سنوورێكی گەشتیاری و بازرگانی دەبێت و گرنگیەكی زۆری دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان

سنوورێكی گەشتیاری و بازرگانی دەبێت و گرنگیەكی زۆری دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان

دەروازەیێكی دیكەی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكرێتەوە، دەروازەكە لە سنوری پارێزگای هەولێر و هەكاری دەبێت. خەڵك سوودێكی زۆر لە كرانەوەی سنوورەكە دەبینێت، سنوورێكی گەشتیاری و بازرگانی دەبێت و گرنگیەكی زۆری دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان، كەرتی ئابووری دەبووژێتەوە، خەڵكێكی بێكار سوود لەو سنوورە دەبینێت، لەگەڵ ئەوەی هاتووچۆی هاووڵاتیان لە نێوان هەرێم و وڵاتی توركیا زۆر ئاسانتر دەبێت.
لە ساڵی 2014، دەروازەی سنووریی زێتێ بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاریی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە دەڤەری بارزان ڕەزامەندیی كرانەوەی وەرگیرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش كارەكانی وەستێنران.
هەرێمی كوردستان و توركیا ئێستا لەڕێگەی هەردوو دەروازە سنوورییەكانی ئیبراهیم خەلیل و سەرزێڕ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری دەكەن. مێرگەسۆر‌یش دەبێتە خاڵی بە یەك گەیشتنی هەولێر و هەكاری. لە 15-8-2018 بڕیاری جێبەجێكردنی دراوە ‌و گوژمەی پێویستیش تەرخانكراوە.
جگە لە سنوری پارێزگای هەولێر، دەروازەی سنوریی زێتێ بۆ بازاڕەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەش نزیكترین دەروازە ‌دەبێت بۆ گواستنەوەی كاڵا توركییەكان.
سنوورەكە دەكەوێتە ناوچەیێكی شاخاوی لە نێوان هەردوو گوندی زێتێ ـی شێروان مەزن و رەزێی رووبارۆكی باكووری كوردستان، بەتەنیا 13 كیلۆمەتر رێگاكە پێویستی بەچاككردن هەیە، بۆ ئەوەی بە بڕینی 240 كیلۆمەتر لە هەولێرەوە بگەیتە شەمزینان.
خەڵكی ناوچەكە پەلەیانە بۆ كردنەوەی سنووری زێتێ، هەر كەس لەوانە كارێكی بۆخۆی دەست نیشان كردووە كە لە سنوورەكەدا بیكەن، چونكە خەڵك سوودی زۆر لە كرانەوەی سنوورەكە دەبینێت.
كۆڤان ڕەشید، بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی: "دووبارە دەست بە دروستكردنی ڕێگای سنووری نێودەوڵەتیی زێت كراوەتەوە، تا ڕێگاكەش تەواو نەبێت ناكرێتەوە، ڕێگاكە 12 كیلۆمەترە و دەبێتە ڕێگایەكی نێودەوڵەتی، ئەوەش پێویستی بەوە هەیە كە ستاندار بێت، بەڵام هەوڵ دەدەین ئەمساڵ تەواوی بكەین."
گوتیشی: "كردنەوەی ئەو سنوورە لە ڕووی جموجووڵی بازرگانی و گەشتیارییەوە گرنگیی خۆی هەیە، كەرتی ئابووری دەبووژێتەوە، خەڵكێكی بێكار سوود لەو سنوورە دەبینێت، هاتووچۆی هاووڵاتیان لە نێوان هەرێم و وڵاتی توركیا زۆر ئاسانتر دەبێت، بە حوكمی ئەوەی رێگاكە كورت دەبێتەوە، هەتا لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئەمنییشەوە گرنگیی خۆی هەیە و، پارێزگای هەولێر بە باكووری كوردستانەوە دەبەستێتەوە، ئەوەش وا دەكات كە جموجووڵی گەشتیاری و بازرگانی لەو سنوورە ڕۆژ بۆ ڕۆژ زیاد ببێت".
كۆڤان ڕەشید، ئاماژەی بەوەشكرد:" هەبوونی پەكەكە لەناوچەكە بۆ سنوورەكەش كێشەیە، بەڵام بە كردنەوەی رێگاكە رەنگە كێشەكە كەم ببێتەوە، چونكە ناوچەكە ئاوەدان دەبێتەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن ئاشكراشی كرد:"چەند پرۆژەیەكی دیكەی رێگاوبان لە سنووری ناحیەی شێروان جێبەجێ دەكرێن كە هەندێك پرۆژەی دیكەمان لەبەر دەستە، بەڵام تا ئێستا دەست پێ نەكراون، بۆ نموونە نۆژەنكردنەوەی رێگای سێڵكی- مێرۆز، كە 9 كیلۆمەترە ئەو پرۆژەیە لەبەر دەستی ئێمەدایە.

زۆرترین بینراو