زێدان: هێشتا لالیگا یەكلایی نەبۆتەوە

زێدان: هێشتا لالیگا یەكلایی نەبۆتەوە

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان : زێنەدین زیدانی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی بەر لە یاری یانەكەی بەرامبەر خیتافی، لەگەڕی 33ی لالیگا دووپاتیكردەوە، هێشتا یانەكەی لە نازناوی وەرزی ئەمساڵی لالیگا دوورە.
زیدان ئاشكرایكرد: وێڕای سێ یەكسانبوونی بەرشەلۆنە لە سێ یاری رابردوودا، بەڵام هێشتا چەندین یاری ماون بۆ ئەوەی ئاراستەی نازناوەكە لە نێوان یانەكاندا دەستنیشان بكەن.
راهێنەری ریال مەدرید گووتی" لەبارەی زۆری ژمارەی ئەو یاریزانانەی لە تیپەكەیدا گۆڵیان كردووە ئەوە بەرهەمی كاری بەكۆمەڵە، گۆڵەكەی كاسیمیرۆ بەرامبەر ئیسپانیۆل نایاب بوو، حەزم بەو جۆرە یاریزانانەیە كە لە شوێنی خۆیان دێنە دەرەوەو دەستپێشخەری دەكەن و كاری جیاواز دەكەن".
هەڵوێستی ریال مەدرید بەرامبەر نازناوی لالیگا و بەدەستهێنانی نازناوەكە، بووە بەشێكی دیكە لە وەڵامەكانی زیزۆ بۆ رۆژنامەوانان و گووتی" جارێ 6 یاریمان ماوە، هێشتا پاڵەوان نین و دەبێ بەردەوام بین، ركابەرەكەمان هەموو شت دەكات بۆ بردنەوەی ئەو یارییانەی كە ماویەتی، تا ئێستا هیچمان بەدەست نەهێناوە".
زێدان هەڵوەستەی لەسەر دەنگۆكانی رۆیشتنی ئەشرەف حەكیمی بۆ ریزەكانی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی كردو گووتی" ئەو یاریزانی ئێمەیە، بەڵام دەكرێ هەموو شت رووبدات، وەرزێكی نایابی پێشكەش كرد، بەڵام لەم یانەیەدا دوو شت هەیە زۆر گرنگن، ئەوانیش لایەنی وەرزشی و لایەنی ئابووری، لە داهاتوودا هەندێك شت روودەدەن و ئەوكات بڕیارەكان دەبینین".
زیدان دووپاتیكردەوە كە ئەو بایەخ بە ئەشرەف دەدات، بەڵام داهاتووی ئەو پەیوەندی بە (راهێنەر، یاریزانەكە خۆی و یانەكەیەوە هەیە)، لە كۆتاییشدا هەندێك بابەتی دیكە دۆسێیەكە یەكلایی دەكەنەوە.
بەپێی سەرچاوە ئیتاڵییەكان، دوێنێ ئەشرەف حەكیمی بەرگریكەری خواستراوی ریال مەدرید بۆ بۆرووسیا دۆرتمۆند، گەیشتە میلانی ئیتاڵیاو پشكنینی پزیشكی ئەنجامدا، بەرلەوەی بەفەرمی پەیوەندی بە یانە ئیتاڵییەكەوە بكات.

زۆرترین بینراو