زەوی بەسـەر كەسوكاری شەهیـدان دابـەش دەكرێت و مووچـەیان هاوتای بـەغـدا دەبێ

زەوی بەسـەر كەسوكاری شەهیـدان دابـەش دەكرێت و مووچـەیان هاوتای بـەغـدا دەبێ

تایبەت بە زاری كرمانجی: ئەندامی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی كوردستان بە زاری كرمانجی گووت" پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان دەستی پێ كردووە و تا یەك كەسوكاری شەهید مابێت، دابەشكردنەكە بەردەوام دەبێت".
لە بارەی هێنانەوەی روفاتی ئەنفالكراوەكانیش گووتی:" بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەلەكان و هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالەكان بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لەسەر خەت دەبین، هەر شتێكمان لە دەست بێت بۆ دۆزینەوە و گەڕانەوەی رووفاتی ئەنفالەكان دەكەین".
ژیان تاهیر دۆسكی، ئەندامی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند" بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، كە پێویستە هەریەك لە كەسوكاری شەهیدان پارچەیەك زەویەك وەربگرێت، پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی دەستی پێ كردووە، تا یەك خانەوادەی شەهید مابێت پڕۆسەكە بەردەوام دەبێت، هەر وارسێكی شەهید دەبێت یەكەی نیشتەجێ بوون یان پارچە زەوییەكی پێ بدرێت، ئەگەر تا ئێستا وارسی شەهید وەری نەگرتبێت رەزامەندی لەسەر دراوە، بەڵام كێشە نەبوونی زەوییە، بۆ نموونە لە دهۆك هیچ پارچە زەوییەك نەماوە كە بەسەر كەسوكاری شەهیداندا دابەش بكەین، دەبێت لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و كشتوكال ئەو كێشەیە چارە بكرێت، ئەو كات پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیداندا دابەش دەكرێت، ئەگەرنا پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیداندا بەردەوامە، جگە لە نەمانی زەوی هیچ رێگرییەكی دیكە نییە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی كوردستان لە بارەی هاوتا كردنی مووچەی شەهیدان لە عێراق گووتی" هەوڵدەدەین لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان یاسای شەهیدان هەموار بكەینەوە، لەگەڵ ئەوەی هەوڵدەدەین مووچەی شەهیدانی كوردستان وەك شەهیدانی عێراق لێ بكەین، یاسای عێراقی زۆر لە بەرژەوەندی كەسوكاری شەهیدان لە كوردستان نییە، ئەگەر ئێمە ئەو یاسایە جێبەجێ بكەین، 60% شەهیدانی ئێمە مووچەكانیان دەبڕدرێت".
نەشی شاردەوە كە " حكوومەتی عێراق داوا دەكات وەزارەتی شەهیدان نەمێنێت، ئەوەش بە هیچ شێوەیەك جێگەی قبوڵ نییە".
ژیان تاهیر دۆسكی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" بۆ بە جینۆساید ناساندن و ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە گەلی كورد كراون، لە هەوڵەكانمان لەگەڵ حكوومەتی عێراق بەردەوام دەبین، یاسای سزادانی عێراق هیچ ماددەیەكی تێدا نیە بەناوی جینۆساید، بۆیە لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین كە لەو یاسایەدا باسی جینۆساید بكرێت، لەگەڵ ئەوەی عێراق لە دادگای لاهای ئەندام نیە، كە لەو دادگایەدا باسی جینۆساید بكرێت و ئیعترافی پێ بكرێت".
لە كۆتاییدا ژیان تاهیر دۆسكی، ئەندامی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد:"بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالەكان بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لەسەر خەت دەبین، هەر شتێك لە دەست ئێمە بێت بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی رووفاتی ئەنفالەكان دەكەین".

زۆرترین بینراو