زێوە لە چاو تروكانێكدا سەدان قوربانی باشوری كوردستانی لێكەوتەوە

زێوە لە چاو تروكانێكدا سەدان قوربانی باشوری كوردستانی لێكەوتەوە

محەمەد هەسنانی-زاری كرمانجی: زیاتر لە 34 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی رژێمی بەعس، پەنابەرانی باشوری كوردستان لە ئۆردوگای زێوەی رۆژهەڵاتی كوردستان، بۆمباران كران و لە ئەنجامدا سەدان شەهید و قوربانیی لێكەوتەوە، بەڕێوبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان، زانیاری زیاتر لەسەر ئەم هێرشە دڕندەیە دەخاتەروو.
رێبوار رەمەزان بارزانی، نووسەرو چالاكوان و بەڕێوبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان، رایدەگێنێت "چەندان نوسین و پەرتوكی چاپكراو توێژینەوەم لەسەر نەهامەتیەكانی بارزانیان و گەلی كورد بڵاوكردونەتەوەو لەبەردەستمدان، یەكێك لەو تاوانانەش كە بەرامبەر بە كوردی باشور كرا لە ئۆردوگای زێوەی رۆژەهەڵاتی كوردستان، كە لەلایەن فڕۆكە جەنگیەكانی رژێمی بەعسی لەناو چوو سەدان پەنابەری شەهید كردو برینداربوون و بوونە قوربانی، هەروەك لە كتێبی: مێژووی جینۆسایدكردنی بارزانیەكان لە سەدەی بیستەمدا ئاماژەم بۆی كردووە".
لەبەردەوامی قسەكانیدا دەشڵێت "لە بەرەبەیانی ڕۆژی 9-6-1985 كاتژمێر (9:15) نۆ و پازدە خولەكی بەیانی، بەرامبەر بە 19ی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، ئۆردووگای (زێوە) ی پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە لایەن (8) لە فڕۆكە شەڕكەرەكانی ڕژیمی لە ناوچووی عێراق بۆمبارانكرا، كە پەنابەرانی كورد لەم ئۆردووگایە داڵدە درابوون، لە چاو تروكانێكدا بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە (140) منداڵ و ئافرەت و پیر و پەككەوتە و برینداربوونی (373) كەس، ژمارەیەكی زۆر لەو شەهید و بریندارانە بارزانی بوون. بووە هۆی ئاوارەبوونەوەی تێكڕای خێزانە پەنابەرەكانی ئەم ئۆردووگایە كە زیاتر لە 17 حەڤدە هەزار كەسی پەنابەر تێدا داڵدەدرابوون، ئاوارەی گوندەكانی دەوروبور بوون بە تایبەتی ناوچەی مەرگەوەر، تەرگەوەرە، درسێ، هاشم ئاباد، دزێ، ڕاژان، بەندێ، شنۆ و نەغەدە(33)...هتد".
گووتیشی "چەند جارێكی تریش لە 1-7-1985 و 6-4-1988 ئۆردووگای زێوە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەلایەن فڕۆكەكانی عێراق و بە ناپاڵم بۆمباران كرا كە چەندین شەهید و برینداری لێكەوتووتەوە. یەكێك لە بۆردوومانەكان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا بووە، پیاو و ئافرەت و منداڵ و كرێكارەكان لە پاڵ ماندوو بوون و پەیداكردنی بژێوی ژیان و دووری لە زیدی باو بابیران، بە دڵێكی پاك و پڕ لە باوەر چاوەری بەسەركردنی ڕۆژەكانی ئەم مانگە پیرۆزە و جەژنی ڕەمەزان بوونە، بەڵام جەلادەكانی بەعس بەمەش نەوەستان و لە جیاتی پێشكەش كردنی شرینی بۆ شكاندنی ڕۆژووەكانیان بە نوقل و فێنكردنەوی دەروونیان بە ئاوی سارد، ناپاڵم و جۆرەها تەقەمەنی پێشكەش كردن و كردیە خۆڕاكیان و جەرگ و دڵی پەناهەندەكان بە ئاگر سوتێنرا!! چ یاسایەك چ مرۆڤایەتیەك ئەم تراژیدیایە پڕ لە ئازارە پەسەند دەكات، مەگەر یەزدان لە ڕۆژی دواییدا، لاپەرەكانی ئەم تراژیدیایە رووبەرووی تاوانبارن بكاتەوە و بە سزای خۆیان بگەینێت!!.
ئەوەش دەخاتەروو "زۆربەی گوندو ناوچەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات گۆڕی بارزانییە ئاوارەكانی لێیە. گۆڕستانی ئۆردووگای زێوە كە زۆربەی هەرە زۆری نێژراوەكان بارزانیە پەناهەندەكانن, لە شاری شنویەش لە ناوچەیەك كە بەناوی بارزان ئاباد ناسراوە، گۆڕستانیكی تایبەت بە بارزانیەكانی لێیە بە ناوی گۆڕستانی (شێخ بابو)".
