیێمان گەیشتووە لە سەرچاوە نافەرمییەكان ئاسەواری چەندین گولە بەسەر تەرمی ئافرەتەكەوە دیارە. دەگوترێت بەبێ‌ ڕەزامەندی خانەوادەكەی هاوسەرگیری لەگەڵ كوڕێكدا كردووە بەڵام دووای ئەوەی لەگەڵ خانەوادەكەی قسە دەكات و رێك دەكەون ژنەكە لەسەر قسەی باوكی كە تۆمەتبارە بە كوشتنی گوایە وەكو هەڵخەڵەتاندنێك و تەڵە بۆدانانێك بە قسە پێی دەڵێ لێی خۆشبووەو بەخشیویەتی لەبەرابەر ئەو هەڵەیەی كە كچەكەی بەرامبەری كردووە و پێی نەگووتوە بۆ هاوسەرگیرییەكەی لەگەڵ كوڕەكەدا, بەڵام دوای سەردانی كردنی بۆ ماڵی باوكی و خانەوادەكەی لەلایەن باوكییەوە دەكوژرێت. ئێمەش لەگەڵ ناوندەكەمان لە هەریر و دادگای سنوورەكە لە پەیوەندی داین بۆ ئەوەی دوا ڕوونكردنەوە و زانیاریمان پێبدەن بۆ ئەوەی ڕێكارەكانی رێكخراوەییمان بگرینەبەر و بەكاری خۆمان هەڵسین و ئاگاداری كەیسەكەین، بەڵام تا ئێستا قسەی فەرمی دادگا بە ئێمە نەگیشتووە بۆیە جارێ ناتوانین هیچ هەڵوێستێكمان هەبێت".
ناوبراو لەبارەی بەكار هێنانی ئافرەتان بۆ كاری سیخوری ئەمەشی گووت: " ئەوەی دەزانرێت ئەو كەسانەی لە بواری هەواڵگری و سیخوری كار دەكەن لە هەر دوو رەگەزن, ئەگەرچی ئەم كارە بۆ هیچ كامیان ئاسان نییە بەتایبەتی بۆ ئافرەت، بەڵام توێژینەوەكان ئەوەیان دەرخستووە كە ئافرەت دەتوانێ‌ سەركەوتووتر بێت لەم بوارە و شێواز و سروشتی ئافرەت بەشێوەیەكە كە دەتوانێت كاریگەرتر بێت لەسەر كەسی بەرامبەر و پەیوەندی هاوڕێیەتی دروست بكات و ئەو زانیاریانەی دەیەوێت بە دەستی بێنێت و ئامادی قوربانی دانی تەواوی هەیە. لە هەندێك وڵاتدا ئەم ئافرەتانە لەسەر ئاستی باڵای بڕیاردان ئەم كارە دەكەن و توانییویانە سەركەوتووبن و ئامانجیان خزمەت كردنە بە وڵاتی خۆیان, لەلای ئێمەش تا ئێستا كەیسێكی وامان بۆ نەهاتووە چونكە كلتوری كاركردنی سیاسیمان هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی ئافرەتان بتوانن بەشدارییەكی كارایان لەم بوارەدا هەبێت لە هەمان كاتیشدا ئەمە بە تەواوی بەواتایە نایێت كە بە هیچ شێوەیەك نەمان بێت، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ پیاواندا كەمترە و پێدەچی خواستی خودی ئافرەتانیش كەم بێت لەم بوارەدا".
"یەكەمین ئامانجمان كە كاری بۆ دەكەین بەشداری ئافرەتانە لە جومگەكانی دەستهەڵات و دیاربوونیانە لە كۆمەڵگەدا, بۆ ئەم مەبەستەش كار دەكەین بۆ هاندان و بەرەوپێشبردنی ئافرەتان لە كایەیی سیاسیدا و پێگەیاندنیان بۆ ناوەندی بڕیاردان و پاڵپشتی كردنیان. وێرای ئەوەی زوو بە زوو خولی پێگەیاندنی ئافرەتی سەركردە لە مەكتەبی سكرتارییەتەكەمان بۆ ئافرەتان بەڕێوە دەبەین".
زیبا تەها لەبەرابەر بوونی ئافرەتان لە پۆستە باڵاكان وای گووت.
سەبارەت بە هەوڵیان بۆ بڕینەوەی مووچەیەكی تایبەت بە ئافرەتان لەلایەن حكومەت ڕوونیكردەوە: "ئێمە لەگەڵ ئەوە دانین ئافرەتانمان تەمبەڵبن و لە ماڵەوە دانیشن, ئەگەر ئێمە كارێكی وابكەین واتە ئافرەتانمان فێری تەمبەڵی كرد و وامانكرد لە ماڵەوە بمێننەوە, بە پێچەوانەوە ئێمە لە ڕێگای كردنەوەی خولی هۆشیاری و خولی پیشەیی فێریان دەكەین و وادەكەین ببن بە خاوەنی داهاتی خۆیان و چاویان لە دەستی هیچ كەسێك نەبێت كە بەبێ‌ بەرامبەر بڕە پارەیەكی كەمیان پێبدەن و دەمانەوێت ئەوان لە ڕێگای كار و دەست و بازو و بیركردنەوەی خۆیانەوە بژێوی خۆیان دابین بكەن و ژیانێكی سەربەستانە بژین. لەهەمانكاتدا ئەمە جیاوازە لەگەڵ ئافرەتێك كە خاوەن پێداویستی تایبەتە و توانای كار كردنی نییە ئەمە بابەتێكی ترەو ئێمە لە ڕووێكی ترەوە كار لەسەر ئەمە دەكەین".

بیروڕا

زۆرترین بینراو