سرووشتی دەڤەری بارزان لە پەرلەمانی عێراق نیشاندەدەم

سرووشتی دەڤەری بارزان لە پەرلەمانی عێراق نیشاندەدەم

رەمەزان هەرنی – مێرگەسۆر : فۆتۆگرافەری پیشەیەكی نوێ نیە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایی دا فۆتۆگرافەران زیاتر دەبینرێن و بە رادەیەك ئێستا لە كوردستان رێكخراوی فۆتۆگرافەران و چەندین گرووپ هەن تایبەت بە فۆتۆ زیاتریش فۆتۆگرافەری سرووشتین.
ناسر تاهر, فۆتۆگرافەری دەڤەری مێرگەسۆر بە زاری كرمانجی گوت:" بۆ ماوەی پازدە ساڵە كاری فۆتۆگرافەری و ڤیدیۆ دەكەم, بەشداری پێشانگای فۆترگرافەری بووم كە پێشبركێ بوو بۆ شەش فۆتۆگرافەری دەڤەرەكەمان و توانیم پلەی یەكەم بەدەستبێنم لەو پێشانگایە و پێشانگای تایبەت بە خۆم كردۆتەوە كە ئەو دوو پێشانگا تایبەتەی من لەلایەن بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری مێرگەسۆر كراونەتەوە.
ناسر، گوتیشی:" كاری فۆتۆگرافەری زۆر شتی لە ژیانم دا زیادیكردووە شانازی بە كارەكەمەوە دەكەم زۆر چێژ بەخشە ئەو كاتە زۆر دڵم خۆشە كە كامێرام لەدەستدایە, كاری من گرتنی وێنەی گشتییە حەزم لە گرتنی وێنەی هەمە جۆرە بەتایبەت وێنەی سرووشت و ژینگەی دەڤەری بارزان، بەڵام لەبەر نەبوونی كاتی پێویست زۆر دەرچوونم نیە بۆ ناو سرووشت.
ناسر ئەوەشی خستەڕوو:" خۆشترین كات بەسەر دەبەم لە ناو سرووشتی دەڤەری بارزان كاتێك وێنەی سرووشتی دەگرم بەهۆی ئەوەی ناوچەی بارزان زیاتر لە سەدەیەكە نمونەی ژینگەپارێزییە بە هەزارەها فۆتۆ ئەو جوانیە تەواو نابێت كە پێشانبدرێت.
فۆتۆگرافەر ناسر ئەوەشی گوت:" تا ئێستا هیچ فۆتۆیەكم نەفرۆشتوە بەهۆی ئەوەی فرۆشتن لە كوردستان نەبۆتە كولتور، بۆمن وەك فۆتۆگرافەر فرۆشتنی وێنە زۆر گرنگە بەڵام بەداخەوە لە كوردستان هیچ گرنگی بە فۆتۆ نادرێت هیوادارم هەڵواسینی وێنەی سرووشتی ببیتە كولتور لە هەموو ماڵێك وێنەیەكی سرووشتی هەبێت.
ناسر جەختی لەوەشكردەوە:" تا ئێستا زۆر كامێرام كڕیوە، بەڵام ئەوەی زۆر گرانم كڕیوە بە 4600 دۆلاۆ بووە واتە 46 وەرەقە، بەڵام سەرەرای ئەمەش هۆكاری ئەوە نازانم بۆ لە كوردستان گرنگی بە فۆتۆ نادرێت بەتایبەتی فۆتۆی سرووشتی، سەرەڕای ئەوەی هەندێك جار توشی كێشە بوومە، بەڵام بە گرنگ وەرم نەگرتووە تا ببنە رێگر لەبەردەم كارەكەمدا.
فۆتۆگرافەر ناسر ئەوەشی روونكردەوە:" لە بەرنامەم دایە وەك فۆتۆگرافەر و كوڕە ئەنفالێكی دەڤەری بارزان لە ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق پێشانگایەكی فۆتۆی سرووشتی تایبەت بە دەڤەری بارزان بكەمەوە".

زۆرترین بینراو