سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ جێنین پلاسخارت كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ جێنین پلاسخارت كۆبووه‌وه‌

زاری كرمانجی - هەولێر : پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28/4/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ خاتوو جێنین پلاسخارت نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌ڕێز د. ئه‌دهه‌م ئیسماعیل نوێنه‌ری ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی (WHO) له‌ عێراق ئاماده‌ی بوو، هه‌ردوولا دۆخی سیاسیی عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی فیدراڵ و دوایین پێشهاته‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنایان تاوتوێ كرد.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای دابینكردن و پاراستنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی، پشتگیری له‌ به‌ڕێز مسته‌فا كازمی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی فیدراڵیی عێراق ده‌كات‌ و هیوای خواست بتوانیت له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا حكوومه‌ته‌كه‌ی پێكبهێنێت، هه‌روه‌ها ڕۆڵی نوێنه‌رایه‌تیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی له‌ عێراق بۆ هاوكاریی عێراقییه‌كان له‌ پرسی پێكهێنانی حكوومه‌ت و ڕاسته‌ڕێكردنی دۆخی سیاسیی وڵات به‌رز نرخاند.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا دۆخی داراییی عێراق و بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی فیدراڵی عێراقه‌وه‌ خسته‌ به‌ر باس و له‌مباره‌یه‌وه‌‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ناكرێت مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكرێنه‌ پرسێكی سیاسی و ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به‌غدای به‌ كارێكی ناده‌ستووری و نایاسایی له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها داوای له‌ نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، ڕۆڵی خۆی بگێرێت.

دوایین پێشهاته‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاوه‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا به‌ڕێز نوێنه‌ری ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی (WHO) چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌رز نرخاند و له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق سوپاس و ده‌ستخۆشییان له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان كرد، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانییش سوپاسی ڕێكخراوه‌كه‌ی كرد بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

زۆرترین بینراو