سه‌رۆك ماكرۆن پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ده‌كات

سه‌رۆك ماكرۆن پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ده‌كات

له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێزیان كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ كار و ئه‌ركی نوێیدا، پشتگیریی فه‌ڕه‌نسایشی بۆ به‌ڕێزیان و هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

له‌ نامه‌كه‌یدا بۆ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك ماكرۆن نووسیویه‌تی:

ڕێزدار جەنابی سەرۆك،

دەمەوێت گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز بكەم بە بۆنەی هەڵبژاردنتانه‌وه‌ بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق و هیوای سەركەوتنی تەواوتان بۆ دەخوازم لە بەجێگەیاندنی ئەم بەرپرسیارییەتییە گەورەیەدا.

دەستبەكاربوونتان قوناغێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ هەموو عێراق كە لە سەروبەندی سەقامگیركردن و ئاشتەواییی كومەڵایەتیدان. دڵنیام ئەزموونی بەڕێزتان لە بەرپرسیاریه‌تییه‌كاندا و هەستی بەڕێزتان بۆ دەوڵەتمەداری، یارمەتیدەر دەبن بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەركە نوێیەتان كە فەڕەنسا پشتگیریی تەواوی لێ دەكات.

فەڕەنسا و كوردستانی عێراق لە ڕێگای پەیوەندیی مێژوویییه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدراون و جەنگی هاوبەشی دژی داعش ئەم پەیوەندییانەی پتەوتر كرد. دەمەوێت بەتایبەتی سوپاسگوزاریی خۆم بە ئێوە ڕابگەیه‌نم بۆ ئەو هەموو قوربانیانەی لەلایەن پێشمەرگەوە بەخشراون، هەروەها بۆ ئەو هەوڵە بێ‌ وێنەیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ پێشوازیكردن لەو ئاوارانەی لە دەستی بەربەرییەتی جیهادییەكان ڕایان كرد. ئێوە ئاگاداری پابه‌ندیی ئێمەن سەبارەت بە ئاواتی كورد لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوو، فیدڕال و دیموكراتدا. بە ناوی ئەم پەیوەندییە تایبەتەوە بوو كە فەڕەنسا بەشداری كرد لە هاندانی چارەسەركردنی ئەو قەیرانەی دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دروست بوون. ئەمڕۆ، ئێمە خۆشحاڵین بە قوڵبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەروەها ئەو ڕێككەوتنانەی لە سایەی ئەم دینامیكییتەوە كراون لە بەرژه‌وەندیی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی هەموو عێراقدا.

سه‌رۆك ماكرۆن له‌ كۆتاییی نامه‌كه‌یدا بۆ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی نووسیویه‌تی:

هیواخوازم بتوانین پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەكانی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بدەین، بەتایبەتیش لەو بوارانەی كە خەڵك لە یەكتری نزیك دەكەنەوە: لە بوارەكانی ئابووری، كولتووری، پەروەردەیی. ئێوە لەم چوارچێوەیەدا ده‌توانن پشت بە دەسەڵاتدارانی فەڕەنسی ببەستن.

تكا لە ئێوە دەكەم جەنابی سەرۆك كە بڕوا بە ستایشی بێپایانم بكەن.

ئه‌م نامه‌یه‌ی سه‌رۆك ماكرۆن بۆ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 13/6/2019 له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن به‌ڕێز دۆمینیك ماس، كونسولی گشتیی فه‌ڕه‌نساوه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، گه‌یه‌نرایه‌ به‌ڕێزیان.

زۆرترین بینراو