ئاماژەشی بەوەدا "بارزانیەكی ئاوارە بە ناوی (یاسین خز حەسەن تاتكی) (34) لە دایكبووی ساڵی (1953) بەم شێوەیە بومان دووا: (( لە ساڵی 1975 لە گوندی تاتكێ بە پیادە ئاوارەی وڵاتی ئێران بووین تا گەیشتینە شاری شنوو پاشان لە مزگەوتی شنوو پێشمەرگە لە گەڵ خەڵكی هاووڵاتی دابەش كراین، ئێمەی پێشمەرگە بۆ ئۆردووگای (ڕەوانسەر)ی سەر بە پاڕێزگای كرمانشان ڕاگوێزراین پاش (12) دوانزە ڕۆژ ئێمەیان هێنایە ئۆردووگای زێوە كە خێزان و منداڵە بارزانیەكان لەم ئۆردووگایە نیشتەجێ كرابوون .لە ساڵی1980 فڕۆكەكان ئۆردووگای زێوەیان بۆردوومان كرد دوو شەهید و چەند برینداڕێكی لێكەوتەوە. لە ساڵی 1985 هەشت فڕۆكەی ڕژیمی عێراق، ئۆردووگای زێوەیان بۆردوومان كرد زیاتر لە (370) بریندار و (124) شەهید و كە دواتر ڕێژەی شەهیدەكان گەیشتە (150) شەهید.
لە سەر بانی مزگەوتی ئۆردووگا ئێسك و گۆشتی شەهیدەكانمان كۆدەكردەوە بەردەوام بە دویاندا دەگەڕاین تاكو ئێستاش ئافرەتێكی شەهیدكراو بە ناوی (پیروز محەمەد فەقی بەردەری) گۆشت و ئێسكەكانی نەدۆزراوەتەوە. هەروەك ئاماژەشی بەوەدا "كەهەشت فڕۆكە بوون (2) دوو فڕۆكە وەك پاسەوان لە بەرزاییەوە دیاربوون، هەرجارە و (3) سێ فڕۆكە دادەبەزین و بۆردوومانی ئۆردووگایان دەكرد، پاشان بەرز دەبوونەوە و سێ فڕۆكەكەی تر دادەبەزین و بۆ ردوومانی دەكردین هەرسێ فڕۆكە دووجار دابەزین و بە ناپاڵم بۆردوومانی كردین واتە چوار جار لە ماوەیەكی كەم دا لەلایەن شەش فڕۆكەوە بۆردوومان كراین زۆر باش بەبیرم دێ فڕۆكەكان لە ڕۆژئاوا نزیك سنووری توركیا گوندی (هەلەج) بە دیاركەوتن هەرچەندە نزیك بوون لە سنوری توركیا بەڵام پشت ڕاست بووین كە فڕۆكەكانی عێراق بوون، لەو ساتە بەدواوە خەڵكەكە بە بەردەوامی ئاوارەی گوندەكانی دەوروبەری ئۆردووگای زێوە بوون وەك (مەنسور ئاباد، مەلاباس، هورستان، هێشماوە، نوڤێ، بێراسب، دزێ) و چەند گوندێكی تر.
جارێكی تر پاش كەمتر لە مانگێك واتا لە مانگی (7) حەفت دا بە ناپاڵم بۆردوومانكراین لە لایەن فڕۆكەكانی عێراق خۆشبەختانە ئەم جارەیان تەنها برینداڕێكی لێكەوتەوە كە بەسەختی بریندار بوو، بە هۆی بۆردوومانی پێشوتر ئۆردووگا تا ڕادەیەك چوڵ كرابوو.
لە بەهاری ساڵی 1988 كاتژمێر سێ و پانزدە دەقیقەی پاش نیوەڕو ئۆردووگای زێوە بۆردوومان كرایەوە، ئەمجارەشیان چەند شەهید و بریندارێكی لێكەوتەوە، هەر لە هەمان ساڵدا (سلێڤانە)ش بۆردوومانكرا كە هەندێك لە خانەوادە و شێخانی بارزانی لێ نیشتەجێبوون ئەم جارەشیان (17) حەڤدە لە هاووڵاتی سیڤیل شەهید كران، هەرهەمویان خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات بوون تەنیا (1) یەك لە پەناهەندە بارزانیەكان بە سەختی بریندار بوو بەناوی (ساڵح محەمەد ساڵح سەركێری). پاش سێ چوار ڕۆژ جاڕێكی تر (ڕاژان) بۆردوومان كرا كە چەند برینداڕێكی لێكەوتەوە. مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو كاتەدا بارەگای لە ڕاژان بوو.
ئافرەتێكی تری ئاوارە بە ناوی (بەسێ محەمەد تەها) تەمەن (64) ساڵ خەڵكی گوندی سەفتێ دەڵێت(35):(( لە ساڵی 1975 ئاوارەی وڵاتی ئێران بووین, لە ساڵی 1985 لە ئۆردووگای زێوە فڕۆكەكانی ڕژیمی بەعسی عێراق بۆردوومانیكردین من بە سەختی بریندار بووم ئێستاش جەستەم چەندین ساچمەی تێدایە برینێكی زۆرم هەیە, كوڕێكم بە ناوی (نزمی یاسین عومەر) بە هۆی ئەم بۆردوومانە شەهیدكرا هەتا نەمانتوانی هەموو ئێسك و جەستەی كۆڕەكەم ببینمەوە چونكە پەرت و بڵاو ببوو.

