سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ پارێزگاری كه‌ربه‌لا كرد

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ پارێزگاری كه‌ربه‌لا كرد

زاری كرمانجی - پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 15/10/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كورستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز نصیف جاسم الخگابی، پارێزگاری كه‌ربه‌لا كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز پارێزگاری كه‌ربه‌لا پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی دۆخی پارێزگاكه‌ به‌تایبه‌تی له‌ڕووی گه‌شتیاریی ئایینییه‌وه‌ خسته‌ ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ ئارامی و سه‌قامگیریی كه‌ربه‌لا، ڕیخۆشكه‌ره‌ بۆ سه‌رمایه‌گوزاری و وه‌به‌رهێنانی ناوخۆیی و بیانی و پارێزگاكه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامی فراونبووندایه‌. هه‌روه‌ها به‌ڕێزیان ستایشی ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی كه‌رتی تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌ بواری وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریدا كرد كه‌ ده‌كرێت بۆ كه‌ربه‌لا و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراقیش سوودی لێ وه‌ربگیرێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا هه‌ماهه‌نگیی پارێزگاكان و حكوومه‌تی فیدراڵ و گرنگیی شۆڕكردنه‌وه‌ی زیاتری ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ پارێزگاكان خرایه‌ به‌ر باس تا بتوانن خزمه‌تی باشتر پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیان بكه‌ن و كار و پڕۆژه‌كان خێراتر ئه‌نجام بدرێن.

له‌ كۆتاییی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی، بانگهێشتێكی به‌ڕێز پارێزگاری كه‌ربه‌لای بۆ سه‌ردانی پارێزگاكه‌ قبووڵ كرد و هیوای خواست له‌ كاتێكی گونجاوی داهاتوودا سه‌ردانی كه‌ربه‌لا بكات.

زۆرترین بینراو