زێباری، هۆكارەكانی ناسەقامگیری لە ناوچە جێناكۆكەكاندا ئاشكرا دەكات

زێباری، هۆكارەكانی ناسەقامگیری لە ناوچە جێناكۆكەكاندا ئاشكرا دەكات

زاری كرمانجی - هەولێر : رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، رەفتاری گرووپە چەكدارەكان و بوونی شانە نووستووەكانی داعش، هۆكاری بەردەوامیی ناسەقامگیرین لە ناوچە جێناكۆكەكاندا.

رۆژی ١٧/٦/٢٠٢٠ سەنتەری عێراقی بۆ دۆكیومێنتكردنی تاوانەكانی جەنگ، راپۆرتێكی لەبارەی تاوانەكانی گرووپە سەربازییەكان و بەشێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی ھەواڵگریی پارێزگای نەینەوا بڵاو كردەوە، تێیدا تیشك دەخاتە سەر چەندین تاوان كە بەرامبەر بە ھاووڵاتیانی سڤیل لە دەشتی نەینەوا ئەنجام دراوە و ئاماژەش بە ناوی بەشێك لە بەرپرس و بەڕێوەبەرایەتیی دەكات، كە ئەم تاوانانە ئەنجام دەدەن و چەندین گرتووخانەی نھێنییان دامەزراندووە، كە سەدان گیراو لەخۆ دەگرێت.

لەو بارەیەوە، د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لە دوای هێرشەكانی داعش دانیشتووانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بە گشتی دووچاری نەهامەتییەكی زۆر و ئاوارەیی و سووتانی ماڵ و موڵك و خانوو بوونەوە و دەیان هەزاریان لە شارەكانی كوردستان ئاوارە و دەربەدەر بوون. دوای كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی داعش كێشەكانی ئەم ناوچانە و مەینەتییەكانی خەڵكەكەی وەك خۆیان مانەوە، بەڵام بە شێوازێكی دیكە، بۆیە داوامان لە رێكخراوەكان و لایەنە نێودەوڵەتییەكان كرد كە پێویستە هەرچی زووە بەهانای خەڵكی ئەم ناوچانەوە بێن.

زێباری ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ناسەقامگیری و پێشێلكاریانەی لە ‌ماوەی ڕابردوودا لە ‌سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم هەبووە، لەلایەن چەند گرووپی سەربازیی جۆراوجۆرەوە بوو، كە بە ‌بەردەوامی هەوڵی شێواندن و زیانپێگەیاندنی هاووڵاتیانی ناوچەكەیان داوە بە شێوەیەكی گشتی، بۆ نموونە زیانی زۆریان بە جوتیارانی ناوچەكە گەیاند. هەر بەوەشەوە نەوەستاون و ماوەی چەند ساڵێكە لە كاتی دروێنەكردنی ڕەنجی یەك ساڵەی جووتیارانی سنوورەكە، هەستاون بە سووتاندنی دەغڵودانی هاووڵاتییان و ئاگرتێبەردان و بۆمبڕێژكردنی زەویوزاری گوندەكان، سەرەڕای كوشتن و گرتنیان.

راپۆرتی ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات، ئەو هێزانەی لەو ناوچەیەدا بوونیان هەیە، ھەڕەشە لە كەسوكاری قوربانییەكان دەكەن ئەگەر ناڕەزایی دەرببڕن یا ئەو تاوانانە ئاشكرا بكەن كە لە بەرانبەر خۆیان یان كەس و كاریان ئەنجام دراوە، لەم بارەوە رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی: حكوومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەدایە هەموو ئاسانكارییەك پێشكەش بكرێت بۆ مەبەستی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەكان و ئاوەدان كردنەوەی ئەو ناوچانە، بەڵام رەفتاری نابەرپرسانەی بەشێك لەو هێزانە كە هیچیان لە رۆڵەكانی ئەو ناوچانە نین و لە شوێنی دیكەوە هێنراون، هەروەها بوونی ژمارەیەكی زۆر شانەی نوستووی داعش بۆتە هۆی ناسەقامگیری بارودۆخی ئەمنی لەو ناوچانە و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست. ئەمەش وایكردووە كە دانیشتووانەكەی نەتوانن بە ئاسودەیی بگەڕێنەوە، هەروەها پێویستە ئەو ناوچانە لە مین و تەقەمەنی پاك بكرێنەوە و خزمەتگوزارییە پێویستەكانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا، ئاماژە بە وەرگرتنی باج و سەرانە لە ئۆتۆمبێل و دەستبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی ھاووڵاتیان كراوە لەلایەن چەند هێزێكی سەربازییەوە بە ناوی جیاجیا، لەم بارەوە زێباری تیشكی خستە سەر گرنگیی گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان ئاماژەی دا: پێش هاتنی داعش بۆ ناوچە جێناكۆكەكان لە ماوەی ساڵانی 2003_2014 هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە عێراقییەكان كۆنتڕۆڵی رەوشی ئەمنیی ناوچەكەیان كردبوو و ئاسایشی ئەو ناوچەیە بە جۆرێك پارێزراوبوو كە هیچ كردەوەیەكی تیرۆریستی لەو ناوچانە رووی نەداوە. مێژووی ئەم ناوچەیە ئەوە دەسەلمێنێت كە پێكهێنانی هێزی ئەمنیی هاوبەش باشترین چارەسەرە بۆ پاراستنی رەوشی ئەمنی ناوچەكە بۆ ئەوەی گشت پێكهاتەكان پێكەوەبژین و ناوچەكەیان بوژانەوە بەخۆیەوە ببینێت، هەروەها هۆكارێكە بۆ نەهێشتنی پێشێلكاری بەرامبەر بە گشت پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە و گەڕانەوەی سەقامگیری.

سەبارەت بە گرنگیی چارەكردنی كێشەی ئەو ناوچانە، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند: حكوومەتی هەرێم بەردەوام داوای چارەكردنی كێشەی ئەو ناوچانەی لە بەغدا كردوە و بەباشی زانیوە كە خەڵكی ناوچە جێناكۆكەكان لایەنێك بن لە چارەسەر كردنی ئەم كێشەیە و مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیانیان هەبێت. لە دوای ساڵی 2003 كێشە ناوچە جێناكۆكەكان یەكێك بووە لەو گرفتانەی كە پێویستی بە چارەسەركردن هەبوو، وەك كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆیە ئێمە بە باشی دەزانین بارودۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە جێگیر و سەقامگیر بیت و زەمینەیەكی لەبار بڕەخسێنرێت پێش گەڕانەوەی ئاوارەكان و بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هەماهەنگییەكی كارا هەبێت لە نێوان حكوومەتی هەرێم و پارێزگاكان لەگەڵ حكوومەتی فیدرال لەرووی هاوبەشی لە زانیاری و ستراتیژیەتی نوێ بۆ پێشخستنی گیانی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی ئەم ناوچانە و دابینكردنی خزمەتگوزاری پێویست".

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها روونی كردەوە، بەم دواییە كردەوە تیرۆریستییەكانی پاشماوەكانی داعش لە ناوچە جێناكۆكەكان زیادی كردووە و رۆژانە لەو ناوچانە قوربانی هەیە، بۆیە پێویستە هێزەكانی پێشمەرگە تەواجودیان هەبێت لەو ناوچانە، بۆ ئەوەی هاریكار بن لە هێنانەدیی سەقامگیری و رێگاخۆشكەر بن بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140.

زۆرترین بینراو