نامەی سەروك "مسعود بارزانی" بۆ خانەوادەیەكی شەهیدانی بۆردوومانی زێوە:

بەرێزان دایك و باوكی شەهیدانی نەمرمان:
كویستان و" لیلی - ریتوان – دلوڤان – هەژار " فتاح عمر
سلاوێكی شوڕشگێڕانە
نامەی ڕۆژی 12-4-1988 تان گەیشت تابلێێ كاری لێ كردین.
ئێوە نموونەی بەوەفاو خۆراگر و دڵسوزی كوردن بەرامبەر بە كارەساتە دلتەزێنەكان، چونكە هەر كوردە تەحەمولی كارەساتی وەها دەكات و ورەی خۆی لە دەست نادات.
سوپاسی هەستی پاك و پڕ سۆزی ئێوە دەكەم ئیوە مایەی شانازیمانن، بەڵێنمان داوە كە تۆڵەی ئەم شەهیدانەمان و گشت شەهیدانی رێگای رزگاری و پێشكەوتنی كوردستان بكەینەوە.
خۆراگری و پشوو درێژی گەلەكەمان نیشانەیەكی ئاشكرای ئۆمێد و سەركەوتنی تەواومانە.
لەگەل رێز و سوپاسماندا، هەر ساخ و سەرفرازبن.
ئیتر بۆ پێشەوە
براتان مسعود بارزانی
21 - 4 - 1988

زۆرترین بینراو