سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌دواداچوون بۆ دوایین پێشهاته‌كانی په‌تای كۆرۆنا ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌دواداچوون بۆ دوایین پێشهاته‌كانی په‌تای كۆرۆنا ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان وه‌زیرانی ناوخۆ و ته‌ندروستی، پارێزگارانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رپه‌رشتیارانی هه‌ردوو ئیداری گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین، به‌دواداچوونی بۆ دوایین پێشهاته‌كانی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا كرد‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 7/4/2020 سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان، دوایین پێشهاته‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕێكاره‌كانی حكوومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یونداره‌كانی بۆ ڕێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری په‌تاكه‌ تاوتوێ كرد و له‌ دۆخی پارێزگاكان و هه‌ردوو سنووری گه‌ر‌میان و ڕاپه‌ڕین و به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كان و پێداویستی و كه‌موكورییه‌كان و كاریگه‌ریی ده‌رهاویشته‌ و لێكه‌وته‌كانی په‌تاكه‌ی له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانی پرسییه‌وه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاس و ده‌ستخۆشی له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ته‌ندروستی و پارێزگا و ئیداره‌كان و یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان و پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و ته‌واوی هێزه‌كانی ناوخۆ و كارمه‌ندانی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و هه‌موو ئه‌وانه‌ كرد كه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌دا‌ به‌شدارن و هه‌موو هه‌وڵێك بۆ كۆنترۆڵكردنی ده‌ده‌ن.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها سوپاسی هاووڵاتییانی كرد كه‌ پابه‌ندی ڕێنماییه‌كانن بۆ خۆپاراستن و داوای كرد هه‌مووان تا ئه‌وپه‌ڕی به‌رده‌وام بن له‌ پابه‌ندی و هاوكاریی هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌ت بكه‌ن بۆ ڕێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری په‌تاكه، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ ڕێكار و ڕێنماییه‌كان و پابه‌ندیی هاووڵاتیان تا ئێستا ئه‌نجامی باشی به‌ده‌سته‌وه‌ داوه‌ و هیوای خواست به‌ هاوكاریی هه‌موو لایه‌ك ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ش تێپه‌ڕێنرێت.

زۆرترین بینراو