سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌خۆشى له‌ بنه‌ماڵه‌ى د. شه‌فیق قه‌زاز ده‌كات

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌خۆشى له‌ بنه‌ماڵه‌ى د. شه‌فیق قه‌زاز ده‌كات

زۆر بە داخەوە هەواڵی کۆچی دواییی نووسه‌ر و ڕووناکبیر و سیاسه‌تمه‌داری دیاری كوردستان (د. شەفیق قەزاز)م پێگەیشت. خوالێخۆشبوو لەو تێكۆشه‌ر و ڕۆشنبیرە پێشەنگ و دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ بوو، كه‌ هەموو ژیان و تەمەن و توانای خۆی بۆ خزمەتی كوردستان لە شۆڕش و خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی و ڕووناکبیری و ئه‌کادیمیدا بەسەر برد و خزمه‌تێكی زۆر‌ی پێشكه‌ش به‌ گه‌ل و وڵاته‌كه‌ی كرد.

خوالێخۆشبوو له‌ سه‌رده‌می شۆڕشدا دیپلۆماتكارێكی به‌توانا و لێهاتوو و له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا وه‌زیرێكی سه‌ركه‌وتووی كارامه‌ بوو، له‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌كادیمیای كوردی و له‌ بواری نووسین و ڕۆشنبیریشدا خزمه‌تێكی به‌رچاوی پێشكه‌ش كرد و جێپه‌نجه‌ی به هه‌موو ئه‌و بوارانه‌وه‌ دیاره‌، كه‌ خزمه‌تی تێدا كردووه‌.

به‌م بۆنه‌ خه‌مناكه‌وه‌، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکارە بەڕێزەکەی دەکەم و هاوسۆز و هاوبەشی خەم و په‌ژاره‌یانم، لە خوای مەزن داواکارم گیانی خوالێخۆشبوو بە به‌زه‌یی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و سەبووری و ئارامی بە هه‌مووان ببه‌خشێت. یادی ئه‌و بۆ هه‌میشه‌ به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌.

 

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

23/10/2020

زۆرترین بینراو