سه‌رۆككۆماری توركیا پێشوازی له‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەکات

سه‌رۆككۆماری توركیا پێشوازی له‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەکۆشکی کۆماری لەئەنقەرە پێشوازی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ تاوتوێكرا و جه‌خت له‌ پێشخستنی په‌یوه‌ندییەکانی هه‌ولێر و ئه‌نقه‌رەو رۆڵی هه‌رێمی كوردستانی له‌ سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ كرایه‌وه.‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان فاکتەری سەقامگیریی ئاسایش و ئارامی ده‌بێت له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ و خواستی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی په‌یوه‌ندییەکان، به‌ تایبه‌ت له‌ بواره‌كانی بازرگانی و ئابووری پیشاندا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌کیشدا له‌گه‌ڵ مەولوود چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، گفتوگۆ له‌ باره‌ی پێشهاتەکانی ناوچەکە و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان كرا، بە تایبەت بابەتە پەیوەندیدارەکانی بواری بازرگانی و ئابووری. لە دوای ئەو کۆبوونەوەیە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا و باسیان لە وردەکاری کۆبوونەوەکە کرد و وەڵامی رۆژنامەنووسانیان دایەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکدا گووتی، گفتوگۆی گرنگی لەسەر ئاستەکانی سیاسی و ئابووری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەنجامداوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر گرنگی بەرقەرارکردنی ئاسایش لەناوچەکەدا کردەوە و روونیکردەوە، سەقامگیری لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق بەدیھاتووە، بە ئاراستەی چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان.
سەرۆکی حکوومەت ستایشی هاوکاری حکوومەتی تورکیای لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان لە بارەی میوانداریکردنی پەنابەرە سوورییەکان کرد و هیوای خواست خۆویستانە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، نەک بە زۆرەملێ.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا، سەرۆک وەزیران رایگەیاند هەرێمی کوردستان پەیوەندی زۆر گرنگی لەگەڵ تورکیا هەیە و گوتی نابێت خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن هیچ گرووپێکەوە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەم (نۆڤێمبەر) 2019 گەیشتە ئەنقەرە، وەک یەکەمین سەردانی فەرمی بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیران.

زۆرترین بینراو